لە دایكبووى هەلەبجە-كوردستانى عيراق. نووسەر و روژنامەنووس، بایەخ بە بابەتە فیكرى و سیاسی و ئەخلاقی-ئینسانییەكان دەدات. سەدان وتار و ليكولینەوەى بە زمانەكانى كوردى و عەرەبی بلاو كردووەتەوە. تا ئيستە 7 كتيبی چاپ و بلاو كراوەتەوە، ئەوانیش: - مافى ئافرەت لە نيوان رەگەزسالارى و مروڤسالاریدا. - بەئایدیولوژیاكردنى ئاین. - جەدەلى ئیسلامى و عەلمانى. - ئەخلاق لە سیاسەتدا. -مروڤایەتیمان لە بوسەى ئایدیولوژیادا. - ئاین لە فیكرى مەسعود محەمەددا. - گوتارى ئاینى لەژير وردبیندا. *** *** *** عمر علي غفور، كاتب كردي من كوردستان العراق، من مواليد مدينة حلبجة. مهتم و كاتب بالقضايا الفكرية و السياسية و الانسانية، نشر له العديد من البحوث و الدراسات و المقالات باللغتين الكردية و العربية، بعضها على شكل كتب، حيث صدر له حتى الان 7 كتب باللغة الكردية.

الاثنين، 5 أكتوبر 2009

* با كۆمەڵ و یەكگرتوو بەپێشگریمانەكانیاندا بچنەوە

عومەر عەلى غەفور
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى كوردستان لە مانگى یەكى 2005دا، كە یەكگرتووى ئیسلامى لەگەڵ لیستى هاوپەیمانیى كوردستان دابەزى و كۆمەڵى ئیسلامی بەجیا دابەزى و 6 كورسی بەدەست هێنا، لە راگەیاندنى یەكێتى و پارتیدا باس لەوە دەكرا كە لایەنگرانى یەكگرتوو دەنگیان بە كۆمەڵ داوە.هەمان حاڵەت، بەڵام بەپێچەوانەوە، لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراق لە مانگى دوازدەى 2005 دووبارە بوویەوە، كە كۆمەڵ لەگەڵ لیستى هاوپەیمانى و یەكگرتوو بەجیا دابەزی و 5 كورسیى بەدەست هێنا، لێرەدا باس لەوە دەكرا كە ئەندامانى كۆمەڵ دەنگیان بەیەكگرتوو داوە.لە هەردوو كاتەكەدا ئەم تۆمەتە لەلایەن كۆمەڵ و یەكگرتووەوە رەت كرایەوە.
لە هەڵبژاردنەكەى 2005دا بزوتنەوە 10 هەزار دەنگێكى هێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوە توانى 27 هەزار دەنگ بێنێ (كە ئەو بازدانە بەبەراورد لەگەڵ لاوازیى بوون و چالاكیى ئەو حزبە جێى پرسیار و گومانە).
لە بەرامبەردا یەكگرتووى هێزى سێیەم و ركابەرە سەرسەختەكەى یەكێتى و پارتى لە چارەكى كۆتایى نەوەدەكان و كۆمەڵى ئیسلامى، كە لە قۆناغێكى زۆر دژوارى پێشتردا توانى 6 كورسی بەدەست بێنێ، نەیانتوانى 15 كورسییەكەى جارانیان بێننەوە، ئەمە لەكاتێكدا سەركردەكانیان بەمتمانەوە دەیانوت ئێمە هێزى دووەم و ركابەرى دەسەڵاتین و 25 تا 30 كورسی دێنین. ئێستا كۆمەڵ و یەكگرتوو كە سەركەوتوو نەبوون لەوەى دەست بەو خەڵكەوە بگرن كە متمانەیان پێیان هەبوو و ببنە جێئومێدى شەقامى ناڕازیى كوردى، لە برى ئەوەى بوێرانە وەك رەجەب تەیب ئەردۆگان دان بە هەڵەكانى خۆیاندا بنێن و هۆكارەكانى ئەو شكستە مێژوییە دیاری بكەن و بەڵێنى بەخۆداچوونەوە و چاكسازیى بدەن، دەستیان داوەتە یەكتر تۆماركردن، بەرپرسێكى یەكگرتوو دەڵێ لایەنگرانى كۆمەڵ دەنگیان بە بزوتنەوە داوە، بەرپرسێكى كۆمەڵیش دەڵێ لایەنگرانى یەكگرتوو دەنگیان بە گۆڕان داوە.
ئەز لە 2005 پێم وا بوو حەساسیەتى حزبیی نێوان كۆمەڵ و یەكگرتوو رێ بەوە نادات دەنگ بە یەكتر بدەن، بەڵام دواتر هەندێ حاڵەتم بیست كە پێچەوانەى بۆچوونەكەى منى دەگەیاند، لەبەرئەوە بە دوور نازانرێ لە هەڵبژاردنى ئەم جارەیشدا شتى وا رووى دابێ، بەتایبەت كە محەمەد بازیانى وتەبێژى بزوتنەوە لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردندا باسى لەوە دەكرد ئەندامانى كۆمەڵ و یەكگرتوو پێوەندییان پێوە دەكەن.
بەهەرحاڵ ئەگەر راست بێ لە 2005دا شتێكى لەو جۆرە بەبەرفراوانى رووى دابێ، ئەوە ئەو كارە هەر پاساوێكى بۆ بهێنرێتەوە، واى لە هەر یەك لە كۆمەڵ و یەكگرتوو كردوە كە قەبارە و قورسایى خۆیان گەورەتر لەوەى لە واقیعدا هەیە بینن و لێرەشەوە هەر یەكەیان پێى وا بێ زۆربەی ئەو دەنگانەى ئەم جارە هاتووە هى حزبەكەى ئەوە، ئەمە لە كاتێكدا رەنگە ئەوەى لەم جارەدا بەدەستیان هێناوە قەبارەى راستەقینەى خۆیان بێ نەك ئەوەى لە 2005دا هێنایان.
هەردوو حزبەكە لە خوێندنەوە و راڤەیان بۆ ئەو پاشەكشەیە چەند شتێكیان وەك بەڵگەنەویست وەرگرتووە، لەوانە:
1- پێیان وایە ئەوان لە چوار ساڵى رابردوودا گەشەیان كردووە نەك پاشەكشە.
2- هەریەكەیان پێی وایە ئەو دەنگانەى لە هەڵبژاردنى پێشوودا هێناویەتى هەمووى هی خۆی بووە نەك دەنگى لایەنەكە تر كە لە ناو لیستى هاوپەیمانى بوو.
3- پێیان وایە بەشێك لە لایەنگرانى ئەوى تریان دەنگى بە لیستى خزمەتگوزارى نەداوە. ئیدى ناتوانن قەناعەت بەخۆیان بێنن كە دەشێ ئەو پێشگریمانانەیان وەهم بن و پێچەوانەكەیان راست بێ، واتە:
- ئەوان لەو چوار ساڵەدا نەك گەشەیان نەكردبێ بگرە پاشەكشەیان كردبێ و جەماوەریان دابەزیبێ، بەتایبەت كە لەو ماوەیەدا بوونە بەشێك لە حكوومەت و ئامانجى بەشێك لە توڕەییەكانى خەڵك، ئەمە جگە لەوەى نەیانتوانى لە حكوومەت و پەرلەماندا ببنە هێزێكى كاریگەر كە لە مەسەلە ستراتیجییەكاندا فشار بۆ دەسەڵات دروست بكات. جگە لەوەیش ئەو وەزیر و پەرلەمانتارانەى ئەو دوو حزبەش، وەك ئەوانەى حزبە دەسەڵاتدارەكان، لەرێى ئەو پۆستانەوە بوونە بەشێك لە چینى ئەرستۆكرات و خۆشخۆرى كوردستان و ئەو كەشوهەوا رۆحى و خاكییەیان بەجێ هێشت كە تام و چێژى بەحاڵەتى ئیسلامیبوونى تاكى موسڵمان دەدا.
ئاخر خۆ گەندەڵى هەر تەنیا دزینى پارە و بەرتیلخواردن نیە، هایلایف ژیان لە نازسیتى و ڤێلا و شارى خەونەكان و كۆشكى ئەفسوناویدا لەسەر حسابى دەنگى جەماوەرى رەشوڕووت و دواتر خۆدابڕین لەو جەماوەرە، لانى كەم بەلاى سایكۆلۆژیەتى تاكى ئیسلامییەوە جۆرێكە لە یاخیبوون لە پرنسیپە ئەخلاقى و ریسالییەكانى ئیسلام. بۆچى وا دانانێن كە زۆرێك لە ئەندامان و دڵسۆز و هەوادارەكانیان، كە ئومێدیان بەتواناى ئەوان بۆ ئەنجامدانى گۆڕان كز بووە، پشتیان تێ كردوون؟.
- ئەى بۆ وا دانانێن كە ئەوەى دەوترا كۆمەڵ دەنگى بەكگرتوو، دواتر یەكگرتوو دەنگى بە كۆمەڵ داوە راست بووە و لێرەشەوە رێژەیەكى گەورە لەو دەنگانەى هەریەكەیان هێناویەتى هى حزبەكەى تر بووە (وەك چۆن ئێستە خۆیان دەڵێن هەندێ دەنگى ئەوان بۆ بزوتنەوە و گۆڕان چووە)، بەم پێیەش دەنگى ئەم جارەیان قەبارەى راستەقینەى هەردووكیانە نەك دەنگەكانى 2005.
- جگە لەمەیش، ئەگەر پێیانوایە بەشێك لەم یان لەو حزب دەنگیان بە لیستێكى دووەم و سێیەم داوە، بۆچى لە خۆیان ناپرسن: باشە ئەو ئەندام و هەوادارانەى ئێمە بۆ دەنگیان بە بزوتنەوە یان گۆڕان داوە؟ خۆ ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانى 2005دا دەنگى ئەو لایەنەیان كە لە لیستى هاوپەیمانیدا بوو مسۆگەر بوو و لێرەشەوە بەمەنتیقى میكیافیلیانە(نەك ئیسلامیانە) جائیز بووبێ دەنگ بە حزبە ئیسلامیەكەى دەرەوەى لیستەكە بدرێ، خۆ لەم جارەدا نەك دەنگى هیچ لایەك مسۆگەر نەبوو بگرە بەهۆى ئەو ململانێ سەختەوە تەنیا دەنگێشكیش بۆ لیستى خزمەتگوزارى زۆر بوو، ئەى چى وا لە ئەندامێكى یەكگرتوو یان كۆمەڵ دەكات پشت لە لیستى حزبەكەى خۆی بكات و دەنگ بداتە گۆڕان یان بزوتنەوە؟ چەند لێكدانەوەیەك بۆ ئەمە هەیە، یان ئەوەتا بڵێین ئەو ئەندامانە متمانەیان بە حزبەكانى خۆیان نەماوە، یان ئەوەتا ئەو دوو حزبە نەیانتوانیوە ئەندامانى خۆیان بەشێوەیەك پێ بگەیەنین كە پابەند بن بە بڕیارى سەركردایەتییانەوە، یان ئەوەتا دەبێ بڵێین ئەندامانى ئەو حزبانە خەڵكى سادە و نارۆشنبیرن و بەبێ بیركردنەوە دەنگ بەم یان بەو دەدەن، یان دەبێ بڵێین حزبەكانیان خۆیان رایانسپاردوون دەنگ بە لیستێكى تر بدەن، كە ئەمەیان ئەستەمە.
دەبێ پاڵنەریان یەكێ لەو چوارە بێ، كە لە هەموویاندا سەركردایەتى دوو حزبەكە بەرپرسن. ئەمانە پرسیارى جدین و پێویستە ئەو دوو حزبە، گەر دەیانەوێ لەوە زیاتر دانەچۆڕێن و بەچەشنى هەندێ حزبیترى مێژوویى شكستى گەورەتریان بەسەردا نەیەت، لە خۆیانى بكەن و وەڵامە تاڵەكانیشى قبوڵ بكەن، نەك خۆ بەشەڕە قسە و تەفسیرى ساویلكەوە خەریك بكەن، وەك ئەوەى دەڵێن یەكێك لە هۆكارەكانى كەمیى دەنگەكانمان هاوپەیمانى بووە لەگەڵ دوو لایەنى عەلمانیدا، كە ئەو قسەیە جگە لەوەى سوكایەتییە بەو دوو لایەنە كە ئەوانیش بەجۆرێك لە جۆرەكان موغامەرەیان بە سومعە و پێگەى سیاسیى خۆیان كردووە كە بوونەتە هاوپەیمانى ئەوان، وەهمێكى گەورەیشە، چونكە یەكگرتوو و كۆمەڵ لە هەڵبژاردنەكەى پەرلەمانى كوردستان و عێراقدا لە 2005 بوونە هاوپەیمانى دوو حزبى گەورە نەك بچووكى عەلمانی كە پارتى و یەكێتین، كە تا ئێستاش لە كەركووك و مووسڵ و دیالە بەردەوامە.
16-8-2009

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق