لە دایكبووى هەلەبجە-كوردستانى عيراق. نووسەر و روژنامەنووس، بایەخ بە بابەتە فیكرى و سیاسی و ئەخلاقی-ئینسانییەكان دەدات. سەدان وتار و ليكولینەوەى بە زمانەكانى كوردى و عەرەبی بلاو كردووەتەوە. تا ئيستە 7 كتيبی چاپ و بلاو كراوەتەوە، ئەوانیش: - مافى ئافرەت لە نيوان رەگەزسالارى و مروڤسالاریدا. - بەئایدیولوژیاكردنى ئاین. - جەدەلى ئیسلامى و عەلمانى. - ئەخلاق لە سیاسەتدا. -مروڤایەتیمان لە بوسەى ئایدیولوژیادا. - ئاین لە فیكرى مەسعود محەمەددا. - گوتارى ئاینى لەژير وردبیندا. *** *** *** عمر علي غفور، كاتب كردي من كوردستان العراق، من مواليد مدينة حلبجة. مهتم و كاتب بالقضايا الفكرية و السياسية و الانسانية، نشر له العديد من البحوث و الدراسات و المقالات باللغتين الكردية و العربية، بعضها على شكل كتب، حيث صدر له حتى الان 7 كتب باللغة الكردية.

السبت، 10 أكتوبر 2009

* كاتێ جیاوازى ئینتیما رۆحى مرۆڤایەتیى مرۆڤ دەكوژێ

عومەر عەلى غەفور

هەستى مرۆڤایەتى" یاخود "هەستى ئەخلاقى" لەو هەستە رۆحییانەى نێو ناخى مرۆڤە كە واتاى بە ژیان بەخشیوە و رێى لەوە گرتووە هەستە شەهوانییەكانى مرۆڤ تروسكایى ئومێد و پاكژى لە مێژووى مرۆڤایەتیدا بكوژێننەوە.

مەبەستیش لەم هەستە ئەو سۆز و خۆشەویستییە گەردوونییەیە كە لە ناخى مرۆڤدایە بەرامبەر بە مرۆڤەكانى تر بەبىَ لەبەرچاوگرتنى جۆرى ئینتیمایان لە ئاین، رەنگ، زمان، حزب...هتد. فەیلەسوفان و عارفان "مێشك"یان بە مەڵبەندى "عەقڵ" و "دڵ"یشیان بە مەڵبەندى ئەم هەستە بلورییە داناوە.
ئەم هەستە وێڕاى پلیشانەوە و پەراوێزخرانى بەردەوامى لە گەرمەى ململانێ شەهوانییەكانى نێوان تاك و گرووپە جیاوازەكانى مرۆڤ و سەردەستەبوونى نەزعە عەقلاَنى و بەرژەوەندگەراییەكان لە رەنگڕێژكردنى رەوتى رووداوەكانى مێژوو، بەلاَم وەك بەهایەكى گەردوونى پارێزگارى لە بایەخ و حورمەتى خۆى لە قولاَیى قووڵى ناخى مرۆڤەكاندا كردوە و بە دەگمەن نەبىَ كەسێك نیە راستەوخۆ دژایەتی بكات.
چەندە بتوانین لە بەدواداچوون و داكۆكى لێكردنى بەرژەوەندى و خواستە زاتیەكانماندا هاوسەنگیى لە نێوان زات و بابەت، لە نێوان بەرژەوەندى خود و بەرژەوەندى ئەویدى، راگرین هێندە ئەو هەستە مرۆڤایەتییە دەبوژێتەوە و ژیان لە كارەسات و تاوان و ناعەدالەتى دوور دەبىَ. دیارە بە پێچەوانەشەوە. كارەسات و ستەمە جەرگبڕەكانى كۆن و نوىَ بەرهەمى ئەو عەقڵیەتە خۆپەرستە و خۆدابڕینە لە كاریگەریى ئەو هەستە ئەخلاقى و مرۆڤایەتییە.

دەست بەردان لەو بەها ئینسانییانە لە تێڕوانینمان بۆ ژیان و رووداوە دوور و نزیكەكانى دەوروبەرمان و خۆسپاردنى رەهامان بە نەزعە خودییەكان هەندىَ جار سەردەكێشىَ بۆ كوژاندنەوەى ئەو روناكییە گەردوونییە لە ناخماندا، كە پێویستییەكەى بۆ بوونمان لە پێویستى خۆر بۆ ژیان كەمتر نیە و واى لێدىَ بىَ ئەوەى بە خۆمان بزانین دەبینە مرۆڤگەلێكى دڵڕەق و دوور لە سۆز و خۆشەویستى.
كاتىَ بابایەك حزبەكەى خۆى لێدەبێتە حەقیەقەتى رەها و لە چاویلكەى پێوەر و بەرژەوەندییە تایبەتەكانى ئەو حزبەوە بۆ دنیا و رووداوەكانى دەڕوانىَ و بازنە فراوانترەكانی دیكەى ئینتیماى هاوبەشى وەك وەك نەتەوە و ناوچە و شارستانێتى و مرۆڤایەتى لەبیر دەباتەوە، ئیدى رەنگە قەلاچۆكردنى هەزاران مرۆڤى بەلاوە ئاسایى بىَ ئەگەر پێى وابىَ ئەو تاوانە لە مەودایەكى دوور یان نزیكدا لە بەرژەوەندیى حزبەكەى دەبىَ.
ئەم هاوكێشەیە بۆ نەتەوە و ئاین و مەزەب و بازنەكانی دیكەى ئینتیمایش راستن.
لەسەردەمى شەڕى نێوخۆى لایەنە بەشەڕهاتووەكانى كوردستاندا خەڵكێك هەبوون دەیانوت دەستى سەدام خۆش بىَ خەڵكى گەرمیانى ناوچەى ئەنفال كرد ئەگینا فلاَن لایەن ئێستا دەیخواردین! هەبوو دەستخۆشى لە سەدام دەكرد كە بارزانییەكانى سەرنگون كرد ئەگینا ئێستا وەزعمان شڕ بوو، هەبوو دەیوت دەستى سەدام خۆش هەڵەبجەى كیمیابارن كرد ئەگینا وا و وا دەبوو.
كاتىَ هێزە ئەمریكى و عێراقیەكان رۆژانە سەدانیان لە لایەنگرانى موقتەدا سەدر و لەگەڵ ئەوانیش سەدان ژن و منداڵیان لە شارەكانى ناوەڕاست و باشور دەكوشت هەندىَ نووسەر و دەزگاى راگەیاندنى لاى خۆمان شاگەشكە دەبوون، چونكە ئەوانەى دەكوژران عەرەب بوون.

لەو كاتەى ساڵى پار فرۆكەكانى ئیسرائیل بەشێوەیەكى دڕندانە بۆ ماوەى 22 رۆژ بردمانى چڕ و بێڕەحمانەى كەرتى غەزەى فەلەستینى دەكرد و زیاتر لە 1000 كەسى كوشت و زیاتر لە 5000 كەسیشى لە چەكدار و مەدەنى فەلەستینى بریندار كرد، خەڵكێك لە كوردستان نەك دڵى بە دیمەنى ئەو قەسابخانەیە دانەدەخورپا بەڵكو بە ئاشكرا دەستخۆشى لە جەلاد دەكرد، هەر لەبەرئەوەى عەرەبن یان ئۆپەراسیۆنەكە بۆ لەناوبردنى حەماسى ئیسلامییە كە غەززەى لەژیر دەستدایە.
ئەمانە و دەیان نموونەى لەم جۆرە وێنەى زیندووى ئەو حاڵەتى "دڵمردن"ەى مرۆڤن كە بە پلەى یەكەم بەرهەمى مامەڵەكردنێكى ناتەندروستە لەگەڵ ململانێى پێكهاتە جیاوازەكانى كۆمەڵگە و جیهان و بەركەنارخستنى رۆڵى دڵە لە دیاریكردنى جۆرى ئەو مامەڵەیەدا.
ئەڵبەت ئینتیماى مرۆڤ بۆ حزب و نەتەوە و ئاین و مەزەبێك كاریگەرى و رەنگدانەوەى لەسەر رەفتار و بیركردنەوەى ئەو كەسە بەجێدێڵىَ، ئەوەش لە سنوورى خۆیدا سروشتییە، بەلاَم ناسروشتى ئەوەیە ئەو كاریگەرییە بە جۆرێك بىَ رۆحى مرۆڤایەتیى مرۆڤ بكوژىَ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق