لە دایكبووى هەلەبجە-كوردستانى عيراق. نووسەر و روژنامەنووس، بایەخ بە بابەتە فیكرى و سیاسی و ئەخلاقی-ئینسانییەكان دەدات. سەدان وتار و ليكولینەوەى بە زمانەكانى كوردى و عەرەبی بلاو كردووەتەوە. تا ئيستە 7 كتيبی چاپ و بلاو كراوەتەوە، ئەوانیش: - مافى ئافرەت لە نيوان رەگەزسالارى و مروڤسالاریدا. - بەئایدیولوژیاكردنى ئاین. - جەدەلى ئیسلامى و عەلمانى. - ئەخلاق لە سیاسەتدا. -مروڤایەتیمان لە بوسەى ئایدیولوژیادا. - ئاین لە فیكرى مەسعود محەمەددا. - گوتارى ئاینى لەژير وردبیندا. *** *** *** عمر علي غفور، كاتب كردي من كوردستان العراق، من مواليد مدينة حلبجة. مهتم و كاتب بالقضايا الفكرية و السياسية و الانسانية، نشر له العديد من البحوث و الدراسات و المقالات باللغتين الكردية و العربية، بعضها على شكل كتب، حيث صدر له حتى الان 7 كتب باللغة الكردية.

الثلاثاء، 31 أغسطس 2010

منداڵان و مەترسیەكانى خوتبەى جومعە


عومەر عەلى غەفور

لە رەمەزاندا و بەتایبەت لە كاتى نوێژى جومعە و تەراویحەكاندا مزگەوتەكان جمەیان دێ لە منداڵ، كە تەمەنیان لە 7 ساڵییەوە دەست پێدەكات تا 13 و 14 ساڵ. ئەو منداڵانە، كە زۆربەیان وەك چاولێكەرى و هەندێكیشیان بەهاندانى دایك و باوكیان دێن، هیچ سیستمێك نازانن و دەیكەنە هەرا و ژاوەژاوێك ئەوسەرى دیار نیە، بۆیە هەندێ لە مزگەوتەكان بەناچارى رێ لە هاتنى شەپۆلى منداڵان بۆ نێو حەرەمى مزگەوتەكە دەگرن، تەنیا بەوە مزگەوت لە مزگەوت دەچێ.
ئەز لێرەدا باس لە كاریگەرییە نەرێنییەكانى هاتنى شەپۆلى منداڵانى ناكام بۆ مزگەوتەكان، بەتایبەت لە جومعەكاندا لە رووى دروستكردنى ژاوەژاو و پیس و پۆخڵكردنى مزگەوت ناكەم، كە جێى هەڵوەستەیە، بەڵكو باس لە مەترسییە مەعنەوییەكانى هەندێ لەو وتار و خوتبەكان دەكەم لە مزگەوتەكاندا پێشكەشى ئامادەبوان دەكرێن لەسەر بارى دەروونى و پەروەردەیى ئەو منداڵانە، كە پێم وایە ئەو مەترسییە هێندە جدییە ناكرێ بێدەنگى لێبكرێ.
لێرەدا چاوپۆشی لە لایەنە سەلبیەكانى هەندێ لە وتارەكان بۆ گەورەكانیش دەكەم و وا دادەنێم وتارەكان بۆ گەورەكان گونجاون، بەڵام ئایا ئەو مامۆستا بەڕێزانە، قەت بیریان لەوە كردوەتەوە كە رەوا نیە هەموو ئەو شتانەى بۆ گەورەكان باس دەكرێن بۆ منداڵانیش باس بكرێن؟ ئەى لە ئەسەردا نەهاتووە "خاگبوا الناس على قدر عقولهم"؟ ئایا خەتیب و واعیزەكان لە وتارەكانیاندا هیچ حساب و جیاكارییەك بۆ ئاستى هەست و عەقڵى منداڵان دەكەن؟ ئەگەر نەیكەن ئایا ئەو وتارانە كارەساتى پەروەردەییان لێناكەوێتەوە؟
مامۆستایەك لە وتارێكیدا لەبارەى "مردن"ەوە –كە ناخۆشبەختانە بەشى شێرى لە وتارەكانى هەینى بەركەوتوە- بە دورودرێژى باسى لە حاڵەتەكانى سەرەمەرگى مرۆڤ دەكرد، كە پێویستە بەلاى راستدا روو لە قیبلە بیخەن و (لااله الا الله)ى بەگوێدا بدەن، ئەگەر مرد چاوەكانى دابخەن و چەناگەى ببەستن بۆ ئەوەى دەمى نەكرێتەوە، دوایى بیشۆن و هتد. جا باسى لە چۆنیەتیى مردوشۆردن دەكرد و گلەیى ئەوەى دەكرد خەڵك نازانن مردوو بشۆن.
ئەم بابەتە بۆ گەورەكان بابەتە، بەڵام ئایا دەكرێ ئەو دیمەنە ترسناكانە بۆ منداڵان باس بكرێ؟ یان ئەسڵەن لەو قۆناغە ناسكەدا چ پێویستیان بە زانینی ئەو شتانەیە؟!
جارێكیتر باسى لە شەڕێكى مێژوو دەكرد، وتى دوو گەنجەكە ئەبوجەهلیان بەشمشێر كوشت، جا هاتنە لاى پێغەمبەر (د.خ) ئەویش فەرموى: "شمشێرەكان خینى پێوە ماوە یان سڕیوتانە؟"، وتیان "نا نەمانسڕییە". ئەویش وتى "كەواتە هەردووكتان كوشتوتانە". فڵان سەحابەیش چو، بینى ئەبوجەهل لە گیانەڵادایە، بە شمشێر سەرى لێكردەوە.
ئاخر مامۆستایانى زێدە ئازیز! باسكردنى ئەو دیمەنە تۆقێنەرانە و نیشاندانى ئیسلام لەو بەرگە خوێناوییەدا، لەبارێكدا دەزانن سەدان منداڵ گوێیان لێگرتوون، لە كوێى حیكمەت و زاناییدا جێى دەبێتەوە؟
یان لە وتاردا باس لە پێوەندییە سەرجێییەكانى ژن و پیاو دەكەن. مامۆستایەك زیاد لە جارێك دوبارەى دەكردەوە كە هۆكارى گرفتەكانى خێزان ئەوەیە ژن و پیاو لەكاتى جوتبوندا بیسمیلا ناكەن!.
ئەم حاڵەتە شتێك نیە جارێك لە وتارێكدا روبدات و تەواو، بەڵكو بەبەردەوامى هەموو هەفتەیەك لە هەزاران مزگەوتى كوردستاندا دوبارە دەبێتەوە. سەیریش لەوەدایە مامۆستایانى بەڕێز لەكاتێكدا بەردەوام باس لە تایبەتمەندى و بێوێنەیى پەروەردەى ئیسلامى دەكەن، كەچی رۆژێك لە رۆژان بیریان لە مەترسیەكانى خوتبەكانیان لەسەر هۆش و دەرونى جگەرگۆشەكانمان نەكردەوە و داوایان نەكرد چارەسەرێك بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.
بۆیە پێشنیار دەكەم مامۆستایان، جا لەرێى یەكێتیى زانایانەوە بێ یان لەرێى لێژنەى باڵاى فتوا یان وەزارەتى ئەوقافەوە، كۆنفرانسێك ببەستن و تاوتوێى ئەو بابەتەى تێدا بكەن و چارەسەرێكى بۆ بدۆزنەوە، جا بە سنورداركردنى ئامادەبونى تەمەنێكى دیاریكراو لە منداڵان بێ لە خوتبەكانى جومعەدا ، یان بە هاندانى وتارخوێنان بۆ خۆلادان لەو بابەتانەى كاریگەریی سەلبییان لەسەر هۆش و هەستى منداڵان دەبێ.

ئیسلامییەكانى عێراق و كوردستان لە بەردەم بەخششەكانى یاساى وەزعیدا


عومەر عەلى غەفور

یاساى دانراو لەلایەن مرۆڤەوە، كە لە ئەدەبیاتى فیكرى سیاسیى ئیسلامیدا بە "یاساى وەزعى" ناودەبرێ، لە بەرامبەر یاساى ئاسمانى یاخود ئیلاهییەوە دانراوە و جەوهەرى پەیام و ئامانجى بزاڤە ئیسلامیەكانى دنیا چەسپاندنى یاسا ئیلاهییەكان و دژایەتى و پووچەڵكردنەوەى یاسا وەزعییەكانە، چونكە بەپێى ئەو سیستمى بیركردنەوەیە یاسادانان (تشریع) تەنیا ئەرك و مافى خولقێنەرە (لە الخلق والامر)، هەر ئەو تاكە یاسادانەر (موشەڕیع)ى راستەقینەیە و هەر كەس ئیدیعاى دانانى یاسا بۆ ژیانى مرۆڤ بەدەر لەو چوارچێوەیەى شەرع دایناوە بكات، تاوانێكى گەورەى كردووە، ئەمە ئەگەر بەو كارەى لە ئاین دەرنەچووبێ.

بۆ پاڵپشتی و تەئسیلكردنى ئەم دنیابینییەیش، چەندین ئایەت و فەرموودە دەهێننەوە، كە ئەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە پێویستە مرۆڤى موسڵمان لە ئەلیفەوە تا (یا)ى ژیانى، لە بێشكەوە تا گۆڕ، لە تەواوى وردەكارى و بوارەكانى ژیانیدا بەپێى یاسا ئیلاهیەكان، نەك وەزعیەكان، ژیانى خۆى بەڕێوە ببات. ئەو هەموو سەرچاوانەى یاسادانانى دەرەوەى قورئان و سوننە كە فەقیه و موجتەهیدەكانى ئیسلام پەسەندیان كردوون، نیشانەى ئەوەن لە روانگەى دنیابینیى سیاسیى ئیسلامییەوە، ئیسلام هیچ بۆشایى و كەلەبەرێكى ژیانى تاك و كۆمەڵى نەهێشتووەتەوە یاساڕێژ (تقنین)ى نەكردبێ، تەنانەت زۆر جار لە وتارەكانى واعیز و بانگخوازەكاندا دەبیستین كە "ئیسلام تەنانەت مرۆڤى فێر كردووە چۆن بچێتە ئەدەبخانە و لەگەڵ هاوسەرى سەرجێى بكات، ئیتر چۆن بوارەكانى ترى بۆ روون ناكاتەوە".

هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەن كە بیسەلمێنن یاساى وەزعى شتێكى نامۆ و زیاد و زیانبەخشە بۆ مرۆڤ و كۆمەڵگە و چارەسەرى كێشەكان لە گەڕانەوەدایە بۆ بەرنامەى خوا، واتە رێنمایى و یاساكانى ئیسلام. جگە لەوە گومڕایى و سەرگەردانیى دنیا و كوێرەوەریى ئاخیرەتى لە دوایە، بۆ ئەوەیش زۆر جار ئایەتى "ومن اعرچ عن ژكری فان له معیشە چنكى، ونحشره یوم القیامە اعمى" دەوترێتەوە.

بۆ ئەوەى وردتر وێنەكە پیشان بدەین، دەبێ ئەوە بڵێین كە زانا و تیۆریزەكارانى تەوژمى ئیسلامى یاساكانى هاتوچۆ و یاسا زانستى و تەكنەلۆژییەكانیان لە دەرەوەى چوارچێوەى ئەو یاسا وەزعییانە داناوە و پێیان وایە ئەوانە زانستى رووتن و ناچنە خانەى جیاوازیى ئایدیا و بیروباوەڕەوە. هەرچی یاساكانى بوارى سیاسەت و كۆمەڵایەتى و ئابوورى و فەرهەنگى هەیە، ئەمانە ئاسمانى و وەزعییان هەیە.
*** ***
جاروبار كە لەو سیستمى بیركردنەوە ئیسلامییە، یان وردتر بڵێم لە رووە كردارییەكەى ئەو تەرزە بیركردنەوەیە رادەمێنم، هەست دەكەم هێندەى شەڕێكى تەجریدییە لەسەر كۆمەڵێ چەمكى داهێنراو، هێندە رەنگدانەوەى بوونەكانى سەر ئەرز نین و ئەوانەى پێیان وایە ئەوان دژى یاسا وەزعییەكانن، دژایەتییەكەیان بۆ هەموو یاسا دانراوە مرۆڤكردەكان نییە، بەڵكو بەپلەى یەكەم دژایەتییە بۆ چەند یاسا و حوكمێكى یاسایى سنووردار و دیاریكراو، كە جیاوازن لەوەى یاسا ئیسلامییەكان لە هەندێ پرسى تایبەتدا بڕیاریان داوە.

بۆ نموونە ئیسلام، دزى، چەتەیى، زینا، مەى، سوو، یانەسیبى حەرام كردووە، رێى بە فرەژنى داوە، لە یاساكانى بارى كەسێتیدا ئافرەت هەندێ مافى لە پیاو كەمترە وەك بەشە میرات و شایەتیدان و وەرگرتنى هەندێ پلەو پایە. بۆ هەریەك لە تاوانەكانیش سزایەكى تایبەتى دیارى كردووە، وەك سزاى دەست بڕین بۆ دز، شەلاق و رەجم بۆ زیناكار، كوشتنەوەى مورتەد.
عەقڵى ئیسلامى دژى ئەو یاسایانەیە كە سزایەكى جیاوازیان بۆ ئەو جۆرە تاوانانە دادەنێن و وەلاخستنى سزا ئیسلامییەكە بە هۆكارى زۆریى تاوان دادەنێن، هەروەها دژى ئەو یاسایانەیە كە ئەو حەرامانەى ئیسلام حەڵاڵ دەكات.
لەم چەند حوكمە جیگیرە بترازێ، ئەو عەقڵە زۆر بێباكانە و خوێن ساردانە مامەڵە لەگەڵ یاساى وەزعیدا دەكات، زۆر جار نەك هەر ئەو یاسایانە حەرام ناكات، بگرە مامەڵەى ئیجابییان لەگەڵدا دەكات و ژیانى خۆى بەپێى ئەو یاسایانە رێك دەخات و شەرعیەتیان پێ دەدات، بەتایبەت ئەگەر ئەو یاسایانە بەدیهێنەرى بەرژەوەندییەكى مادى و سیاسیی گەورەى شەخسی یان حزبی بن، ئەمە لەكاتێكدا رەنگە هەندێ لەو یاسایانە لە خراپترینى ئەو یاسایانە بن كە عەقڵى مرۆڤ دوور لە ئاین بەرهەمى هێناون و دژ بە بەهاكانى مرۆڤایەتى و یەكسانى و دادپەروەرى بن و زیاتر لە خزمەتى چەند كەس و تاقمێكى دیاریكرا و و لە دژى بەرژەوەندیى بەشى هەرەزۆرى خەڵك بن، كە تەوژمى ئیسلامى خۆى وا نیشان دەدات پەیامەكەى بۆ رزگاركردنى ئەو خەڵكە موستەزعەفە و بەرقەراركردنى دادپەوەرییە، كە هێزە دنیاویستەكان خەڵكیان لێ بێبەش كردووە.
*** ***
بۆ زیاتر روونكردنەوە هەڵوێستى ئیسلامیەكانى كوردستان و عێراق لە چەند مەسەلەیەكى دیاریكراودا بە نموونە دێنمەوە:
هەردوو لیستە ئیسلامیەكەى نێو خولى پێشووى پەرلەمانى كوردستان، یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى، لە مانگى حوزەیرانى 20008دا (بەڵێ)یان بۆ پرۆژەى دەستوورى هەرێمى كوردستان كرد، وەك خۆیان دانیان پێدا نا، لەبەرامبەر ئەوەى دەسەڵات قایل بووە ناوەرۆكى مادەى 7ى پرۆژە دەستوورەكەى 2006ى تایبەت بە پێگەى ئاینى ئیسلام هەموار بكات و بڕگەى "نابێ یاسایەك دابنرێ لەگەڵ حوكمە نەگۆڕەكانى ئیسلام ناكۆك بێ"ى بۆ زیاد بكات. واتە یاساى ناشەرعى دەرنەچن.

ئەمە لەكاتێكدا رەخنەیەكى زۆر لەلایەن رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانى هەرێمەوە لە هەندێ لە مادە بنەڕەتیەكانى دەستوورەكە گیرا و تەنانەت هەندێ لە بەرپرسانى هەردوو حزبە ئیسلامییەكەیش دواى ئەوەى شكستێكى گەورەیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى هەرێمدا بەسەردا هات و كورسییەكانیان لە 15 كورسییەوە بۆ 10 كورسی دابەزی، دانیان بەوەدا نا كە دەنگدانیان بە دەستوورى هەرێم هەڵەیەكى گەورە بووە كردوویانە، لەم خولەى دوایشدا هەندێ لە پەرلەمانتارانى یەكگرتوو داواى گێڕانەوەى پرۆژە دەستوورەكەیان كرد بۆ پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەى.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئیسلامیەكان باوەڕیان وابوو دەبێ هەموو یاساكان لە چوارچێوەى بنەماكانى ئیسلامدا بن، یان لانى كەم ئیسلام سەرچاوەیەكى سەرەكیى یاساكان بێ وەك لەو بڕگەیەى مادەى 6ى دوا رەشنووسى دەستوورەى هەرێمدا هاتووە، ئایا لە داڕشتنى یاساكانى نێو دەستوورەكەدا (دایكى یاساكان)، كە چارەنووسى گەلێكى پێوە پەیوەستە، ئیسلام وەك سەرچاوەیەكى یاسادانان لەبەرچاو گیراوە و چۆن؟ با بۆمان روون بكەنەوە كێ و چۆن و بە چ میكانیزمێك بنەماكانى ئیسلام لەنێو 122 مادەكەى دەستوورى هەرێمدا جێیان كراوەتەوە و ئایا ئەسڵەن بە خەیاڵى هیچكام لە لێژنەى ئامادەكار یان پەرلەمانتارانى ئیسلامیدا هات بیر لەم بابەتە بكەنەوە؟ ئایا ئەو دەسەڵاتانەى بە سەرۆكى هەرێم دران و مشتومڕێكى زۆریان لێ كەوتەوە، لەگەڵ بنەماكانى ئیسلام تەبا یان ناكۆك بوون و لە كام سەرچاوەى یاسادانانى ئیسلامییەوە وەرگیرابوون؟

لێرەوەیە ئەز پێم وایە شەڕكردن لەدژى یاساى وەزعى زیاتر شەڕێكى تەجریدی و سیاسییە نەك واقیعى و مەنهەجى.

نموونەى دووەم كە پەرلەمانتار و دەوڵەتكارە ئیسلامییەكانى ترى هەرێمى كوردستان و عێراق دەگرێتەوە، مەسەلەى ئیمتیازاتەكانى گەورە بەرپرسەكانى دەوڵەتە، لە مووچە و دەرماڵە و خزمەتگوزارییە مشەكان، تا دەگاتە خانەنشینكردن بە مووچەیەكى خەیاڵى بەبێ كار و بەرهەم.

لەم رۆژانەدا ئامادەى زنجیرە وتارێكى رۆژى هەینى بووم، مامۆستاى وتاربێژ بە بەبۆنەى رۆژى كرێكارانى جیهانەوە لە 1ى ئایار، زنجیرە وتارێكى لەبارەى رێزى كار و كرێكار و جۆرى دەستەكان لە ئیسلامدا (دەستى ئیشكەر، دەستى بەتاڵ، دەستى بێتوانا، دەستى تاوانكار) پێشكەش كرد. لەنێو یەكێك لە وتارەكاندا رەخنەى لە مووچەخۆرى بندیوار گرت كە "بەبێ كار و بەرهەم مووچە لە دەوڵەت وەردەگرێ، لەكاتێكدا مرۆڤى موسڵمان پێویستە لەبەرامبەر ئەو پارەیەى وەرى دەگرێ كار بكات و مووچەكەى حەلاڵ بكات، چونكە ئەو گۆشتەى لە پارووى حەرام دروست بێ ئاگرى جەهەننەم لێیەوە نێزیكە".

دواى وتارەكە مەسجێكم بۆ مامۆستا نارد تێیدا نووسیم "مامۆستا وتارێكیش لەبارەى دەستى مشەخۆر (الید المتگفلە)یش بدە، ئەو دەستانەى بەبێ كار و بەرهەم مانگانە 4 هەزار تا 40 هەزار دۆلار مووچەى خانەنشینی لە بودجەى حكوومەت وەردەگرن".

لەو مامۆستایە و لە هەر مامۆستایەكى ئاینى، جگە لەوانەى خۆیان یان كەسێكى نزیكیان ئەو پۆستە موغریانەیان وەرگرتووە و رەنگە بۆ شەرمەزارنەبوون ناچار بن تەئویلێكى شەرعى بۆ بدۆزنەوە، بپرسیت ئایا خواردنى پارەى حكوومەت بەبێ كار و بەرهەم حەرامە یان حەڵاڵە، بەتایبەت ئەگەر ئەو پارەیە پارەیەكى مانگانەى خەیاڵى بێ و خەڵكێكى زۆری وڵاتەكەیش موحتاج بن؟ بێگومان كە پێت دەڵێ: "نەخێر ئەوە مشەخۆرییە و حەرامە و پێویستە مرۆڤ پارەكەى حەڵاڵ بكات". رەنگە زیاتریش بچێ و بڵێ "ئەوە هەمووى نیشانەى دوورییە لە بەرنامەى خوا، كە ئەو مەسوولانە سامانى ئەو میللەتە بۆ عەیشونۆشی خۆیان تەخشان و پەخشان دەكەن و خەڵكیش لە هەژارى و بێكاریدا دەژین، ئەوەتا حەزرەتى فڵان وا و واى دەكرد".

بەڵام ئەگەر هەمان پرسیار لە مەلایەكى پەرلەمانتارى ئیسلامى، عێراقى یان كوردستانى، یان لە یەكێك لە وەزیر و پەرلەمانتارەكانیان، كە ساڵانێكى زۆرە خەڵك لە دژى یاساى وەزعى و گەندەڵى و تەرەفى حزبە عەلمانییەكان هان دەدەن و زوهدى عومەرەین بە خەڵك دەفرۆشن، بكەیت، نەك هەر مل بەوە نادات كە وەرگرتنى 52 ملیۆن دینارى خانەنشینى وەك پەرلەمانتارى خولى دووەم لەگەڵ سەیارەیەكى كەشخە و خانەنشینى مەدەلحەیات بە 6-10 ملیۆن دینار بەبێ كار و بەرهەم، حەرام یان تەنانەت مەكرووهە، بگرە هەزار و یەك قیل و قالەیشت بۆ دێنێتەوە كە ئەوە جائیزە و ئاساییە و حكوومەت دایناوە و مافى سروشتیى خۆمانە، ئیدى ئەوە لەبیر دەباتەوە كە رۆژێ لە رۆژان حزبێكیان دامەزراند، بۆ رووبەڕووبوونەوە و گۆڕینى ئەو حكوومەت و دەسەڵاتەى لەخۆیەوە و بەپێى هەوا و ئارەزوویان و دوور لە بەرنامەى خوا یاسا بۆ بەرژەوەندیى ئەربابى دەوڵەت دەردەكەن و بۆ ئەوەیش چەندین ئایەتى لە شێوەى "ان كپیرا من الاحبار والرهبان لیاكلون اموال الناس بالباگل" و "اژا اردنا ان نهلك قریە امرنا مترفیها ففسقوا فیها فحق علیها القول فدمرناها تدمیرا"یان بۆ جۆشدانى لاوان دەوتەوە.

با بێینەوە سەر شاڕێگەكە و بپرسینەوە: ئایا لە دانانى یاساى دیاریكردنى مووچەى سەركۆمار و جێگرەكانى، سەرۆك وەزیران و جێگرەكانى، سەرۆكى پەرلەمان و جێگرەكانى، پەرلەمانتاران و وەزیر و گەورە بەرپرسە باڵاكانى عێراق و هەرێمدا، ئیسلام وەك سەرچاوەیەكى یاسادانان لەبەرچاو گیراوە، وەك لە هەردوو دەستوورى عێراق و هەرێمدا فریودەرانە و دیماگۆجییانە جێگیر كراوە؟ ئایا ئەو یاسایە، كە هەموولا دان بەوەدا دەنێن ناعەدالەتییەكى گەورەى تێدایە و ساڵانە ملیاران دۆلارى عێراق بە ناڕەوا دەخاتە گیرفانى چەند كەسێكەوە و ملیۆنان كەسى شایستەى لێ بێبەش دەكات، لەگەلأ بنەما نەگۆڕەكانى ئیسلامدا ناكۆك نییە؟ عەجەبەن ئایا مشەخۆرى و ناعەدالەتى لە دابەشكردنى ساماندا لەگەڵ بنەما نەگۆڕەكانى ئیسلام، كە عەدالەت یەكێك لە رەگەزە بنچینەییەكانیەتى، ناكۆك نییە؟ ئەگەر ناكۆكە، بۆچی حزبە ئیسلامییە سوننى و شیعى و كوردییەكان رێگەیان پێ دا، یان لانى كەم بەرى پێ ناگرن؟ ئایا تەنیا قەدەغەكردنى فرەژنى و دانانى چەند هەزار دینارێك زیادە لەسەر قەرزى عەقار، كە لە بەرژەوەندیى گشتیشدان، لەگەڵ بنەماكانى ئیسلامدا ناكۆكن و حزبە ئیسلامییەكان بۆ بەرپێگرتن و رێگرتن لەو سوكایەتییە ئامادەن ئیعلانى جیهاد بكەن؟

هەموو ئەوانە بخەینە لاوە: ئایا كێ ئەو یاسایەى داناوە؟ لەبیریان چوو كە یەكەم جار پۆل برێمەرى حاكمى مەدەنیى ئەمەریكا لە عێراق (2003-2004)، واتە حاكمێكى بێباوەڕ، هەروەها داگیركەر ئەو یاسایەى داناوە، كە لە ئەدەبیاتى كلاسیكیى ئیسلامیدا بە ئیمامەكانى كوفر (ائمە الكفر) ناو دەبرا، كەچى حزبە ئیسلامییەكان لەباتى ئەوەى بۆ شۆرینەوەى ئابڕوویان ئەو یاسایە بگۆڕن، وەك بیلبیلەى چاویان دەیپارێزن.
مەحمود مەشهەدانیى (سەلەفى) چۆن هەست بە سەركۆنەى ویژدانى ئاینیى خۆى ناكات، لە بارێكدا بەپێى راپۆرتێكى ئەم دواییەى لێژنەى باڵاى كەمكردنەوەى هەژارى لە عێراق، كە بەهاوكاریى بانكى نێودەوڵەتى ئەنجامى داوە، زیاتر لە 6 ملیۆن كەس لە عێراق لە ژێر هێڵى هەژاریدان، كە دەكاتە نێزیكەى 23%ى دانیشتوانى عێراق، كەچى ئەو، لە سایەى یاسایەكى وەزعیى نالەباردا، مانگانە بەبێ كار و بەرهەم، 40 هەزار دۆلار مووچەى خانەنشینى لە خەزینەى بەیتولمال وەردەگرێ، كە بەپێى هەندێ سەرچاوەى هەواڵ بێ، ئەو مووچەیە لە مووچەى سەرۆكى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا زیاترە، كە دەڵێن مووچەى ساڵانەى تەنیا 400 هەزار دۆلارە. مەشهەدانى خانەنشینە و ئۆبامایش سەرۆكى وڵاتێكى نێزیكەى 200 ملیۆن كەسییە.

یان نوورى مالیكی سەرۆكى حزبى دەعوەى ئیسلامى-شیعى، خالد عەتییەى سەركردەى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى-شیعى، تاریق هاشمیى جێگرى سەركۆمار و سەرۆكى پێشووى حزبى ئیسلامى-سوننى، ئەیاد سامەڕائی سەركردەى حزبى ئیسلامیى سوننى و باقى سەركردە ئیسلامییە سونى و شیعى و كوردییەكان، چۆن دەتوانن باس لە بەهاكانى زوهد و دادپەوەریى ئیسلامى، یان باس لە دژایەتیكردنى یاساى وەزعى بكەن، لەكاتێكدا ئەوان لە سایەى یاسایەكى وەزعی-نادادپەروەردا، كە ئەمەریكییەك بە دیارى هێناویەتى، گڵۆڵەى سامانى گەلێكى ئاتاج و هەژار مانگانە بۆ نێو حسێبە بانكییەكانیان خلۆر دەكەنەوە.

باوەڕم وایە ئەگەر سبەى رۆژ لیست یان حزبێكى نائیسلامیى گەورە هەڵمەتێكى لە دژى ئەو ئیمتیازاتە خەیاڵیانە دەست پێ كرد و ئیحراجییەكى لەو رووەوە دروست كرد، زۆر لەو حزب و كەسایەتییە ئیسلامییانە بادەدەنەوە و تەئسیلى ئیسلامى بۆ ئەو كەمكردنەوەیە دەكەن، بەڵام ئەى بۆچی ئەوان لە تەرحكردنى ئەو پرۆژە چاكسازییەدا نابنە دەستپێشخەر؟.

ئەوان لە بوارى چاكسازی (اصلاح)دا، كە كردوویانەتە دروشمیش بۆ خۆیان، زۆر جار، گەر نەڵێم هەمیشە، شوێنكەوتەن نەك دەستپێشخەر و شوێن ئاوازى دەوروبەرەكەیان دەكەون.

لە هەرێمى كوردستان ئیسلامییەكان و زانایانى ئاینى باسیان لە كەموكورتییەكانى یاساى بارى كەسێتى و كوشتن بۆ ئابڕوشۆرى نەكرد، تا هەندێ لە ئافرەتانى چەپ بابەتەكەیان جووڵاند، ئەنجا ئەوانیش هاتنە سەر خەت و باسیان لەوە دەكرد كە ئەو یاسایانە لەگەڵ ئیسلامدا ناگونجێن. كەچى لێیشیان بێدەنگ بوون.

لە خولى پێشووى پەرلەمان پەرلەمانتارانى یەكگرتوو و كۆمەڵ لە بەرامبەر كڕینى ئۆتۆمبێل و شوقە و 52 ملیۆن دینارى بەخششى خانەنشینى و خانەنشینكردنى مەدەلحەیات بە ملیۆنان دینار ورتەى ناڕەزاییان لێوە نەهات، كە دەبوو ئەوان هەم وەك هێزێكى مەبدەئی و هەمیش وەك بەدیلى ئۆپۆزسیۆن، ئەو كارەیان بكردایە، بەڵام نەیانكرد، تا لەم خولەدا پەرلەمانتارانى گۆڕان كڕینى ئۆتۆمبێلى 4 دەفتەر دۆلاریان كردە كێشە، جا ئەوانیش هاتنە سەر خەت و باس لەوە دەكەن "پێویستە زیادە خەرج لە كڕینى ئۆتۆمبێلدا نەكرێ " و "ئۆتۆمبێلەكان موڵكى پەرلەمان بن و دواى تەواوبوونى خولى سێیەم تەسلیم بكرێنەوە".

الثلاثاء، 6 يوليو 2010

میدیاى ئازاد هەناسەى ئازادییە مەیخنكێنن

عومەر عەلى غەفور

ماوەیەكە شاڵاوێكى سەرەمڕ لە دژى میدیاى "ئەهلى"، "ئازاد"، "رەخنەگر" لە هەرێمى كوردستان و بە تایبەت لە هەندێ لە میدیا حزبیەكانەوە دەستى پێكردوە، كە لە هەوڵى ئەوەدایە لە رێى تۆمەتباركردنى ئەو میدیایە بە "بەرەڵایى"، "ناڕاستگۆیى"، "ناپیشەوەرى"، "بەكارهێنانى زمانى زبر" و "دەستى دەرەكى" شەقامى كوردى لێ دڵكرمێ بكات و سەرەنجام پاشەكشە بەو سەنگ و قورسایى و رۆڵەى ئەو میدیایە هەیەتى بكات.

ئەز لێرەدا بەهیچ شێوەیەك بەرگرى لەو كەموكووڕییانە ناكەم كە لە میدیاى ناسراو بە ئەهلى یاخود ئازاددا هەن. راستە ئەو میدیایە هەندێ جار زانیاریى نادروست و هەڵە بڵاو دەكاتەوە، لە خستنە رووى شتەكاندا زێدەڕۆیى دەكات، بەبێ بەڵگەى تەواو شتەكان دەخاتە روو، دەست وەردەداتە تایبەتمەندییە شەخسیەكان، جاروبار بەلانسى بێلایەنى لەدەست دەدات، دووریش نیە لێرە و لەوێ ئەم یان ئەو دەزگەى راگەیاندنى ئەهلى، یان لانى كەم بەشێك لە ستافەكەى، لەلایەن دەستى ناوخۆیى یان دەرەكیەوە بۆ مەبەستى تایبەت و ناپیشەوەری ئاراستە بكرێن، بەڵام هیچكات ئەم كەموكووڕییە سنووردارانە، بارتەقاى ئەو رۆڵە گەورە و مێژووییە نین كە ئەو میدیایە و میدیاكارەكانیان بینیویانە، لە شڵەقاندنى گۆمى مەیوى رۆژنامەگەریى كوردى و كاراكردنى میدیا و میدیاكاران، بۆ بینینى بەشێك لە رۆڵى پیشەوەرانە و نیشتمانییانەى خۆیان وەك دەسەڵاتى چوارەم، لە بەرامبەر دەسەڵات و رەخنە لێگرتن و لێپرسینەوە و بەرهەڵستیكردنى سیاسەت و پلان و بڕیارە نادروستەكان لە غیابى ئۆپۆزسیۆنێكى سیاسیى كارا لە ناوەندە سیاسییەكەدا.

ئەگەرچی ناتوانین نكولى لەوە بكەین كە سەرەتاكانى ئەو جمووجووڵە رەخنەگرانەیەى میدیاى ئازاد، لە هەناوى میدیا حزبیەكانەوە و لە نێو رۆشنبیران میدیاكارە زیندووەكانى نێو ئەو دەزگایانەوە چەكەرەى كرد، نەمانى شەڕى ناوخۆ و هێوربوونەوەى میزاجى جەنگاوەرەكانیش لە سەردەمى ئاشتیدا هۆكارى یاریدەدەر بوون بۆ گەشەكردنى ئەو بزاڤەى لە كۆتاییەكانى نەوەدەكاندا سەرى هەڵ دا، بە تایبەت دواى دەرچوونى رۆژنامەى هاوڵاتى و دواتریش ئاوێنە و ئەوانى تر، بەڵام ئەوەیش ناشارێتەوە كە ئەو میدیایە و میدیاكاران و كۆى ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەى بە نووسین و هەڵوێستەكانیان پاڵپشتییان لەو بزاڤە كرد، رووبەڕووى كۆسپ و تەگەرە و فشار و ئەزیەتێكى زۆر بوونەوە تا توانییان لەسەر پێ بوەستن درێژە بەو رەوتە بدەن.

ئەو میدیایە، بە هەموو كەموكەسرییەكانیەوە و لەگەڵ هەموو تێبینییە بابەتییەكانیش لەسەرى، كە هەن، یەكێكە لە داینەمۆ بەهێزەكانى گەشەى دیموكراسی لە هەرێمى كوردستاندا و سەرمایەیەكى هزرى و رۆحیی ئەم كۆمەڵگەیەیە، كە ئەركى هەر خەمخۆرێكى جیدیى دیموكراسیەت ودەسەڵاتى چوارەم و مافى هاوڵاتى و بیرى ئازاد و دژەگەندەڵییە، بەوانەیشى لە ناو حزبەكان و دەسەڵاتدان، لە خەمى مانەوە و گەشەپێدانى ئەو ئەزموونە دەڵەمەیەى میدیاى ئازاددا بێ، ئەویش نە لەبەر خاترى چاوى كاڵى فڵان یان فیسارى بەرپرس یان میدیاكار لەو دەزگایانە، هەروەها نە بە ماناى پێداهەڵگوتنى ئەو میدیایە وەك ئەوەى گەیشتبێتە پلەى كەماڵ، بەڵكو لەبەر خاترى خودى ئەزموونەكە، هاوكات بۆ تەرشیدكردن و رەخنەلێگرتنى كەموكەسرییەكانی، بەمەبەستى تێپەڕاندنیان.

ئەز نە رۆژێك لە نێو ئەو میدیایانە كارم كردووە، نە لەگەڵ هەڵسوڕێنەرانیشیدا سەروساختەى ئەوتۆم هەیە، تەنیا وەك نووسەرێك جاروبار وتارم لە هەندێكیاندا بڵاو كردووەتەوە، بەڵام لە دەرەوەى ئەو دەسەڵاتە نیمچە رەهایەى دەسەڵات و حزبە باڵادەستەكان بەسەر تەواوى بوارەكانى ژیانى كۆمەڵگەیاندا هەیانە و ئەوەى بیانەوێ دوور لە هەر چاودێرێكى نیشتمانیى بوێر كردوویانە و دەیانەوێ تا قافى قیامەتیش درێژەى پێ بدەن، تەنیا ئەو میدیایە بووە كە هەناسەیەكى لێوە بدرێ و دەنگێكى ناڕەزایى لێوە بەرز بكرێتەوە و چاودێریەكى مەعنەوى سیاسەت و پلانەكانى دەسەڵات و حزبەكان بكات.

چەندین دۆسیەى وەك قاودانى بەرتەسككردنەوەى ئازادیى كارى رۆژنامەنووسی و گرتن و ئازاردانى رۆژنامەنووسان، هەمواركردنى یاساى كارى رۆژنامەوانی لە هەرێمى كوردستان لە بەرژەوەندیى بەرفراوانتركردنى ئازادیى كارى رۆژنامەنووسی لە ساڵى 2008، گەشەپێدانى رۆشنبیریى شەفافیەت و دژە گەندەڵى و بێزراندنى گەندەڵكاران لە شەقامى كوردیدا و فشار خستنە سەر حكوومەت بۆ بەدواداچوونى ئەو كێشەیە، ئاشكراكردن و قسەلەسەركردنى سەودا گوماناوییەكەى نێوان وەزیرى سامانە سروشتییەكانى هەرێم و كۆمپانیاى DNOى نەرویجى، ئاشكراكردنى چەندین حاڵەتى گەندەڵى ئیدارى دارایى لە دامودەزگاكانى حكوومەت و حزبدا، وروژاندنى دۆسیەكانى فایلدارانى بەعس و ئەنفالچییانى كورد و ئازادكردنى تاوانبارانى كیمیابارانى هەڵەبجە لەلایەن گەورە بەرپرسانى هەرێمەوە، بۆ یەكەم جار لایەن میدیا ومیدیاكارانى ئەهلیەوە وروژێنران.

هەر میدیایەك ئەمانە و هاوشێوەی ئەم كارانەى كردبێ، خزمەتێكى زێڕینى بە كۆمەڵگەى كوردى و هزرى دیموكراسییانە كردووە و شایانى ئەوەیە سوپاس بكرێ، یان لانى كەم كار بۆ لاوازكردنى نەكرێ.

ئەگەر دەگوترێ ئەو میدیایە سەقەتاتى زۆرە و میدیایەكى پێگەیشتوو نییە، ئاخر خۆ ئەو دەسەڵاتەیش كە ئەو میدیایە رەخنەى لێ دەگرێ سەقەتاتى لەو زیاتر نەبێ كەمتر نییە. كەواتە لە خراپترین باریدا میدیاى ئەهلى كاردانەوەى سیستمێكى حوكمڕانیى سەقەتە و كورد وتەنى كاڵا بەقەد باڵایە.

دواى نزیكەى 20 ساڵ هێشتا شكستەكانى حكوومەتى هەرێم، بەو هەموو خیبرە و توانا مادى و بەشەریی زەبەلاحانەى لەپشتیەوەن، بەوە دەدرێتەوە كە ئەزموون و ساوایە. بە هەمان پێوەر میدیاى ئازادیش، كە تواناكانى چ لە رووى مادى و چ لە رووى سەرمایە مرۆییەكانەوە سنووردارن، مافى ئەوەى هەیە پاساوى هەڵەكانى خۆى بداتەوە بەوەى هێشتا ئەزموونەكەى ساوایە و "لە پڕێ نابێتە كوڕێ".

لەبەرئەوە هەر هەوڵێكى سیستماتیك بۆ پاشەكشەپێكردن و لەقاڵبدانى ئەو میدیایە، كوشتنى ئەو هەناسە رەخنەگرانە روو لە گەشەیەیە كە لە میدیاى كوردیدا هەیە و زیندویەتیەكى پێ بەخشیوە و لە مەوداى دوور و نزیكدا خزمەت بە ئەزموونى سیاسی خۆ بەدیموكراسیزانى هەرێمى كوردستانیش دەكات.

الاثنين، 3 مايو 2010

دایەلۆگى عەقڵانى و كراوە لەباریدایە بازنەى پەنابردن بۆ سوكایەتی بەرتەسك بكاتەوە

عومەر عەلى غەفور
رەخنە وەك سوتەمەنییە بۆ رەوڕەوەى ژیانى مرۆڤ و كۆمەڵگە، كە واى لێ دەكات بەردەوام لە كارژفڕێدان و نوێبوونەوە و بەرەوپێشچووندا بێ و بە دیار شت و سیستم و میكانیزم و ئاستە بۆماوەكانیەوە دۆش دانەمێنێ و وەك میراتێكى پیرۆز و دوا وێستگەى مومكین كە بكرێ عەقڵى مرۆڤ پێی بگات، تەماشاى نەكات و نەبێتە پاسەوان و پێشمەرگەیان.
ناكرێ ئێمە لە هیچ بارێكدا رێ لە رەخنە بگرین، چونكە بەوە بڕیارى بە بەردبوون لەسەر خۆمان دەدەین. ئەمە تەنانەت ئاینیش، كە قووڵترین ریشەى لە ناخى مرۆڤە ئایندارەكاندا هەیە، دەگرێتەوە، ئیدى شتەكانى تر دەبێ رەخنەلێگرتنیان لە ئاسایى ئاساییتر بێ.
ئاین بۆ مرۆڤ هاتووە، پێش لە هاتنى ئاینەكان مرۆڤ هەبووە، لە غیابى ئاینەكانیشدا مرۆڤ هەر هەیە. دەكرێ دواى سەدان ساڵ لە باڵادەستیى ئیسلام یان مەسیحیەت یان هەر ئاینێكى تر لە كۆمەڵگەیەكدا، ئەو ئاینە لەو كۆمەڵگەیەدا بپوكێتەوە یان باڵادەستی لەدەست بدات، ئەوەیش زۆر رووى داوە، بەڵام مرۆڤەكان هەر دەمێنن و بەئاسایى درێژە بە ژیانى خۆیان دەدەن. رەنگە مرۆڤ بەبێ هیچ ئاینێك بژى، بەڵام ئاین بەبێ مرۆڤ ناژى و نامێنێ.
كەواتە مرۆڤ یەكەم و ئاین دووەمە، رەنگە هەر لێرەشەوە بووبێ هەندێ لە بیرمەندانى ئیسلامیش گوتویانە "صحە الابدان اولى من صحە الادیان" وات ساخلەمیى جەستەكان لە ساخلەمیى ئاینەكان لەپێشترە.
كەواتە مادام رەخنە بۆ مرۆڤ گرنگ بێ، دەبێ ئاینیش ئەمە قبوڵ بكات، ئەگینا پەراوێز دەكەوێ و ئەمڕۆ بێ یان سبەى، تۆزى بێنازى لێ دەنیشێ.
ئەمڕۆ قبووڵكردنى رەخنەگرتن لە ئاین لاى شوێنكەوتوانى هەندێ لە ئاینەكان ئاسایى بووەتەوە، بەڵام لاى كۆمەڵگەى موسڵمان هێشتا نەك رەخنە لە جەوهەرى ئاینەكە و لە بنەما فەلسەفییەكانى، بگرە رەخنەگرتن لە زۆر بیروبۆچوونی مێژووییش، كە بەرهەمى عەقڵى زانا موسڵمانەكانن و بەشێكى بونیەوى نین لە دینەكە، رەخنەلێگرتنیان بووەتە بڤە و ئەنجامدەرى بەر نەفرەت دەكەوێ.
ئایا ئاین لەمە بەرپرسە یان عەقڵى موسڵمانان؟ ئایا دەقە تەئسیسییەكانى ئیسلام (قورئان و فەرموودە) شتێكى وایان تێدایە كە بیركردنەوەى رەخنەگرانە لە ئاست ئاینەكەدا قەدەغە بكات؟
ئەز كە نزیكەى 25 ساڵە وەك ئەویندارێكى ئیسلام و پەیامەكەى كارم كردووە و لێى كۆڵیومەتەوە و سەردەمێك وەك هەر موسڵمانێكى وابەستە بە ئاین لە ناخەوە بە رەخنەلێگرتنى ئیسلام و تەنانەت هەندێ جار لە بە رەخنە لە شتە مێژووییەكانیشى نیگەران و برینداربووم، لەو باوەڕەدام ئەوەى واى كردووە عەقڵى ئیسلامیى ئێمە هێندە دژ بە هەر نەفەسێكى رەخنەگرانەبێ نەك تەنیا لە دینەكە بگرە لە زۆر لە شتە مێژووییەكانیشى، ئەو كەلتوورە دواكەوتووەیە كە لە سەردەمى پاشەكشەى عەقڵ و شارستانیەتیى ئیسلامییەوە، كە لە سەدەى پێنجەمى كۆچییەوە دەست پێ كردوە و هەر دەستبردنێكى رەخنەگرانە بۆ ئەو كەلەپوورەى بۆمان ماوەتەوە بە بڤە و مەترسی زانراوە، بۆمان ماوەتەوە، نەك خودى ئاینەكە.
واتە ئەو پاسەوانیكردنەمان پاسەوانیكردن نیە لە ویستى ئاینەكە بەقەدەر ئەوەى پاسەوانیكردنە لە ویستى كەلتوورێكى مێژوویى دواكەوتوو، هەر ئەوەیش واى كردووە نەتوانرێ بۆ ماوەى سەدان ساڵ نوێگەرییەك لە بیر و جیهانبینیى ئیسلامیدا بێتەكایە و هەموو بیركردنەوە نوێ و هاوچەرخەكان زیاتر جووینەوە و میكیاژدانەوەى بیروبۆچوونەكانى پێش خۆمان بن.

ئیسلام سیستمێكە لە بیروبۆچوونى فەلسەفى و ئەخلاقى و سلوكی، لە بەرامبەر دەیان سیستمیدیكەى جۆراوجۆر كە لە دنیادا هەن چ ئاینى ئاسمانى بن یان فەلسەفەى بەشەرى، بۆیە مافى هەر تاكێكى هۆشمەندە، جا لە بنەماڵەیەكى موسڵمان بێ یان غەیرە موسڵمان، بیر لە بنەماكانى ئەو سیستمە بكاتەوە، هەڵیانسەنگێنێ و لە بناغە مەنتیقییەكانیان رامێنێ، ئەنجا هەڵوێستى خۆى لەبارەیانەوە، بەباوەڕپێهێنان، یان نەهێنان دیارى بكات.
ئەمە سەرەتایترین مافى مرۆڤە لەبەرامبەر هەر ئاینێكى دنیادا. هەموو ئاینێكیش لە سەرەتادا بەم شێوەیە مامەڵەى كردووە. ئەوەتا لە قورئاندا دەیان رەخنە و گومانى بێباوەڕەكان لەبارەى حەقیقەتى پەیامە نوێیەكەوە تۆمار كراون:

(أَمْ ێقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ إِنِ افْتَرَیْتُهُ فَڵا تَمْلِكُونَ لِی مِنَ اللَّهِ شَیْئًا){الأحقاف/8}.


- أَمْ ێقُولُونَ افْتَرَى عَڵى اللَّهِ كَذِبًا..{الشورى/24}.

- أَمْ ێقُولُونَ شَاعِرٌ نَّتَرَبَّصُ بِهِ رَیْبَ الْمَنُونِ {الطور/30}.

- أَمْ ێقُولُونَ تَقَوَّڵهُ بَل لَّا یُؤْمِنُونَ {الطور/33}.

- أَمْ ێقُولُونَ بِهِ جِنَّەٌ بَلْ جَاءهُم بِالْحَقِّ وَأَكْثرُهُمْ لِلْحَقِّ كَاڕهُونَ){المؤمنون/70}.

-..َیقُولُ الذِینَ كَفَرُواْ إِنْ هَذَآ إِلاَّ أَسَاطِیرُ الأَوَّلِینَ) {الأنعام/25}.

ئەعرابی هەبووە راشكاوانە بەپێغەمبەرى گوتوە "لەو دابەشكردنەدا دادگەر نەبوویت". هەبووە ملیوانى كراسەكەى پێغەمبەرى بە توندى راكێشاوە تا ئەو رادەیەى لاملى سوور بووەتەوە، بەبێ ئەوەى ئەو تەكفیریان بكات.
بەڵام دواى چەند سەدەیەك واى لێ دێ لە پرۆسەى گفتوگۆكردن و قبوڵكردنى ئایندا ئیرادەى مرۆڤ سەلب دەكرێ و ئاین وەك هەر كەلەپوورێكى نەتەوەیى بە میرات بۆ وەچەكانى دواتر دەگوێزرێتەوە و خۆشی بێ و ترشی بێ موسڵمانە، دیارە ئەمە تەنیا تایبەتى ئاینى ئێمە نیە و لە هەموو ئاین و مەزهەبەكاندا هەر وایە.
ئاین بەهیچ شێوەیەك لەو سەلبكردنى ئیرادەیەى مرۆڤ بەرپرس نیە و هەر مرۆڤێك كە گەیشتە تەمەنى پێگەیشتن و هۆشى پژا، بەچاوپۆشین لەوەى باوان و كۆمەڵگەكەى هەڵگرى چ ئاینێكن، مافى ئەوەى هەیە بە بیركردنەوە و هەستى تایبەتى خۆى ئاین و رێبازەكان بپشكنێ و بڕیارى شوێنكەوتن یان نەكەوتنیان بدات، هەر بەوەیش بنەماى بەرپرسیاریەتى (تەكلیف) واتاى دەبێ، ئەگینا وەك چۆن بەپێى ئایەتى "الا من استكره وقلبه مگمئن بالایمان" كوفرێك بە زۆر مرۆڤ بیكات لەسەرى حسێب ناكرێ، ئیمانێكیش بەزۆر لەسەرى فەرز بكرێ بایەخى نابێ، بەتایبەت كە قورئان راشكاوانە دەڵێ زۆركردن لە ئایندا نییە "لا اكراه فی الدین".
لێرەوە دێمە سەر ئەسڵى مەبەست و دەڵێم بەشێك لە بەرپرسیاریەتیى ئەوەى هەندێ لە نووسەرانى عەلمانى یاخود نەیار بە ئاین ناوبەناو دەیكەن و تێیدا بەم یان بەو شێوە سوكایەتى بە پیرۆزییە ئاینییەكانى موسڵمانان دەكەن، دەكەوێتە ئەستۆى ئەو كەلتوورە دواكەوتووە ئاینییە، كە دەرگاى گفتوگۆى زانستى و بابەتییانەى لەبارەى پرسە ئاینیەكانەوە لە نەیارانى ئاینەكە قفڵ داوە، بۆیە بەو سەلبكردنە تا دێ زیاتر پەنگ دەخۆنەوە تا دواتر ئەو هەستە لە شێوەى پەرچەكردارێكى ناعەقڵانى و تووڕەدا خۆی بەرجەستە دەكات و قاڵبى سوكایەتى وەردەگرێ.
مرۆڤ كاتێ بوارى تەعبیر لەخۆكردنى ئازادانە و عەقڵانى نەبوو، لە ناخى خۆیدا پەنگ دەخواتەوە تا دەگاتە ئاستى پڕ بوون، ئەو جا لێى دەڕژێ و بەشێوەیەكى ناعەقڵانى و توندڕەوانە گوزارشتى لێ دەكات.
رێنەدان بەخۆدەربڕینى ئازادانە، تەنیا زیانەكەى ئەوە نییە كە ئەو لایەنە كپكراوە پەرچەكردارى ناعەقڵانى و توندڕەوانەى دەبێ، بەڵكو وا دەكات لایەنى كپكەریش وەك لایەنێكى لاواز لە بەرامبەر روبەڕوبونەوەى عەقڵانیى تەوژمەكان دەربكەوێ و كپكراوەكان وا هەست بكەن كە ئەوان لە ترۆپكى هێز و داهێناندان و هەر لەبەرئەوەیشە هێزە ئاینییەكە لە حزور و ئازادییان دەترسێ.
ئەمە جگە لەوەى زۆر جار دروستكردنى هەڵا لەسەر كتێبێك هێندەى زیان بەو كتێبە و نووسەرەكەى و تەوژمەكەى دەگەیەنێ، زیاتر لەوە سوودى پێ دەگەیەنێ، چونكە رەواجێكى پێ دەدا كە رەنگە لە رووى ناوەرۆكى زانستى و ئیبداعیەوە ئەو نرخەى نەبێ. سەلمان روشدى بە فتواكەى ئیمام خومەینى ناوبانگێكى پەیدا كرد كە شایستەى نەبوو، كتێبەكەى تەسلیمە نەسرین بەهۆى هەڵاى زانا ئاینیەكانى بەنگلادیشەوە نەسرینى كردە ئەفسانەیەكى سەردەم، وێنە كاریكاتێرییەكانى دانیمارك بەهۆى خۆپیشاندانەكانەوە سەدان جار لەوەى رۆژنامە دانیماركییەكە چاوەڕێى دەكرد رەواجى پەیدا كرد، كە ئەوەیان بە ملیاران دۆلار رێكلام بۆ نەدەكرا. گۆڤارى وێران بەم هەڵایەى لەسەرى دەكرێ رەواجى پەیدا كردوە و ئەوانەیش دژینى حەز دەكەن بیبینن.
ئەمە جگە لەوەى لەو هەرایانەدا ئاینداران وەك میراتگرانى دادگەى پشكنین و ئەوانەى بە سوكایەتیكردن تۆمەتبار دەكرێن وەك میراتگرانى گالیلۆ و كۆپەرنیكۆس و هاوشێوەكانیان دەخرێنە روو، لەكاتێكدا نە ئەوانەى یەكەم خۆیان بە رێگر لە ئازادیى دەربڕین و داهێنان و دژى جوانیەكان دەزانن، رەنگە نە ئەو مادانەیش كە هەڵاكەیان لەسەر دروست دەكرێ لە رووى ئەدەبى و ئیستاتیكییەوە هێندە داهێنەرانە و نەمر بن كە شایستەى ئەو ناوبانگە بن كە بۆیان دروست دەكرێ.
بەندە لە لێكۆڵینەوەیەكدا لەسەر گوتارى ئاینیى رۆژانى هەینى كە چەندین ساڵە كارم بۆ كردووە و چاوەڕێ دەكرێ بەم نزیكانە بكەوێتە بازاڕ، ئەوەم گوتوە كە مامۆستایانى ئاینى لە هەموو كەسێك زیاتر پێویستیان بە ئازادیى دەربڕین هەیە، چونكە ئیشى ئەوان قسەكردن و رادەربڕینە، لەبەرئەوە دەبێ ئەوان لە هەموو كەس زیاتر سەرسەختانە داكۆكى لە ئازادیى دەربڕین بكەن ئەگەر دژى بیروبۆچوونى خۆیشیان بێ، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەوان داواى زمانبڕینى ئەوانە لە دەسەڵات بكەن كە جیاواز لە خواستى ئەوان بیر دەكەنەوە، دوور نییە رۆژێك بێ هەر لەسەر زمانیان مقەستى دەسەڵات بە زمانى ئەوانیش بگات.
دیارە شەڕى تەوژمە ئایدیاییە جیاواز و ناكۆكەكان كۆتایى نایە، بەڵام ئەركى ئێمەیە ئەو شەڕە لە شەڕێكى كێوى و بەدەوییەوە بكەینە شەڕێكى ماڵیى و شارستانى. ئەو زمانەى لە چەند رۆژى رابردوودا لە مشتومڕى هەندێ لە وتارخوێنەكان و چەند یەكگرتوویەك لەلایەك و هەوادارانى سیكیولاریزم لەلایەكیترەوە بەكار هات، بەداخەوە زمانى گفتوگۆى تێپەڕاند بۆ زمانى شەڕ و داشۆرین، زیاتر لە شەڕێكى كێوى دەچوو تا شەڕێكى مەدەنى. زیاتر لە تەقینەوەى گڕكانێكى پەنگخواردوو دەچوو كە ئاگر و زیخ و بەرد و دووكەڵى بەرووى ئەویتردا دەكرد، نەك لە گفتوگۆیەكى هێمنانەى دوو تەوژمى فیكرى كە باوەڕیان بەفرەفیكرى و نیسبیەتى حەقیقەت هەبێ.
ئێمە بەسازكردنى زەمینەى گفتوگۆیەكى عەقڵانى و كراوە لە نێوان تەوژمە فیكریە جیاوازەكاندا، دەتوانین كوانووى هەناوە داخبوەكان سارد بكەینەوە و لەرێى رێگەدان بە رەخنەى جیدى، بازنەى پەنابردن بۆ سوكایەتیكردن تەسك بكەینەوە.
سروشتى زمانى رەخنە و زمانى سوكایەتیكردن، ئەگەرچى لێكچوونیشیان هەبێ، بەڵام زۆریش تایبەت و لێك جیاوازن.
لە رەخنەدا زمانى زانست و مەنتیق بەكار دەهێنرێ كە سەنتەرى بیركردنەوەى مرۆڤ، واتە عەقڵ، دەدوێنێ و زۆر بە كەمى دەبێتە هۆى وروژاندنى مرۆڤ و كاردانەوەى توند لە دژى وروژێنەرەكە، بەڵام زمانى سوكایەتیكردن، وەك جوێندان و گاڵتەپێكردن، زمانێكى زیاتر بازاڕییە و سەنتەرى هەست و سۆزى مرۆڤ، واتە دڵ ، دەپێكێ و دەیوروژێنێ و تەنانەت كار لە تواناى عەقڵیش بۆ بیركردنەوەى مەنتیقى لاواز دەكات و وا لە كەسى وروژاو دەكات كاردانەوەى توند و حساب بۆ نەكراوى لە بەرامبەر ئەو وروژاندنە هەبێ.

الأحد، 25 أبريل 2010

بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان، حزبەكانى هەرێمى كوردستان لە گەشە وەستاون

عومەر عەلى غەفور

بەپێى ئەنجامى كۆتایى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان لە 25 تەموزى 2009دا، ژمارەى ئەو كەسانەى دەنگیان دابوو 1 ملیۆن و 816 هەزار و 293 كەس بوو، تێیدا لیستی كوردستانی (لیستى هاوبەشى پارتى و یەكێتى) 1ملیۆن و76 هەزار و 370 دەنگ، لیستی گۆڕان 445 هەزار و 24 دەنگ، لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى (4 حزبەكە) 240 هەزار و 840 دەنگ، بزوتنەوەى ئیسلامى 27 هەزار و 147 دەنگ، لیستى ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى 15 هەزار و 28 دەنگیان بەدەست هێنا.

هەر بەپێى زانیارییەكانى كۆمسیۆن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا لە 7 ئادارى 2010، لە سێ پارێزگاكەى هەرێم 1 ملیۆن و 938 هەزار و 754 كەس دەنگیان داوە، لەوانە 11 هەزار و 432 دەنگیان بۆ چەند لیستێكى دەرەوەى چوار لیستە سەرەكییەكەى هەرێم (هاوپەیمانى، گۆڕان، یەكگرتووى ئیسلامى، كۆمەڵى ئیسلامى) چووە.

لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانیى كوردستان (لیستى دوو حزبە سەرەكییەكە و 10 حزبیترى بچووكى هەرێم) 1 ملیۆن و 142 هەزار و 37 دەنگ، گۆڕان 425 هەزار و 784 دەنگ، یەكگرتوو 214 هەزار و 213 دەنگ، كۆمەڵ 144 هەزار و 996 دەنگیان هێناوە.

لە بەراوردكردنێكى خێراى ئەنجامى هەردوو هەڵبژاردنەكەدا دەردەكەوێ هەندێ لیست دەنگەكانیان كەمى كردووە، هەندێكیان وەستاون و هەندێكى تریشیان بە ژمارە دەنگیان زیادى كردوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵ لەمەوبەریان بە رێژە كەمیان كردووە، یان بەشێوەیەكى زۆر لاواز زیادیان كردوە.

لیستى هاوپەیمانى لەم هەڵبژاردنەدا 65667 دەنگى زیاد كردووە، بەڵام ئەگەر ئەو دەنگانەى ژمارەیەك لەو 10 حزبەى نێو لیستەكە لە هەڵبژاردنەكەى 25-7دا بەجیا لە لیستى كوردستانى بەدەستیان هێنابوو، بۆ دەنگەكانى لیستى كوردستانى زیاد بكەین، بەنَزیكەیى هەمان ژمارە دەردەچێ. (حزبە بچوكەكانى ناو لیستى هاوپەیمانى 72 هەزار و 137 دەنگیان هێنابوو. یەكێتى و پارتى پێكەوە 1 ملیۆن و 69 هەزار و 894 دەنگن پارتى671 هەزار و 965 دەنگ، یەكێتى 397 هەزار و 929 دەنگ-ئەم بڕگەیە تەنیا لاى خۆم زیاد كراوە).

لە هەڵبژاردنەكەى پەرلەمانى كوردستاندا بزوتنەوەى ئیسلامى 27147 دەنگ، لیستى ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى 15028 دەنگ، یەكێتیى نەتەوەیى دیموكرات 1859 دەنگ، لیستى توركمانى هەولێر 5 هەزار 106 دەنگ، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان 3178 دەنگـى بەدەست هێنابوو، كە كۆى هەموویان دەكاتە 52 هەزار و 318 دەنگ.

بەم پێیەش لیستەكە تەنیا 13349 دەنگ زیادى كردوە.

خۆ ئەگەر دەنگەكانى هەر یەك لە حزبى سۆشیالیست و حزبی زەحمەتكێشان-ئایندەیش حسێب بكەین، كە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستاندا لەگەڵ لیستى هاوبەشى 4 حزبەكە دابەزین و 3 كورسییان بەركەوت، كە زیاتر لە 40 هەزار دەنگى دەویست، ئەو كاتە لە باشترین باردا دەتوانرێ بگوترێ لیستى هاوبەشى دوو حزبە سەرەكییەكەى كوردستان هەمان ژمارەى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى هەرێمیان هێناوە.

ئەگەر هەردوو حزبیش بەجیا حسێب بكەین، دەبینین پارتى دیموكراتى كوردستان لە سێ پارێزگاكەى هەرێم 671 هەزار و 965 دەنگى هێناوە، كە دەكاتە 34.65%ى دەنگەكان. هەروەها یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان 397 هەزار و 929 دەنگى هێناوە، كە دەكاتە 20.52%ى كۆى دەنگەكانى هەرێم.

لە هەڵبژاردنەكەى 1992، كە 993 هەزار دەنگدەر تێیدا بەشدار بوون، پارتى 428 هەزار و 339 دەنگ (44.55%ى دەنگەكان) و یەكێتى 423 هەزار و 682 دەنگ (44.03%ى دەنگەكان)ى بەدەست هێنابوو.

بەم پێیە یەكێتى لە رووى جەماوەرییەوە چ لەسەر ئاستى كۆى دەنگەكانى كوردستان و چ لەسەر ئاستى ئەو ئەو رێژەیەى خۆى لە 1992 هێناویەتى زیاتر لە 50% پاشەكشەى كردووە، هەرچی پارتیشە لەسەر ئاستى كۆى دەنگەكانى كوردستان زیاتر لە 10% و لەژاو رێژەى دەنگەكانى خۆیشى لە 1992، زیاتر لە 20% پاشەكشەى كردووە و ئەگەر بەپێى ئەو رێژەیەى 1992 بوایە دەبوو ئێستە زیاتر لە 850 هەزار دەنگى بهێنایە.

پارتى لەسەر ئاستى كۆى ەنگەكانى كوردستان نێزیكەى 10%، پاشەكشەى كردوە، بەڵام لەسەر ئاستى رێژەكەى خۆى لە ساڵى 1992 ( كە 44.55% بوو) نێزیكەى 22% پاشەكشەى كردوە. هەرچی یەكێتییە لەسەر ئاستى كۆى دەنگەكانى كوردستان نێزیكەى 24% و لەسەر ئاستى رێژەكەى خۆى لە ساڵى 1992 (كە 44.03% بوو) زیاتر لە 50% پاشەكشەى كردوە.

- لیستى بزوتنەوەى گۆڕان بەسەرۆكایەتیى نەوشیروان مستەفا، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى عێراقدا 19 هەزار و 240 دەنگ كەمترى هێناوە لەو دەنگانەى لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى هەرێمدا بەدەستى هێنا، لەكاتێكدا بەرپرسانى لیستەكە چاوەڕێ بوون ئەنجامەكانیان لەم هەڵبژاردنەى دوایدا لەوەى پێشوو باشتر بێ.

- هەردوو حزبە ئیسلامییەكە، یەكگرتووى ئیسلامی و كۆمەڵى ئیسلامی، ئەگەرچی ژمارەى كورسییەكانیان لە پەرلەمانى عێراق بە 6 كورسی مایەوە و زیادى نەكرد، لەكاتێكدا خۆیان پێشبینیى بەدەستهێنانى زیاتر لە 10 كورسییان دەكرد، بەڵام ژمارەى دەنگەكانیان بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكەى هەرێم لە تەمووزى 2009، پێكەوە 118 هەزار و 369 دەنگ زیادى كردوە.

ئەم ئەنجامە بەلاى هەردوو حزبەكە و بەلاى چاودێرانیشەوە ئەنجامێكى چاوەڕوانكراو نەبوو، بەتایبەت دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى هەرێمدا، كە تەنیا 7 مانگ پێشتر بوو، ئەو دوو حزبە تووشى شكستێكى گەورە هاتن و ژمارەى كورسییەكانیان لە 15 كورسییەوە بۆ 10 كورسی دابەزى، لە كاتێكدا پێش هەڵبژاردنەكە پێشبینى بەدەستهێنانى زیاتر لە 20 كورسیان دەكرد.

بەڵام ئایا ئەو چەند مانگە بایى ئەوە دەبێ هەر حزبێك ژمارەى هەوادارانى بەو رێژە زۆرە زیاد بكات، بەتایبەت كە لەو ماوەیەدا ئەو دوو حزبە چالاكی و پرۆژەیەكى سیاسی، ئابورى، كۆمەڵایەتیى هێندە گەورە و بەرچاویان نەبووە بەو شێوەیە كار لە گۆڕەپانەكە بكات؟

ئەگەر چەند ساڵێك بگەڕێینە دواوە بۆ هەڵبژاردنەكانى پێشترى هەرێم و عێراق رەنگە وێنەكە زیاتر روون ببێتەوە.

* یەكگرتووى ئیسلامى:

لە هەڵبژاردنى شارەوانییەكانى سلێمانى لە ساڵى 2000دا كاندیدى یەكگرتوو بۆ سەرۆكى شارەوانیى سلێمانى (وشیار رەسوڵ)، رێژەى 17.53%ى دەنگەكانى ئەو شارەى بەدەست هێناوە، كە 44 هەزار و 449 دەنگ بووە، كە ئەم رێژەیە لە ژمارەى دەنگەكانى پارێزگاى سلێمانى لە هەڵبژاردنەكەى پەرلەمانى عێراقدا، كە 833 هەزار و 631 دەنگە، دەكاتە زیاتر لە 140 هەزار دەنگ، ئەمە لە كاتێكدا یەكگرتوو 103 هەزار و 188 دەنگى هێناوە، كە دەكاتە نێزیكەى 12%ى دەنگەكان.

واتە دەنگەكانى ئەو حزبە لە سلێمانى، دواى 10 ساڵ، بەرێژە دابەزیوە.

هەروەها لە هەڵبژاردنى شارەوانیەكانى هەولێر لە ساڵى 2001، (زوهێر محەمەد ئەمین) كاندیدى یەكگرتوو بۆ سەرۆكى شارەوانیى هەولێر 52 هەزار و 183 دەنگى لە كۆى 422 هەزار و 912 دەنگ بەدەست هێنا، كە دەكاتە 12.33%ى دەنگەكان، هەروەها یەكێك لە كاندیدەكانى (ئوسامە جەمیل) 60 هەزار و 50 دەنگى بەدەست هێنا، كە دەكاتە زیاتر لە 14%ى دەنگەكان.

بەڵام لەم هەڵبژاردنەى دوایدا یەكگرتوو لە كۆى 680 هەزار و 408 دەنگى هەولێر، 51 هەزار و 56 دەنگى هێناوە، كە دەكاتە 8.2%ى دەنگەكان، كە ئەگەر بەپێى رێژەكەى 2001ى بهێنایە، دەبوو لانى كەم زیاتر لە 80 هەزار دەنگى بهێنایە.

تەنانەت ئوسامە جەمیل، كاندیدى ژمارە (1)ى یەكگرتوو لە هەولێر لەم هەڵبژاردنەدا، كە لە هەڵبژاردنەكەى پێشوودا زیاتر لە 60 هەزار دەنگى هێنا، لەم هەڵبژاردنەى دوایدا تەنیا 25 هەزار و 108 دەنگى هێنا. واتە دەنگەكانى زیاتر لە 50% دابەزیوە.

هەروەها كاندیدى یەكگرتوو بۆ سەرۆكایەتیى شارەوانیى دهۆك لە 19%ى كۆى دەنگەكانى شارى دهۆكى هێناوە، كە 277 هەزار و 944 دەنگ بووە، كە دەكاتە 52 هەزار و 809 دەنگ.

لەم هەڵبژاردنەى دوایدا یەكگرتوو لە كۆى 424 هەزار و 715 دەنگى دهۆك، 59 هەزار و 969 دەنگى هێناوە، كە دەكاتە نێزیكەى 14%ى دەنگەكان. بەپێى رێژەكەى 2001 بوایە، دەبوو زیاتر لە 80 هەزار و 500 دەنگى بهێنایە.

واتە لە نێوان 2001 تا 2010 یەكگرتوو بە رێژەى 5-6% دەنگەكانى دابەزیوە، كە ئەگەر دەستى بەو رێژەیەوە بگرتایە و تەنانەت هیچ زیادیشى نەكردایە، دەبوو لەم هەڵبژاردنەى دوایدا زیاتر لە 300 هەزار دەنگى بهێنایە.

خۆیان و زۆر لە چاودێرانیش پێیان وایە بەشێك لە دەنگەكانى یەكگرتوو لە سەردەمى دوو ئیدارەییدا هى لایەنگرانى دوو حزبە ناكۆكەكە بووە كە هەر لایەك لەبەرئەوەى خۆى بەشدارى هەڵبژاردنەكە نەبووە، لە دژى ئەویتر دەنگى بە یەكگرتوو داوە، لەبەرئەوە دەنگەكانى 2005 زیاتر قەبارەى ئەو حزبە نیشان دەدەن.

لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستاندا لە كانوونى دووەمى 2005، یەكگرتوو 9 كورسی لە كۆى 100 كورسیی لیستى هاوپەیمانیى كوردستان پێ درا، كە لیستەكە 1 ملیۆن و 570 هەزار و 663 دەنگى هێنابوو، هەر كورسییەك نێزیكەى 16 هەزار دەنگى دەویست، واتە دەنگەكانى یەكگرتوو بە نێزیكەى 140 هەزار دەنگ دانرا.

لە هەڵبژاردنەكەى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراقیشدا لە كانوونى یەكەمى 2005 كە بە لیستى سەربەخۆ دابەزى، 157 هەزار و 688 دەنگى هێنا، كە چەند هەزارێكى هى چەند پارێزگایەكى دەرەوەى هەرێم بوو.

بەم پێیە لە 2005 تا 2010 ژمارەى دەنگەكانى لە هەرێم 60-70 هەزار دەنگ زیادى كردووە.

كۆمەڵى ئیسلامى:

كۆمەڵى ئیسلامى لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى كوردستان لە ساڵى 2005، كە نێزیكەى 1 ملیۆن و 755 هەزار كەس تێیدا بەشدار بوون، 6 كورسی بەدەست هێنا، كە دەیكردە نێزیكەى 100 هەزار دەنگ، كە دەكاتە نێزیكەى 5.5%ى دەنگەكان.

لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەى دەنگەكانیان زیادى كردووە و بووەتە 144 هەزار و 996 دەنگ لە كۆى 1 ملیۆن و 938 هەزار و 754 دەنگى هەرێم، كە دەكاتە 7.48%ى دەنگەكان. واتە لە ماوەى 4 ساڵدا نێزیكەى 2% دەنگەكانیان زیادى كردووە.

* بۆ زانیاری و ژمارەكانى ئەم راپۆرتە سوود لە ماڵپەڕەكانى كۆمسیۆن و پەرلەمانى كوردستان و حزبەكان وەرگیراوە.

لە ژمارە 107ى رۆژنامەى رووداودا لە 5-4-2010 بڵاو بوویەوە.

عەقڵى ئاینى و عەلمانى هەڵگرى بەشێك لە خەسڵەتەكانى یەكترن

عومەر عەلى غەفور

عەلمانیەت (سێكیولاریزم) و ئاین، یاخود عەقڵى ئاینى و عەقڵى عەلمانى زۆر جاران وەك دوو ئاراستە، دوو چەمك، دوو فەلسەفەى تەواو دژ بە یەك دەخرێنە روو كە هیچ خاڵى بەیەكگەیشتن و لێكچوونێكیان نیە، وەك سارد و گەرم، سێبەر و بەرخۆر، روناكى و تاریكى، كە ئەمیان ئەوتر نەفى دەكات.

بەڵام ئایا لە واقیعدا ئەو دوو شتە، چ لەسەر ئاستى مەبدەئی و تیۆر و چ لەسەر ئاستى واقیع و پراكتیك، بەو شێوەیەى وێنا دەكرێ دوو دنیاى سەربەخۆ و جیاوازن و بەهیچ شێوەیەك هەڵگرى خاسیەتەكانى یەكترى نین؟

ئەگەر ئێمە بتوانین كەمێك لەو تەمومژە دەروونیەى ململانێى ئەو دوو تەوژمە فیكری-سیاسییە دروستى كردووە دوور بكەوینەوە و بە زهنیەتێكى سافتر و وردتر لە بابەتەكە بڕوانین و لەو پێناسانەى هەردوولا بۆ خۆیانى دەكەن رامێنین، رەنگە بگەینە ئەو باوەڕەى ئەو هاوكێشەیە بەو شێوەیە سادە و ساكار نیە و دەكرێ هەر یەك لە عەقڵى عەلمانى و عەقڵى ئاینى تارادەیەكى بەرچاو هەڵگرى ماكى عەقَڵەكەى ترن، بەبی ئەوەى بەخۆیان بزانن یان دانى پێدا بنێن.

عەلمانیەت، بەشێوەیەكى گشتى و دوور لە رۆچوون بەنێو پێناسە زۆرووزەبەندەكانیدا، بریتییە لە باوەڕبوون بەم دنیا مادییە و پشتبەستن بە پێوەرە مادییەكان لە لێكۆڵینەوە و تێگەیشتن لە یاساكانى بوون و ژیان و رێكخستنى پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا، بریتیە مەرجەعیەتى عەقڵ، خۆنەبەستنەوە بە وەحی و میتافیزیكاوە، فرۆید وتەنى (هیچ دەسەڵاتێك لەسەروو دەسەڵاتى عەقڵەوە نیە).

ئیسلامیزم-یش، كە رەقیب و نەقیزى عەلمانییەتە لە جیهانى ئیسلامیدا، بەكورتى بریتیە لەوەى مەرجەعت وەحى بێ و تەنیا لەوەوە دنیابینى و یاسا و ئاكار و رەفتارت وەربگریت، كە زۆر جار ئایەتەكانى لە نموونەى (ان صلاتی و نسكی ومحیای و مماتی لله رب العالمین) و (له الخلق و الامر) بۆ تەئسیلكردنى ئەم بۆچوونە بەكار دێن.

تێهەڵكێشبوونى ئەم دوو تەرزە بیركردنەوە و تێگەیشتە لە چیدایە؟

ئەگەر لە عەقڵە ئیسلامیەكەوە دەست پێ بكەین كە پێى وایە وەحى بناغە و پەرژینە و عەقڵ لە چوارچێوەى وەحیدا ئیش دەكات، دەبینین لە نێو سیستمى بیركردنەوەى ئاینیى ئیسلامیدا عەقڵ بەو شێوەیە جەڕ نەدراوە كە لەم وتەزایەوە دەخوێنرێتەوە، بگرە عەقڵ لە چوارچێوەى وەحیدا مەرجەعە و هەندێ جار تەنانەت لە دەرەوەى وەحیش دەكرێتە مەرجەع و دەورێكى یەكەمایەتى هەیە، نەك دووەمایەتى.

وەحى بریتیە لە دوو سەرچاوەى سەرەكى كە قورئان و فەرموودە (یاخود سوننە)ى راستن، لەم دوانە بترازێ هیچ سەرچاوەیەكى ترى فیكر و یاسادانانى ئاینى وەحی نیە.

بەڵام ئەو دوو سەرچاوە بنەڕەتییەى ئاین هەموو شتێكیان لەبارەى پێویستییەكانى ژیانى مرۆڤ و كۆمەڵگە تێدا نیە، تەنانەت هەندێ شتى بنچینەییش هەن باس نەكراون، لەبەرئەوە موسڵمانان بیریان بۆ ئەوە چووە كە پێویستە سەرچاوەى تر بۆ یاسادانان (تەشریع) بدۆزرێتەوە تا بتوانن وەڵامى هەموو خواستەكان بدەنەوە.

ئەم بیركردنەوەى مرۆڤە موسڵمانەكان لە داهێنانى سەرچاوەى ترى یاسادانان جگە لە قورئان و سوننە، بەپلەى یەكەم لە وەحیی عەقڵەوە بۆیان هاتووە نەك لە دەقێكى ئەو دوو سەرچاوەیەوە، لەو دوو سەرچاوەیەدا دەقێكى وا نیە موسڵمانان رابسپێرێ كە ئەگەر پێگیران بچن سەرچاوەى ترى یاسادانان دابهێنن، چونكە لە ساتى زیندوێتیى پێغەمبەردا هەموو كێشەكان بە ئایەت و فەرموودە چارەسەر كراون و پێویست بە سەرچاوەى تر نەبووە.

واتە لە یەكەم بڕیارى عەقڵى ئیسلامیدا بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى ترى یاسادانان بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاییانەى لە دوو سەرچاوە بنەڕەتییەكەدا قسەیان لەسەر نەكراوە، كە لە ئەنجامى ئەم بڕیارەوە چەندین سەرچاوەى دانپێدانراویدیكەى یاسادانانى ئاینى داهێنراون و بەشى هەرە زۆرى حوكمە ئاینیەكانى ژیانى مرۆڤ و كۆمەڵگە یەك لەدواى یەكەكان بەپشتبەستن بەو سەرچاوانە دانراون، عەقڵ دەورێكى یەكەمایەتى هەبوو.

لەم هەنگاوەدا عەقڵ سەرەتا و مەرجەع بووە لە داهێنانى ئەو شێوە بیركردنەوەیە بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى ترى یاریدەدەر بۆ دوو سەرچاوەكە، دواتر ئیجتیهاد لە دەقەكاندا دەستى پێ كردووە بۆ دۆزینەوەى میكانیزمى سەرچاوەكان.

ئەمە وەك سەرەتا.

دواى ئەوەش لە وردەكارییەكانى دیاریكردنى سەرچاوەكانى ترى تەشریع وەك (قیاس) و (ئیجماع) و (ئیستیحسان) و (مەسالیحى مورسەلە) و عورف و (شەرعى پێش ئێمە) و... هتد دا، ئەمانەیش لەرێى خوێندنەوەیەكى تایبەتەوە بۆ دەقەكان داهێنراون، كە بەبەڵگەبوون(حوجیەت)یان لە دەرەنجامى كۆتایدا هەر عەقڵە، بەبەڵگەى ئەوەى هەموو زاناكان لەسەر حوجیەت و شەرعیەتى ئەو سەرچاوانە یەكدەنگ نین، بگرە هەندێ زانا و قوتابخانەى فیكریى ئیسلامى زۆر دژى هەندێكیانن و بەدەرچوون لە شەرعى دەزانن، لەكاتێكدا هەموویان باوەڕیان بە دەقەكان و حوجیەتیان هەیە، ئەوەى جیاوازە عەقڵەكەیە.

كەواتە لێرەدا بۆ ئەوانەى باوەڕیان بەحوجیەتى هەر یەكێك لەو سەرچاوانە هەیە عەقڵ بڕیاردەرى یەكلاكەرەوەیە نەك خودى دەقەكان، چونكە دەقەكان بۆ هەمووان هەمان دەقن، بەڵام هەموان هەمان مانایان لێ وەرناگرن، لەبەرئەوە تەنیا ئەوانە مولزەمن بەو سەرچاوانە كە باوەڕیان بەو شیكارییە عەقڵییە هەیە كە ئەو سەرچاوەى پێ هەڵێنجاوە، واتە (استنباگ) كراوە.

خۆ ئەگەر بچینە نێو ورەكاریى ئەو حوكمە شەرعیانەیش كە لە رێى ئەو سەرچاوانەى تەشریعەوە (استنباگ) دەكرێن، لە مەسەلەیەكى دیارى كراودا (بۆ نموونە حوكمى جگەرەكێشان)، لەوەیشدا رۆڵى عەقڵ و تەنانەت مەرجەعیەتیى عەقڵ بە روونى دیارە، چونكە لە بارێكدا ئێمە نازانین ئەو حوكمەى زانایەك پێى گەیشتووە لەو مەسەلەیەدا چەندە گوزارشت لە ئیرادەى ئیلاهى دەكات (لەبارێكدا ئەگەر گریمان ئایەتێك دابەزێ و حوكمەكەى دیارى بكات)، كەواتە ئەو حوكم یاخود فتوایە هێزى خۆى لەو عەقڵكارییەوە وەردەگرێ كە حوكمەكەى پێ هەڵێنجاوە، چونكە رەنگە یەكێكى دى لە هەمان بابەتدا راى پێچەوانەى ئەوە هەڵێنجێ، ناشكرێ دوو دژەحوكم هەردووكیان لاى خوا پەسند بن، هەر یەكێكیان پەسەندە، كەواتە لێرەدا وەحى بنبڕ و یەكلاكەرەوە نەبوو، بەڵكو عەقڵ و خوێندنەوە عەقڵیەكە بنبڕ و یەكلاكەرەوە بوون ، هەر لەبەرئەوەیشە هیچ زانایەك ناچار نیە پابەند بێ بەفتواى زانایەكى تر مەگەر باوەڕى بەبەڵگەكانى هەبێ.

ئاخر ئەگەر دەق مەرجەعى یەكەم بوایە كێشەكەى یەكلا دەكردەوە، چونكە ناكرێ وەحى پێمان بڵێ فڵانە شت حەرامە و واجبیشە، یان موستەحەبە و مەكرووهیشە، یەك بڕیار دەڵێ، مادام زیاتر لە بڕیارێك هەبوو، كەواتە عەقڵ بابەتەكەى بەلایەكدا حەسم كردوە، حەسمیش نابێ، چونكە عەقڵ تێیدا حاكم بووە و موسڵمانیش خۆى بە پابەند دەزانێ شوێن وەحیى قەتعی بكەوێ بێ نەك عەقڵ و ئیجتیهاد و بۆچوونى تاكەكەس.

زیاد لەوەیش هەندێ لە زانایان پێیان وایە تەنانەت ئەو پێنج حوكمە تەكلیفییەش كە بۆ شتەكان دانراون (واجب، موستەحەب، موباح، مەكروهـ، حەرام)، دیاریكردنێكى عەقڵین نەك حوكمێكى شەرعی، ئەویش لەو رووەوە دەقێكمان لە دوو سەرچاوەكەى وەحیدا نیە پێمان بڵێ كار و كردەوەكانى مرۆڤ دابەش دەبن بەسەر ئەو پێنج حوكمەدا، بەڵكو زانایان ئەو فۆرمەیان داهێناوە و حوكمەكانیان بەسەردا دابەش كردوون، ئەگەر 1430 ساڵ بگەڕێینە دواوە ئەو پێنج زاراوەیە نابینین.

بەم پێیە دەبینین عەقڵ حزورێكى گەورەى لە عەقڵى ئاینیدا هەیە تا ئەو رادەیەى هەندێ جار و لە هەندێ وێستگەى جەوهەری و بونیەویشدا حزورێكى مەرجەعی و یەكەمایەتى هەیە.

ئەمە لەرووى تیۆرییەوە.

لە رووى پراكتیكیشەوە، دەبینین كەس/حزب/دەسەڵاتى ئیسلامى هەمیشە و بەتەواوى پابەند نین بەو دروشمەوە، وەك وا گومان دەبرێ، ئەمیش لە دوو رووەوە: لەلایەك بەپێى كاركردنیان بەو سیستمى بیركردنەوە و ئیجتیهادەى سەرەوە، كە بڕێكى زۆر عەقڵانیەت و سەربەخۆیى عەقڵى تێدایە.

لەلایەكى ترەوە ئەگەرچی هەندێ جار خەڵكى تر كافر و فاسق دەكات لەسەر ئەوەى شوێن حزبێكى عەلمانى كەوتوون، یان دەسەڵات تەكفیر و تەفسیق دەكات لەبەرئەوەى "حوكم بەبەرنامەى خوا ناكات"، ئەویش لە روانگەى ئایەتەكانى (ومن لم یحكم بما انزل الله فأولئك هم الكافرون/...هم الڤالمون/..هم الفاسقون) المائدە، بەواتاى حوكمنەكردن بە مەرجەعیەتى وەحى، كەچى خۆى لە رەوشت و سیاسەت و ئابوورى و هونەر و... هتدا كارى پێناكات.

ئاخر غەیبەتكردنى ئەوانى تر، تانەلێدانیان، بوختان بۆ كردنیان، قۆڵبڕینیان، ئازاردانیان بە زمان و كردەوە، پاشقول لێگرتنیان، كوشتنیان، هەموو ئەمانە كارنەكردنە بە بەرنامەى خوا، چونكە پێچەوانەى فەرمانى ئاینەكەن و دەشكرێن و قەت بیریش بۆ ئەوە ناچێ ئەمە لە جەوهەردا هەمان تۆمەتیان لەسەر ساغ دەكاتەوە كە دەیدەنە پاڵ رەقیبەكانیان.

هەر لەم بارەیەوەیە فەهمى هوەیدى ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو ئایەتەى سەرەوە زۆرترین جار لەلایەن سەرانى هێزە ئیسلامییەكانەوە بە رووى عەلمانیەكاندا دراوە، كەچى جارى وا هەیە ئەوانە ناتوانن لەنێو ماڵ و منداڵى خۆیاندا بەو شێوەیەى خوا پێى خۆشە بجوڵێنەوە و كار بكەن.

ئەمە جگە لەوەى دانانى چوارچێوە یاخود سیاق یان سیستمێكى تایبەت بۆ تێگەیشتن لە كۆى دەقەكان لە مەسەلەیەكدا، بەشێوەیەك لەگەڵ ئاراستەى فیكری و سیاسی یان بڕیار و هەڵوێستێكى دیاریكراوى كەس یان حزبێك یان قوتابخانەیەكى ئاینیى تایبەتدا بگونجێ، ئەمیش عەقڵ دەیكات و هەر ئەویش بابەتەكە یەكلا دەكاتەوە.

بۆ نموونە حزبێكى ئیسلامیى چەكدار دەقەكان و دراوەكانى مێژوو بەشێوەیەك رێك دەخات و دەیانخوێنێتەوە كە پاڵپشتى لە بڕیارەكەى ئەو بۆ خەباتى چەكدارى و پەنابردن بۆ توندوتیژى بۆ سەرخستنى پەیامى ئاینەكە بكات و لەمەدا، وەك وتراوە، میكانیزمى (دەرخستن و شاردنەوە)، پەیڕەو دەكات، واتە ئەو دەقانە دەشارێتەوە یان تەئویل دەكات كە دژى بۆچوونەكەى ئەو دەگەیەنن، ئەو بۆچوونانەیش دەردەخات و زەق دەكاتەوە كە پشتگیرى دەكەن.

بەپێچەوانەوە ئەو حزبە ئیسلامییەى باوەڕى بەكارى بێچەك و مەدەنى هەیە دەق و دراوە تەئسیسیەكان بەشێوەیەك رێك دەخات و دەخوێنێتەوە كە بەگشتى پاڵپشتى لە رەوتەكەى ئەو بكات و ئەمیش هەمان میكانیزمى دەرخستن و شاردنەوە پێڕەو دەكات.

لێرەوە بوو كاتى خۆى دەوترا ئەندامانى بزووتنەوەى ئیسلامی لە نوێژیشدا ئەو ئایەتانە زیاتر دەخوێننەوە كە باسى چەك و جیهاد و توندوتیژى دەكەن و ئەو ئایەتانەى داكۆكى لە نەرمى و گفتوگۆ و ئاشتیخوازى دەكەن دەشارنەوە، هەروەها یەكگرتووەكانیش تەنانەت لە نوێژیشدا ئایەتەكانى جیهاد ناخوێننەوە.

تەنانەت بورهان محەمەد ئەمین خاوەنى تەفسیرى "ئاسان"، كە تا ئێستا زیاتر لە 10 جار چاپ كراوەتەوە و ئەسڵ وایە بۆ هەموو تەوژم و چین و توێژێك نووسرابێ، لە تەفسیركردنى هەندێ ئایەتى جیهادیدا ئەم سیستمە لایەندارییەى پەیڕەو كردووە و واتاى هەمان وشەى بەچەند دەربڕینێكى جیاواز كردوە بەشێوەیەك لەگەڵ رەوتە فیكرى و سیاسییەكەى خۆیدا رێك بێتەوە.

بۆ نمونە وشەى (كتب-بەشێوەى بكەر نادیار-مبنی للمجهول)، كە بەواتاى "لەسەر پێویست كران" دێت بە دوو ماناى جیاواز تەفسیر دەكات، لە ئایەتى (كتب علیكم الصیام)دا البقرە-183، دەڵێ "رۆژووى رەمەزان لەسەرتان پێویست كراوە"، هەروەها لە ئایەتى (كتب علیكم القصاص)دا دەڵێ "پێویست كراوە لەسەرتان تۆڵەسەندنەوە بۆ كوژراوەكان"، دیسان لە ئایەتى 18یشدا لەبارەى وەسیەتكردنەوە وشەى (كتب) بە"پێویست كراوە لە سەرتان" مانا كردوە، كەچى لە ئایەتى (كتب علیكم القتال) دا ئەو "پێویستبوون"ـە خاو دەكاتەوە و بە "جەنگ لەسەرتان بڕیار دراوە" واتاى دەكات.

دیارە ئەو هێز و بنبڕییەى لە "لەسەرتان پێویست كراوە"دا هەیە، لە "لەسەرتان بڕیار دراوە"دا نییە، ئەوەیش بۆ ئەوە بووە تا واى لێ نەخوێنرێتەوە كە جەنگكردن واجبە، چونكە بەو شێوەیە گوتارى تەوژمى جیهادیى بزووتنەوەى ئیسلامی زاڵ دەكات بەسەر گوتارى مەدەنیانە و ئاشتیخوازانەى یەكگرتوودا، كە راڤەكار ئینیتماى بۆى هەیە.

ئەڵبەت ئەم وابەستەییەش بە مەرجەعیەتى وەحییەوە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكى تر و لە حزب و دەسەڵاتێكەوە بۆ یەكێكى تر دەگۆڕێ، بۆ نموونە حزبى دادوگەشەپێدانى توركیا بەسەرۆكایەتیى رەجەب تەیب ئەردۆگان جیاوازە لە حزبى رەفاهى نەجمەدین ئەربەكان، ئەویان گوتارێكى نیمچە عەلمانى هەیە، ئەمیان گوتارەكەى زۆر ئاینییە.

لە كوردستان گوتارى كۆمەڵى ئیسلامى ئاینیترە تا گوتارى یەكگرتووى ئیسلامى، تەنانەت هەندێ لە سەركردەكانى ئەمەى دوایى پێیان وایە حزبەكەى ئەوان ئیسلامى نیە، بەڵكو عەلمانیى موحافیزكارە.

كەواتە زانیمان عەقڵى ئاینی، چ لە رووى تیۆرییەوە و چ لە رووى پراكتیكەوە، تەواو ئاینى نیە و دەمارێكى عەلمانیەتى تێدایە، ئیدى ئەو عەلمانیەتە عەلمانیەتێكى عەفەوى بێ یان فەلسەفى، عەلمانیەتێكى ئیرادى بێ یان لائیرادى، عەلمانیەتێكى فراوان و سەراپاگیر بێ یان بەشەكى و كاتى.

*** ***

ئەگەر بێینە سەر لایەنەكەى تر واتە عەلمانیەت، ئەمیش لە شیكردنەوەى كۆتایدا نە لەسەر ئاستى تیۆر و نە لەسەر ئاستى پراكتیك عەلمانیەتى پوخت و تەواو نیە، بەڵكو دەمارێكى ئاینى تێدایە، كە زیاد و كەم دەكات.

سروشتى عەلمانیەت جیایە لە سروشتى ئاین، چونكە ئاین بەلاى شوێنكەوتوانیەوە لە خواوە هاتووە و بنەما نەگۆڕەكانى بەدەر لە ویست و بەشداریى مرۆڤ دانراون و مرۆڤ بۆى نییە بەئارەزووى خۆى زیاد و كەمیان تێدا بكات یان پێناسەى جیاوازى بۆ بكات، بەڵام عەلمانیەت لە ئەلیفیەوە تا یا-ی بەرهەمێكى فیكرى بەشەرییە و قابیل بەوەیە بۆچوون و تێگەیشتنى جیاوازى لەسەر دروست بێ، واتە عەلمانیەت هیچ نیە جگە لە بۆچوونى تیۆریست و كارەكتەرە عەلمانیەكان، كە هەر وایشە، ئەوەتا دەیان پێناسە و تێگەیشتنى جۆراوجۆرى لەسەر دروست بووە.

لێرەوە بۆچوونەكانى تیۆریست و سیمبوڵە فیكرى و سیاسییەكانى عەلمانیەت، بەجیاوازى ئاراستە و قوتابخانەكانیانەوە، لەبارەى ئەو چەمكەوە، بەگشتى بەشێكن لە كولتوورى عەلمانیەت و بەفیكرى عەلمانى حسێبن.

لێرەوەیە لە بەرە عەلمانییەكەدا تیۆر و پراكتیك وەك بەرە ئاینییەكە لەیەك جودا نین، بەڵكو تێهەڵكێشى یەكترن، چونكە چ تیۆر و چ كردار لە مرۆڤە عەلمانیەكانەوە، نەك لە هێزێكى بانمرۆییەوە، وەك ئەوەى لە ئایندا هەیە، سەرچاوە دەگرن، بەم پێیەش باوەڕداریى هەندێ لە عەلمانییەكان بەبناغەكانى ئاین جیاواز لە هەندێكیتریان كە ئەو باوەڕەیان نییە، تەقدیسكردنى خودى عەلمانیەت تا رادەى سەیركردنى وەك ئاینێكى تر لەلایەن هەندێ لە عەلمانیەكانەوە، باوەڕبوون بەحەتمیەتى سەركەوتنى عەلمانیەت لە كۆتایدا، لەكاتێكدا دراوەكانى واقیع ئەو ئاماژەیە نادەن، ئەمانە هەموو خەرقى عەلمانیەتن و دەمارى ئیمانى ئاینی و غەیبین لە فیكرى عەلمانیدا.

محەمەد ئەرەكۆن پێى وایە، گەر لە هەڵە نەبم، تا 2015 عەلمانیەت جیهانى ئیسلامى دەگرێتەوە، ئەمە هەمان سیستمى ئیمانى دینییە لاى مرۆڤێكى ئیماندار، كە باوەڕى وایە لەكۆتایدا ئاین سەردەكەوێ، ئەویش تەنیا لەرووى باوەڕبوونى بەبەڵێنەكانى نێو كتێبە پیرۆزەكانییەوە، وەك ئایەتى (كتب الله لاغلبن انا و رسلی) (سیهزم الجمع ویولون الدبر) (ان الارچ یرپها عبادی الصالحون).

ئەگەر باباى ئاینپەروەر پاساوى بۆ ئەو باوەڕە، كە رەنگە لە ژیانى خۆیشیدا ئەو سەركەتنە نەبینێ، ئەوە بێ كە "بەڵێنى خوایە" و بەحەتمى رۆژێك دێ دێتە دى، ئەى پاساوى ئەرەكۆن وئەوانەى عەلمانیەت بەئاینى ئایندەى مرۆڤایەتى دادەنێن و دەیپەرستن، چییە؟

لە رووى تیۆرییەوە هەندێ بۆچوون پێیان وایە هەر خۆبەستنەوەیەك بەئاینەوە و كردنى بە مەرجەعى هەڵسوكەوت ئەگەر لە تەسكترین بوارى ژیانیشدا بێ وەك بەبەردەوامى كردنى نوێژى جومعە، رۆژووگرتن، خەرقى عەلمانیەتە، بەڵام هەندێكى تر پێیان وایە باوەڕ بەخوا و ئەنجامدانى هەندێ رێورەسمى ئاینی ئاساییە، ئەمە لە جیهانى ئیسلامى بەزەقى دیارە.

ئەم رۆحیەتە ئاینیەى نێو عەلمانیەت و عەلمانیەكانیش دیسان بەپلە و رێژەیە، لە كەس و حزب و دەسەڵاتێكەوە بۆ یەكێكى تر دەگۆڕێ.

ئەگەر كوردستان بەنموونە وەرگرین لەرووى پێوەدیاربوونى عەلمانیەتەوە، لە نێو حزبە سەرەكییەكاندا یەكێتى لە پارتى عەلمانیتر دیارە بەتایبەت لە سەركردایەتى و راگەیاندندا، حزبی شیوعى لە یەكێتى عەلمانیترە، حزبى كۆمۆنیستى كرێكارى ئەوپەڕى لێ گرتووە.

كەواتە چ لە رووى نەزەرى و چ لە رووى كردەییەوە فیكرى ئاینى لە نێو عەلمانیەت و عەلمانیەكان و، فیكرى عەلمانى لەنێو عەقڵى ئیسلامى و ئیسلامیەكاندا هەیە با خۆیشیان هەستى پێ نەكەن و دانى پێ دا نەنێن.

واتە چ عەلمانیەت و چ ئیسلامیەت وەك نێر و مێ هەڵگرى رێژەیەك لە هۆرمۆنەكانى فیكرەكەى ترن، نە ئەمیان تەواو ئاینییە و نە ئەویان تەواو نائاینییە.

لەبەرئەوە پێویست ناكات ئێمە شەڕ لە دژى چەمكە تەجریدیەكان بەرپا بكەین، لەكاتێكدا هێشتا خانەخوێى هەردوو چەمكەكە بەتەواوى لە ماهیەتى فەلسەفەكەیان نەگەیشتوون و نازانن چییە و سنوورەكانى لەگەڵ فەلسەفە ركابەرەكەى لە كوێدایە، ئەمە جگە لەوەى تەنانەت لەو مەودایەشدا كە بەحساب لە فیكرەكەیان گەیشتوون كارى دڵسۆزانەى پێ ناكەن، كەچی شەڕیشى لەسەر دەكەن.

تۆ دەبینى كەسێك یاخود حزبێكى ئیسلامى شەڕ لەدژى عەلمانیەت رادەگەیەنێ، كەچى خۆى كار بەو ئیسلامە ناكات كە شەڕى لەسەر دەكات، لە قسە و كرداریدا، لە مامەڵە و كەسابەت و پارەپەیداكردنیدا، لە پەیوەندیەكانى لەگەڵ دەوروبەر و هاوكار و هاوڵاتى و رەقیبەكانیدا.

بەهەمان شێوە كەس و حزب و دەسەڵاتى عەلمانیش هەیە، پێى وایە عەلمانیەت دەردى گشت دەردانە و مەرهەمى گشت برینانە، مافى مرۆڤ و عەقڵانیەت و دیموكراسیەت و پلورالیزم و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات و قبوڵكردنى جیاوازیەكان و نازانم چییە، كەچى بەكردەوە دوژمنى باوەكوشتەى ئەم بەهایانەیە، كە بەشێك لە شەڕەكەى لەگەڵ تەوژمى ئیسلامى لەبەرئەوەیە پێى وایە ئەوانە مەترسین بۆ سەر ئەو بەهایانە.

یان لە ساتەوەختێكدا 180 پلە گێڕ دەگۆڕێ و بۆ بەدەستهێنانى چەند دەنگێكى زیاتر لە هەڵبژاردندا، یان بۆ راكێشانى سۆزى شەقام، یان لە ناتێگەیشتن و بەرچاولێڵییەوە لە جەوهەرى عەلمانیەت، پەنا بۆ ئەو كارانە دەبات و دەیانكات كە لە جەوهەرى تایبەتمەندیى كەس و حزب و گرووپە ئاینیەكانە، وەك پەنابردن بۆ فتواى مەلاكان و كردنەوەى خولى ئاینى و ئەنجامدانى نوێژەبارانە و قوربانیكردن و هتد.

لەبەرئەوە ئەگەر بتوانین ئەو دوو چەمكە لە فەرهەنگى خۆماندا بسڕینەوە پێم وایە كارێكى باش دەكەین و خزمەتێكى گەورە بە پێكەوەژیانى تەوژم و گرووپەكانمان هەیە و هیچ زیانێكیشمان لێ ناكەوێ، ئاخر تا پێش راپەڕین ئەو دوو وشەیە لەناوەندى رۆشنبیریى كوردیدا نەبوو.

ئەگەر دەوترێ ئەو ناونانە شتێكى مەنهەجی و واقیعییە و لە هەموو جیهاندا هەیە، دەبا ئێمە لەوەدا جیاواز بین و دەستبەردارى بین و ئەوە بكەینە یەكێك لە تایبەتمەندیەكانى كۆمەڵى كوردستان.

با بگەڕێینەوە سەر ناسنامە سروشتی و ناكۆكیهەڵنەگرە مێژووییەكەى خەڵك، كە ناسنامە مرۆڤایەتى و نەتەوایەتى و ئاینییەكەیە، واتە ئێمە مرۆڤى كوردى موسڵمانین و تەواو، ئەوەیش توركمان یان عەرەبە بۆ خۆى بەو شێوەیە، ئەوەیش لەناخیدا خۆى بە موسڵمان نازانێ با بڵێ كوردم و تەواو، ئیدى كەس سوێندى نادات ئایا باوەڕى بەئیسلام هەیە یان نا.

كامیان بۆ كوردستان پێویستن؟

زۆر جار لەسەر زارى ئەم یان ئەو رۆشنبیر و سەركردەى حزبە عەلمانییەكان یان ئیسلامیەكان دەبیستین كە بوونى بیرى بەرامبەر بە نامۆ و زیادە و زیان و بۆ كۆمەڵگە دادەنێ و جەخت لەوە دەكات كە ئەو گرووپە هیچ خێر و چاكەیەكى بۆ كۆمەڵگەى كوردى پێ نیە.

هەروەك باس لەوە دەكەن كە حەتمیەتى مێژوویى كۆمەڵگە بەرەو رێبازەكەى ئەوان و پوكانەوە و مایەپووچبوونى ئەوى تر دەبات.

ئەمانە هەمووى حەزى دەروونن و بناغەیەكى زانستییان نیە، كەس ناتوانێ پێداگرى بكات لەوەى كۆمەڵگە لە كۆتایدا كام تەوژمە لەئامێز دەگرێ و پشت لە كامەیان دەكات، تەنانەت ئەگەر لە قۆناغێكى مێژوویى تایبەتیشدا ئاماژەكان لە بەرژەوەندیى لایەكیان بن و ئەوی تر لە پاشەكشە و چوونەیەكدا بێ، ئەمە قەت بەڵگەى ئەوە نیە كە ئەو دەورەیە بەسەر ناچێ و سەڵتەنەتى بەهارى باڵادەستەكە و رۆژە سەختەكانى زستانى لاوازەكە بەپێچەوانەى پێشوو بەسەر ناچن.

سەردەمێك هەبوو لە زانكۆكاندا بەدەگمەن كچە قوتابیەكى باڵاپۆشت دەبینى، لە گەڕەكەكاندا سەرپۆش بۆ كچان عەیبە بوو، نوێژ و خواپەرستى بۆ گەنج بەپێویست نەدەزانرا و مزگەوتەكان تەنیا پیاوانى پیر و بەساڵاچووى تێ دەچوو، ئەم دەورانە تێ پەڕی و ئێستە قوتابخانە و و زانكۆ و فەرمانگە و مزگەوتەكان جمەیان دێ لە گەنجى نێر و مێى پابەند بەئاینەوە.

هەروەها ئەگەرچی ئێستە فەزاى ئاینى لە كۆمەڵگەدا جۆرێك لە باڵادەستی هەیە، بەڵام ئەم باڵادەستیەش بەو شێوەیە نیە كە هەندێ بیرى لێ دەكەنەوە و بەرەهایى پێیان وایە كۆمەڵگەى كوردى كۆمەڵگەیەكى پابەندە بەئاینەوە و لێرەشەوە عەلمانیەكان نامۆن بەسروشتى كۆمەڵگەى كوردى، زۆربوونى یانە و دوكانەكانى شەراب لە كوردستان، دیارەى مەشروب خواردنەوە لە قەراغ شارەكان و لە سەیرانگاكان، بەشداریى بەرفراوانى توێژێكى خەڵك لە ئاهەنگەكانى نەجوا كەرەم و موعین و جەمشید و زەكەریا و بڵند كێ و كێ و شایى و رەشبەڵەك و سەماى سەرى ساڵ، ئاماژەى جیاواز لەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە.

تەنانەت ئەو پێشكەوتنە لە پابەندبوونى ئاینیى گەنجان بەبەراورد لەگەڵ شەستەكان و حەفتاكاندا، بۆ خۆى بەڵگەى ئەوەیە كولتور شتێكى بزۆزە نەك جێگیر، بەڵگەى ئەوەیە ئەوەى دەوترێ كولتورى كوردی دەستبەردراى ئاین نابێ، دەربڕینێكى ورد نیە، بەڵكو ئەو پابەندبوونە لە جوڵەدایە و لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكى تر دەگۆڕێ.

كولتوریش وەك هەر كائینێكى زیندوو بەساوایى لەدایك دەبێ، گەشە دەكات و پێ دەگات تا دەگاتە ئەوپەڕى هێزى خۆى، ئەنجا روو لە لاوازى و پیربوون دەكات و دەشمرێ.

لەبەرئەوە لە رووى ئەخلاقی و زانستیشەوە نە عەلمانى و نە ئیسلامى مافى ئەوەیان نیە بەناوى كۆمەڵگەوە قسە بكەن و بڕیار لە بارەى ئایندەى ئەوى ترەوە بدەن. ئەگەر دەوترێ كوردستان پێویستى بە ئەم یان ئەو تەوژم نیە، ئەدى چی دەكەن لەو خەڵكەى شوێنی ئەو حزبە ئیسلامى/عەلمانیانە كەوتوون؟ ئەگەر خێریان تێدا نابینن بۆ شوێنیان دەكەون؟

ئەز واى دەبینم خەڵكى ئاسایى هیچ لە شەڕى عەلمانیەت و نەقیزەكەى نازانێ و تێى ناگات، زۆرێك لەو خەڵكە ئاساییەى شوێن یەكێتى و پارتى كەوتوون لە ئەشقى عەلمانیەتەوە شوێنیان نەكەوتوون، بەڵكو لەبەر ئیعتیباراتى نەتەوەیى و شتى تر شوێنیان كەوتوون، چونكە زۆرێك لەو خەڵكە هێشتا زۆرێك لە چالاكی و پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیان بەپێى رێسا و یاساكانى شەرع بەڕێوە دەبەن، وەك ئەنجامدانى نوێژ و رۆژوو و زەكات و حەج و عەمرە، قوربانیكردن، نوێژەبارانە، ژن مارەكردن، دابەشكردنى میرات و ...هتد. تەنانەت حزبەكانیشیان خۆیان بە ناچار دەبینن موجامەلەى ئەو هەستە ئاینییە بكەن.

هەروەها زۆرێك لەوانەیش شوێن تەیارى ئیسلامى دەكەون لە تێگەیشتنێكى قووڵەوە شوێنى ناكەون، تەنیا لەو رووەوەیە دەبینن ئەوانە خەڵكى دیندارن و هەوڵ دەدەن خەڵك ئیتاعەى خوا و پێغەمبەر بكات، ئەوانیش متمانەیان بەئەهلى مزگەوت و دیندارى هەیە.

ئەوەى لاى ئەو خەڵكە گرنگە ئەوەیە ژیانێكى ئاسایى و ئارام بژی، كە تێیدا نان و ئیمانیان سەلامەت بێ، كێ ئەمانە دەستەبەر بكات دەیباتەوە، لەبەرئەوە پێم وایە هەڵوەشاندنەوەى ئەم تەقسیمبەندییەى كۆمەڵگە بۆ عەلمانى و ئیسلامى لە ئەدەبیاتى فیكرى و سیاسی و رۆشنبیریماندا، یان لانى كەم هێندە زەق نەكردنەوەى و سەرقاڵ نەكردنى خەڵك بەشەڕێكى بێسوود لەسەر چەمكە تەجریدیەكان، بڕیارێكى گرنگ و مێژوویى دەبێ.