لە دایكبووى هەلەبجە-كوردستانى عيراق. نووسەر و روژنامەنووس، بایەخ بە بابەتە فیكرى و سیاسی و ئەخلاقی-ئینسانییەكان دەدات. سەدان وتار و ليكولینەوەى بە زمانەكانى كوردى و عەرەبی بلاو كردووەتەوە. تا ئيستە 7 كتيبی چاپ و بلاو كراوەتەوە، ئەوانیش: - مافى ئافرەت لە نيوان رەگەزسالارى و مروڤسالاریدا. - بەئایدیولوژیاكردنى ئاین. - جەدەلى ئیسلامى و عەلمانى. - ئەخلاق لە سیاسەتدا. -مروڤایەتیمان لە بوسەى ئایدیولوژیادا. - ئاین لە فیكرى مەسعود محەمەددا. - گوتارى ئاینى لەژير وردبیندا. *** *** *** عمر علي غفور، كاتب كردي من كوردستان العراق، من مواليد مدينة حلبجة. مهتم و كاتب بالقضايا الفكرية و السياسية و الانسانية، نشر له العديد من البحوث و الدراسات و المقالات باللغتين الكردية و العربية، بعضها على شكل كتب، حيث صدر له حتى الان 7 كتب باللغة الكردية.

الأحد، 25 أبريل 2010

عەقڵى ئاینى و عەلمانى هەڵگرى بەشێك لە خەسڵەتەكانى یەكترن

عومەر عەلى غەفور

عەلمانیەت (سێكیولاریزم) و ئاین، یاخود عەقڵى ئاینى و عەقڵى عەلمانى زۆر جاران وەك دوو ئاراستە، دوو چەمك، دوو فەلسەفەى تەواو دژ بە یەك دەخرێنە روو كە هیچ خاڵى بەیەكگەیشتن و لێكچوونێكیان نیە، وەك سارد و گەرم، سێبەر و بەرخۆر، روناكى و تاریكى، كە ئەمیان ئەوتر نەفى دەكات.

بەڵام ئایا لە واقیعدا ئەو دوو شتە، چ لەسەر ئاستى مەبدەئی و تیۆر و چ لەسەر ئاستى واقیع و پراكتیك، بەو شێوەیەى وێنا دەكرێ دوو دنیاى سەربەخۆ و جیاوازن و بەهیچ شێوەیەك هەڵگرى خاسیەتەكانى یەكترى نین؟

ئەگەر ئێمە بتوانین كەمێك لەو تەمومژە دەروونیەى ململانێى ئەو دوو تەوژمە فیكری-سیاسییە دروستى كردووە دوور بكەوینەوە و بە زهنیەتێكى سافتر و وردتر لە بابەتەكە بڕوانین و لەو پێناسانەى هەردوولا بۆ خۆیانى دەكەن رامێنین، رەنگە بگەینە ئەو باوەڕەى ئەو هاوكێشەیە بەو شێوەیە سادە و ساكار نیە و دەكرێ هەر یەك لە عەقڵى عەلمانى و عەقڵى ئاینى تارادەیەكى بەرچاو هەڵگرى ماكى عەقَڵەكەى ترن، بەبی ئەوەى بەخۆیان بزانن یان دانى پێدا بنێن.

عەلمانیەت، بەشێوەیەكى گشتى و دوور لە رۆچوون بەنێو پێناسە زۆرووزەبەندەكانیدا، بریتییە لە باوەڕبوون بەم دنیا مادییە و پشتبەستن بە پێوەرە مادییەكان لە لێكۆڵینەوە و تێگەیشتن لە یاساكانى بوون و ژیان و رێكخستنى پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا، بریتیە مەرجەعیەتى عەقڵ، خۆنەبەستنەوە بە وەحی و میتافیزیكاوە، فرۆید وتەنى (هیچ دەسەڵاتێك لەسەروو دەسەڵاتى عەقڵەوە نیە).

ئیسلامیزم-یش، كە رەقیب و نەقیزى عەلمانییەتە لە جیهانى ئیسلامیدا، بەكورتى بریتیە لەوەى مەرجەعت وەحى بێ و تەنیا لەوەوە دنیابینى و یاسا و ئاكار و رەفتارت وەربگریت، كە زۆر جار ئایەتەكانى لە نموونەى (ان صلاتی و نسكی ومحیای و مماتی لله رب العالمین) و (له الخلق و الامر) بۆ تەئسیلكردنى ئەم بۆچوونە بەكار دێن.

تێهەڵكێشبوونى ئەم دوو تەرزە بیركردنەوە و تێگەیشتە لە چیدایە؟

ئەگەر لە عەقڵە ئیسلامیەكەوە دەست پێ بكەین كە پێى وایە وەحى بناغە و پەرژینە و عەقڵ لە چوارچێوەى وەحیدا ئیش دەكات، دەبینین لە نێو سیستمى بیركردنەوەى ئاینیى ئیسلامیدا عەقڵ بەو شێوەیە جەڕ نەدراوە كە لەم وتەزایەوە دەخوێنرێتەوە، بگرە عەقڵ لە چوارچێوەى وەحیدا مەرجەعە و هەندێ جار تەنانەت لە دەرەوەى وەحیش دەكرێتە مەرجەع و دەورێكى یەكەمایەتى هەیە، نەك دووەمایەتى.

وەحى بریتیە لە دوو سەرچاوەى سەرەكى كە قورئان و فەرموودە (یاخود سوننە)ى راستن، لەم دوانە بترازێ هیچ سەرچاوەیەكى ترى فیكر و یاسادانانى ئاینى وەحی نیە.

بەڵام ئەو دوو سەرچاوە بنەڕەتییەى ئاین هەموو شتێكیان لەبارەى پێویستییەكانى ژیانى مرۆڤ و كۆمەڵگە تێدا نیە، تەنانەت هەندێ شتى بنچینەییش هەن باس نەكراون، لەبەرئەوە موسڵمانان بیریان بۆ ئەوە چووە كە پێویستە سەرچاوەى تر بۆ یاسادانان (تەشریع) بدۆزرێتەوە تا بتوانن وەڵامى هەموو خواستەكان بدەنەوە.

ئەم بیركردنەوەى مرۆڤە موسڵمانەكان لە داهێنانى سەرچاوەى ترى یاسادانان جگە لە قورئان و سوننە، بەپلەى یەكەم لە وەحیی عەقڵەوە بۆیان هاتووە نەك لە دەقێكى ئەو دوو سەرچاوەیەوە، لەو دوو سەرچاوەیەدا دەقێكى وا نیە موسڵمانان رابسپێرێ كە ئەگەر پێگیران بچن سەرچاوەى ترى یاسادانان دابهێنن، چونكە لە ساتى زیندوێتیى پێغەمبەردا هەموو كێشەكان بە ئایەت و فەرموودە چارەسەر كراون و پێویست بە سەرچاوەى تر نەبووە.

واتە لە یەكەم بڕیارى عەقڵى ئیسلامیدا بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى ترى یاسادانان بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاییانەى لە دوو سەرچاوە بنەڕەتییەكەدا قسەیان لەسەر نەكراوە، كە لە ئەنجامى ئەم بڕیارەوە چەندین سەرچاوەى دانپێدانراویدیكەى یاسادانانى ئاینى داهێنراون و بەشى هەرە زۆرى حوكمە ئاینیەكانى ژیانى مرۆڤ و كۆمەڵگە یەك لەدواى یەكەكان بەپشتبەستن بەو سەرچاوانە دانراون، عەقڵ دەورێكى یەكەمایەتى هەبوو.

لەم هەنگاوەدا عەقڵ سەرەتا و مەرجەع بووە لە داهێنانى ئەو شێوە بیركردنەوەیە بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى ترى یاریدەدەر بۆ دوو سەرچاوەكە، دواتر ئیجتیهاد لە دەقەكاندا دەستى پێ كردووە بۆ دۆزینەوەى میكانیزمى سەرچاوەكان.

ئەمە وەك سەرەتا.

دواى ئەوەش لە وردەكارییەكانى دیاریكردنى سەرچاوەكانى ترى تەشریع وەك (قیاس) و (ئیجماع) و (ئیستیحسان) و (مەسالیحى مورسەلە) و عورف و (شەرعى پێش ئێمە) و... هتد دا، ئەمانەیش لەرێى خوێندنەوەیەكى تایبەتەوە بۆ دەقەكان داهێنراون، كە بەبەڵگەبوون(حوجیەت)یان لە دەرەنجامى كۆتایدا هەر عەقڵە، بەبەڵگەى ئەوەى هەموو زاناكان لەسەر حوجیەت و شەرعیەتى ئەو سەرچاوانە یەكدەنگ نین، بگرە هەندێ زانا و قوتابخانەى فیكریى ئیسلامى زۆر دژى هەندێكیانن و بەدەرچوون لە شەرعى دەزانن، لەكاتێكدا هەموویان باوەڕیان بە دەقەكان و حوجیەتیان هەیە، ئەوەى جیاوازە عەقڵەكەیە.

كەواتە لێرەدا بۆ ئەوانەى باوەڕیان بەحوجیەتى هەر یەكێك لەو سەرچاوانە هەیە عەقڵ بڕیاردەرى یەكلاكەرەوەیە نەك خودى دەقەكان، چونكە دەقەكان بۆ هەمووان هەمان دەقن، بەڵام هەموان هەمان مانایان لێ وەرناگرن، لەبەرئەوە تەنیا ئەوانە مولزەمن بەو سەرچاوانە كە باوەڕیان بەو شیكارییە عەقڵییە هەیە كە ئەو سەرچاوەى پێ هەڵێنجاوە، واتە (استنباگ) كراوە.

خۆ ئەگەر بچینە نێو ورەكاریى ئەو حوكمە شەرعیانەیش كە لە رێى ئەو سەرچاوانەى تەشریعەوە (استنباگ) دەكرێن، لە مەسەلەیەكى دیارى كراودا (بۆ نموونە حوكمى جگەرەكێشان)، لەوەیشدا رۆڵى عەقڵ و تەنانەت مەرجەعیەتیى عەقڵ بە روونى دیارە، چونكە لە بارێكدا ئێمە نازانین ئەو حوكمەى زانایەك پێى گەیشتووە لەو مەسەلەیەدا چەندە گوزارشت لە ئیرادەى ئیلاهى دەكات (لەبارێكدا ئەگەر گریمان ئایەتێك دابەزێ و حوكمەكەى دیارى بكات)، كەواتە ئەو حوكم یاخود فتوایە هێزى خۆى لەو عەقڵكارییەوە وەردەگرێ كە حوكمەكەى پێ هەڵێنجاوە، چونكە رەنگە یەكێكى دى لە هەمان بابەتدا راى پێچەوانەى ئەوە هەڵێنجێ، ناشكرێ دوو دژەحوكم هەردووكیان لاى خوا پەسند بن، هەر یەكێكیان پەسەندە، كەواتە لێرەدا وەحى بنبڕ و یەكلاكەرەوە نەبوو، بەڵكو عەقڵ و خوێندنەوە عەقڵیەكە بنبڕ و یەكلاكەرەوە بوون ، هەر لەبەرئەوەیشە هیچ زانایەك ناچار نیە پابەند بێ بەفتواى زانایەكى تر مەگەر باوەڕى بەبەڵگەكانى هەبێ.

ئاخر ئەگەر دەق مەرجەعى یەكەم بوایە كێشەكەى یەكلا دەكردەوە، چونكە ناكرێ وەحى پێمان بڵێ فڵانە شت حەرامە و واجبیشە، یان موستەحەبە و مەكرووهیشە، یەك بڕیار دەڵێ، مادام زیاتر لە بڕیارێك هەبوو، كەواتە عەقڵ بابەتەكەى بەلایەكدا حەسم كردوە، حەسمیش نابێ، چونكە عەقڵ تێیدا حاكم بووە و موسڵمانیش خۆى بە پابەند دەزانێ شوێن وەحیى قەتعی بكەوێ بێ نەك عەقڵ و ئیجتیهاد و بۆچوونى تاكەكەس.

زیاد لەوەیش هەندێ لە زانایان پێیان وایە تەنانەت ئەو پێنج حوكمە تەكلیفییەش كە بۆ شتەكان دانراون (واجب، موستەحەب، موباح، مەكروهـ، حەرام)، دیاریكردنێكى عەقڵین نەك حوكمێكى شەرعی، ئەویش لەو رووەوە دەقێكمان لە دوو سەرچاوەكەى وەحیدا نیە پێمان بڵێ كار و كردەوەكانى مرۆڤ دابەش دەبن بەسەر ئەو پێنج حوكمەدا، بەڵكو زانایان ئەو فۆرمەیان داهێناوە و حوكمەكانیان بەسەردا دابەش كردوون، ئەگەر 1430 ساڵ بگەڕێینە دواوە ئەو پێنج زاراوەیە نابینین.

بەم پێیە دەبینین عەقڵ حزورێكى گەورەى لە عەقڵى ئاینیدا هەیە تا ئەو رادەیەى هەندێ جار و لە هەندێ وێستگەى جەوهەری و بونیەویشدا حزورێكى مەرجەعی و یەكەمایەتى هەیە.

ئەمە لەرووى تیۆرییەوە.

لە رووى پراكتیكیشەوە، دەبینین كەس/حزب/دەسەڵاتى ئیسلامى هەمیشە و بەتەواوى پابەند نین بەو دروشمەوە، وەك وا گومان دەبرێ، ئەمیش لە دوو رووەوە: لەلایەك بەپێى كاركردنیان بەو سیستمى بیركردنەوە و ئیجتیهادەى سەرەوە، كە بڕێكى زۆر عەقڵانیەت و سەربەخۆیى عەقڵى تێدایە.

لەلایەكى ترەوە ئەگەرچی هەندێ جار خەڵكى تر كافر و فاسق دەكات لەسەر ئەوەى شوێن حزبێكى عەلمانى كەوتوون، یان دەسەڵات تەكفیر و تەفسیق دەكات لەبەرئەوەى "حوكم بەبەرنامەى خوا ناكات"، ئەویش لە روانگەى ئایەتەكانى (ومن لم یحكم بما انزل الله فأولئك هم الكافرون/...هم الڤالمون/..هم الفاسقون) المائدە، بەواتاى حوكمنەكردن بە مەرجەعیەتى وەحى، كەچى خۆى لە رەوشت و سیاسەت و ئابوورى و هونەر و... هتدا كارى پێناكات.

ئاخر غەیبەتكردنى ئەوانى تر، تانەلێدانیان، بوختان بۆ كردنیان، قۆڵبڕینیان، ئازاردانیان بە زمان و كردەوە، پاشقول لێگرتنیان، كوشتنیان، هەموو ئەمانە كارنەكردنە بە بەرنامەى خوا، چونكە پێچەوانەى فەرمانى ئاینەكەن و دەشكرێن و قەت بیریش بۆ ئەوە ناچێ ئەمە لە جەوهەردا هەمان تۆمەتیان لەسەر ساغ دەكاتەوە كە دەیدەنە پاڵ رەقیبەكانیان.

هەر لەم بارەیەوەیە فەهمى هوەیدى ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو ئایەتەى سەرەوە زۆرترین جار لەلایەن سەرانى هێزە ئیسلامییەكانەوە بە رووى عەلمانیەكاندا دراوە، كەچى جارى وا هەیە ئەوانە ناتوانن لەنێو ماڵ و منداڵى خۆیاندا بەو شێوەیەى خوا پێى خۆشە بجوڵێنەوە و كار بكەن.

ئەمە جگە لەوەى دانانى چوارچێوە یاخود سیاق یان سیستمێكى تایبەت بۆ تێگەیشتن لە كۆى دەقەكان لە مەسەلەیەكدا، بەشێوەیەك لەگەڵ ئاراستەى فیكری و سیاسی یان بڕیار و هەڵوێستێكى دیاریكراوى كەس یان حزبێك یان قوتابخانەیەكى ئاینیى تایبەتدا بگونجێ، ئەمیش عەقڵ دەیكات و هەر ئەویش بابەتەكە یەكلا دەكاتەوە.

بۆ نموونە حزبێكى ئیسلامیى چەكدار دەقەكان و دراوەكانى مێژوو بەشێوەیەك رێك دەخات و دەیانخوێنێتەوە كە پاڵپشتى لە بڕیارەكەى ئەو بۆ خەباتى چەكدارى و پەنابردن بۆ توندوتیژى بۆ سەرخستنى پەیامى ئاینەكە بكات و لەمەدا، وەك وتراوە، میكانیزمى (دەرخستن و شاردنەوە)، پەیڕەو دەكات، واتە ئەو دەقانە دەشارێتەوە یان تەئویل دەكات كە دژى بۆچوونەكەى ئەو دەگەیەنن، ئەو بۆچوونانەیش دەردەخات و زەق دەكاتەوە كە پشتگیرى دەكەن.

بەپێچەوانەوە ئەو حزبە ئیسلامییەى باوەڕى بەكارى بێچەك و مەدەنى هەیە دەق و دراوە تەئسیسیەكان بەشێوەیەك رێك دەخات و دەخوێنێتەوە كە بەگشتى پاڵپشتى لە رەوتەكەى ئەو بكات و ئەمیش هەمان میكانیزمى دەرخستن و شاردنەوە پێڕەو دەكات.

لێرەوە بوو كاتى خۆى دەوترا ئەندامانى بزووتنەوەى ئیسلامی لە نوێژیشدا ئەو ئایەتانە زیاتر دەخوێننەوە كە باسى چەك و جیهاد و توندوتیژى دەكەن و ئەو ئایەتانەى داكۆكى لە نەرمى و گفتوگۆ و ئاشتیخوازى دەكەن دەشارنەوە، هەروەها یەكگرتووەكانیش تەنانەت لە نوێژیشدا ئایەتەكانى جیهاد ناخوێننەوە.

تەنانەت بورهان محەمەد ئەمین خاوەنى تەفسیرى "ئاسان"، كە تا ئێستا زیاتر لە 10 جار چاپ كراوەتەوە و ئەسڵ وایە بۆ هەموو تەوژم و چین و توێژێك نووسرابێ، لە تەفسیركردنى هەندێ ئایەتى جیهادیدا ئەم سیستمە لایەندارییەى پەیڕەو كردووە و واتاى هەمان وشەى بەچەند دەربڕینێكى جیاواز كردوە بەشێوەیەك لەگەڵ رەوتە فیكرى و سیاسییەكەى خۆیدا رێك بێتەوە.

بۆ نمونە وشەى (كتب-بەشێوەى بكەر نادیار-مبنی للمجهول)، كە بەواتاى "لەسەر پێویست كران" دێت بە دوو ماناى جیاواز تەفسیر دەكات، لە ئایەتى (كتب علیكم الصیام)دا البقرە-183، دەڵێ "رۆژووى رەمەزان لەسەرتان پێویست كراوە"، هەروەها لە ئایەتى (كتب علیكم القصاص)دا دەڵێ "پێویست كراوە لەسەرتان تۆڵەسەندنەوە بۆ كوژراوەكان"، دیسان لە ئایەتى 18یشدا لەبارەى وەسیەتكردنەوە وشەى (كتب) بە"پێویست كراوە لە سەرتان" مانا كردوە، كەچى لە ئایەتى (كتب علیكم القتال) دا ئەو "پێویستبوون"ـە خاو دەكاتەوە و بە "جەنگ لەسەرتان بڕیار دراوە" واتاى دەكات.

دیارە ئەو هێز و بنبڕییەى لە "لەسەرتان پێویست كراوە"دا هەیە، لە "لەسەرتان بڕیار دراوە"دا نییە، ئەوەیش بۆ ئەوە بووە تا واى لێ نەخوێنرێتەوە كە جەنگكردن واجبە، چونكە بەو شێوەیە گوتارى تەوژمى جیهادیى بزووتنەوەى ئیسلامی زاڵ دەكات بەسەر گوتارى مەدەنیانە و ئاشتیخوازانەى یەكگرتوودا، كە راڤەكار ئینیتماى بۆى هەیە.

ئەڵبەت ئەم وابەستەییەش بە مەرجەعیەتى وەحییەوە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكى تر و لە حزب و دەسەڵاتێكەوە بۆ یەكێكى تر دەگۆڕێ، بۆ نموونە حزبى دادوگەشەپێدانى توركیا بەسەرۆكایەتیى رەجەب تەیب ئەردۆگان جیاوازە لە حزبى رەفاهى نەجمەدین ئەربەكان، ئەویان گوتارێكى نیمچە عەلمانى هەیە، ئەمیان گوتارەكەى زۆر ئاینییە.

لە كوردستان گوتارى كۆمەڵى ئیسلامى ئاینیترە تا گوتارى یەكگرتووى ئیسلامى، تەنانەت هەندێ لە سەركردەكانى ئەمەى دوایى پێیان وایە حزبەكەى ئەوان ئیسلامى نیە، بەڵكو عەلمانیى موحافیزكارە.

كەواتە زانیمان عەقڵى ئاینی، چ لە رووى تیۆرییەوە و چ لە رووى پراكتیكەوە، تەواو ئاینى نیە و دەمارێكى عەلمانیەتى تێدایە، ئیدى ئەو عەلمانیەتە عەلمانیەتێكى عەفەوى بێ یان فەلسەفى، عەلمانیەتێكى ئیرادى بێ یان لائیرادى، عەلمانیەتێكى فراوان و سەراپاگیر بێ یان بەشەكى و كاتى.

*** ***

ئەگەر بێینە سەر لایەنەكەى تر واتە عەلمانیەت، ئەمیش لە شیكردنەوەى كۆتایدا نە لەسەر ئاستى تیۆر و نە لەسەر ئاستى پراكتیك عەلمانیەتى پوخت و تەواو نیە، بەڵكو دەمارێكى ئاینى تێدایە، كە زیاد و كەم دەكات.

سروشتى عەلمانیەت جیایە لە سروشتى ئاین، چونكە ئاین بەلاى شوێنكەوتوانیەوە لە خواوە هاتووە و بنەما نەگۆڕەكانى بەدەر لە ویست و بەشداریى مرۆڤ دانراون و مرۆڤ بۆى نییە بەئارەزووى خۆى زیاد و كەمیان تێدا بكات یان پێناسەى جیاوازى بۆ بكات، بەڵام عەلمانیەت لە ئەلیفیەوە تا یا-ی بەرهەمێكى فیكرى بەشەرییە و قابیل بەوەیە بۆچوون و تێگەیشتنى جیاوازى لەسەر دروست بێ، واتە عەلمانیەت هیچ نیە جگە لە بۆچوونى تیۆریست و كارەكتەرە عەلمانیەكان، كە هەر وایشە، ئەوەتا دەیان پێناسە و تێگەیشتنى جۆراوجۆرى لەسەر دروست بووە.

لێرەوە بۆچوونەكانى تیۆریست و سیمبوڵە فیكرى و سیاسییەكانى عەلمانیەت، بەجیاوازى ئاراستە و قوتابخانەكانیانەوە، لەبارەى ئەو چەمكەوە، بەگشتى بەشێكن لە كولتوورى عەلمانیەت و بەفیكرى عەلمانى حسێبن.

لێرەوەیە لە بەرە عەلمانییەكەدا تیۆر و پراكتیك وەك بەرە ئاینییەكە لەیەك جودا نین، بەڵكو تێهەڵكێشى یەكترن، چونكە چ تیۆر و چ كردار لە مرۆڤە عەلمانیەكانەوە، نەك لە هێزێكى بانمرۆییەوە، وەك ئەوەى لە ئایندا هەیە، سەرچاوە دەگرن، بەم پێیەش باوەڕداریى هەندێ لە عەلمانییەكان بەبناغەكانى ئاین جیاواز لە هەندێكیتریان كە ئەو باوەڕەیان نییە، تەقدیسكردنى خودى عەلمانیەت تا رادەى سەیركردنى وەك ئاینێكى تر لەلایەن هەندێ لە عەلمانیەكانەوە، باوەڕبوون بەحەتمیەتى سەركەوتنى عەلمانیەت لە كۆتایدا، لەكاتێكدا دراوەكانى واقیع ئەو ئاماژەیە نادەن، ئەمانە هەموو خەرقى عەلمانیەتن و دەمارى ئیمانى ئاینی و غەیبین لە فیكرى عەلمانیدا.

محەمەد ئەرەكۆن پێى وایە، گەر لە هەڵە نەبم، تا 2015 عەلمانیەت جیهانى ئیسلامى دەگرێتەوە، ئەمە هەمان سیستمى ئیمانى دینییە لاى مرۆڤێكى ئیماندار، كە باوەڕى وایە لەكۆتایدا ئاین سەردەكەوێ، ئەویش تەنیا لەرووى باوەڕبوونى بەبەڵێنەكانى نێو كتێبە پیرۆزەكانییەوە، وەك ئایەتى (كتب الله لاغلبن انا و رسلی) (سیهزم الجمع ویولون الدبر) (ان الارچ یرپها عبادی الصالحون).

ئەگەر باباى ئاینپەروەر پاساوى بۆ ئەو باوەڕە، كە رەنگە لە ژیانى خۆیشیدا ئەو سەركەتنە نەبینێ، ئەوە بێ كە "بەڵێنى خوایە" و بەحەتمى رۆژێك دێ دێتە دى، ئەى پاساوى ئەرەكۆن وئەوانەى عەلمانیەت بەئاینى ئایندەى مرۆڤایەتى دادەنێن و دەیپەرستن، چییە؟

لە رووى تیۆرییەوە هەندێ بۆچوون پێیان وایە هەر خۆبەستنەوەیەك بەئاینەوە و كردنى بە مەرجەعى هەڵسوكەوت ئەگەر لە تەسكترین بوارى ژیانیشدا بێ وەك بەبەردەوامى كردنى نوێژى جومعە، رۆژووگرتن، خەرقى عەلمانیەتە، بەڵام هەندێكى تر پێیان وایە باوەڕ بەخوا و ئەنجامدانى هەندێ رێورەسمى ئاینی ئاساییە، ئەمە لە جیهانى ئیسلامى بەزەقى دیارە.

ئەم رۆحیەتە ئاینیەى نێو عەلمانیەت و عەلمانیەكانیش دیسان بەپلە و رێژەیە، لە كەس و حزب و دەسەڵاتێكەوە بۆ یەكێكى تر دەگۆڕێ.

ئەگەر كوردستان بەنموونە وەرگرین لەرووى پێوەدیاربوونى عەلمانیەتەوە، لە نێو حزبە سەرەكییەكاندا یەكێتى لە پارتى عەلمانیتر دیارە بەتایبەت لە سەركردایەتى و راگەیاندندا، حزبی شیوعى لە یەكێتى عەلمانیترە، حزبى كۆمۆنیستى كرێكارى ئەوپەڕى لێ گرتووە.

كەواتە چ لە رووى نەزەرى و چ لە رووى كردەییەوە فیكرى ئاینى لە نێو عەلمانیەت و عەلمانیەكان و، فیكرى عەلمانى لەنێو عەقڵى ئیسلامى و ئیسلامیەكاندا هەیە با خۆیشیان هەستى پێ نەكەن و دانى پێ دا نەنێن.

واتە چ عەلمانیەت و چ ئیسلامیەت وەك نێر و مێ هەڵگرى رێژەیەك لە هۆرمۆنەكانى فیكرەكەى ترن، نە ئەمیان تەواو ئاینییە و نە ئەویان تەواو نائاینییە.

لەبەرئەوە پێویست ناكات ئێمە شەڕ لە دژى چەمكە تەجریدیەكان بەرپا بكەین، لەكاتێكدا هێشتا خانەخوێى هەردوو چەمكەكە بەتەواوى لە ماهیەتى فەلسەفەكەیان نەگەیشتوون و نازانن چییە و سنوورەكانى لەگەڵ فەلسەفە ركابەرەكەى لە كوێدایە، ئەمە جگە لەوەى تەنانەت لەو مەودایەشدا كە بەحساب لە فیكرەكەیان گەیشتوون كارى دڵسۆزانەى پێ ناكەن، كەچی شەڕیشى لەسەر دەكەن.

تۆ دەبینى كەسێك یاخود حزبێكى ئیسلامى شەڕ لەدژى عەلمانیەت رادەگەیەنێ، كەچى خۆى كار بەو ئیسلامە ناكات كە شەڕى لەسەر دەكات، لە قسە و كرداریدا، لە مامەڵە و كەسابەت و پارەپەیداكردنیدا، لە پەیوەندیەكانى لەگەڵ دەوروبەر و هاوكار و هاوڵاتى و رەقیبەكانیدا.

بەهەمان شێوە كەس و حزب و دەسەڵاتى عەلمانیش هەیە، پێى وایە عەلمانیەت دەردى گشت دەردانە و مەرهەمى گشت برینانە، مافى مرۆڤ و عەقڵانیەت و دیموكراسیەت و پلورالیزم و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات و قبوڵكردنى جیاوازیەكان و نازانم چییە، كەچى بەكردەوە دوژمنى باوەكوشتەى ئەم بەهایانەیە، كە بەشێك لە شەڕەكەى لەگەڵ تەوژمى ئیسلامى لەبەرئەوەیە پێى وایە ئەوانە مەترسین بۆ سەر ئەو بەهایانە.

یان لە ساتەوەختێكدا 180 پلە گێڕ دەگۆڕێ و بۆ بەدەستهێنانى چەند دەنگێكى زیاتر لە هەڵبژاردندا، یان بۆ راكێشانى سۆزى شەقام، یان لە ناتێگەیشتن و بەرچاولێڵییەوە لە جەوهەرى عەلمانیەت، پەنا بۆ ئەو كارانە دەبات و دەیانكات كە لە جەوهەرى تایبەتمەندیى كەس و حزب و گرووپە ئاینیەكانە، وەك پەنابردن بۆ فتواى مەلاكان و كردنەوەى خولى ئاینى و ئەنجامدانى نوێژەبارانە و قوربانیكردن و هتد.

لەبەرئەوە ئەگەر بتوانین ئەو دوو چەمكە لە فەرهەنگى خۆماندا بسڕینەوە پێم وایە كارێكى باش دەكەین و خزمەتێكى گەورە بە پێكەوەژیانى تەوژم و گرووپەكانمان هەیە و هیچ زیانێكیشمان لێ ناكەوێ، ئاخر تا پێش راپەڕین ئەو دوو وشەیە لەناوەندى رۆشنبیریى كوردیدا نەبوو.

ئەگەر دەوترێ ئەو ناونانە شتێكى مەنهەجی و واقیعییە و لە هەموو جیهاندا هەیە، دەبا ئێمە لەوەدا جیاواز بین و دەستبەردارى بین و ئەوە بكەینە یەكێك لە تایبەتمەندیەكانى كۆمەڵى كوردستان.

با بگەڕێینەوە سەر ناسنامە سروشتی و ناكۆكیهەڵنەگرە مێژووییەكەى خەڵك، كە ناسنامە مرۆڤایەتى و نەتەوایەتى و ئاینییەكەیە، واتە ئێمە مرۆڤى كوردى موسڵمانین و تەواو، ئەوەیش توركمان یان عەرەبە بۆ خۆى بەو شێوەیە، ئەوەیش لەناخیدا خۆى بە موسڵمان نازانێ با بڵێ كوردم و تەواو، ئیدى كەس سوێندى نادات ئایا باوەڕى بەئیسلام هەیە یان نا.

كامیان بۆ كوردستان پێویستن؟

زۆر جار لەسەر زارى ئەم یان ئەو رۆشنبیر و سەركردەى حزبە عەلمانییەكان یان ئیسلامیەكان دەبیستین كە بوونى بیرى بەرامبەر بە نامۆ و زیادە و زیان و بۆ كۆمەڵگە دادەنێ و جەخت لەوە دەكات كە ئەو گرووپە هیچ خێر و چاكەیەكى بۆ كۆمەڵگەى كوردى پێ نیە.

هەروەك باس لەوە دەكەن كە حەتمیەتى مێژوویى كۆمەڵگە بەرەو رێبازەكەى ئەوان و پوكانەوە و مایەپووچبوونى ئەوى تر دەبات.

ئەمانە هەمووى حەزى دەروونن و بناغەیەكى زانستییان نیە، كەس ناتوانێ پێداگرى بكات لەوەى كۆمەڵگە لە كۆتایدا كام تەوژمە لەئامێز دەگرێ و پشت لە كامەیان دەكات، تەنانەت ئەگەر لە قۆناغێكى مێژوویى تایبەتیشدا ئاماژەكان لە بەرژەوەندیى لایەكیان بن و ئەوی تر لە پاشەكشە و چوونەیەكدا بێ، ئەمە قەت بەڵگەى ئەوە نیە كە ئەو دەورەیە بەسەر ناچێ و سەڵتەنەتى بەهارى باڵادەستەكە و رۆژە سەختەكانى زستانى لاوازەكە بەپێچەوانەى پێشوو بەسەر ناچن.

سەردەمێك هەبوو لە زانكۆكاندا بەدەگمەن كچە قوتابیەكى باڵاپۆشت دەبینى، لە گەڕەكەكاندا سەرپۆش بۆ كچان عەیبە بوو، نوێژ و خواپەرستى بۆ گەنج بەپێویست نەدەزانرا و مزگەوتەكان تەنیا پیاوانى پیر و بەساڵاچووى تێ دەچوو، ئەم دەورانە تێ پەڕی و ئێستە قوتابخانە و و زانكۆ و فەرمانگە و مزگەوتەكان جمەیان دێ لە گەنجى نێر و مێى پابەند بەئاینەوە.

هەروەها ئەگەرچی ئێستە فەزاى ئاینى لە كۆمەڵگەدا جۆرێك لە باڵادەستی هەیە، بەڵام ئەم باڵادەستیەش بەو شێوەیە نیە كە هەندێ بیرى لێ دەكەنەوە و بەرەهایى پێیان وایە كۆمەڵگەى كوردى كۆمەڵگەیەكى پابەندە بەئاینەوە و لێرەشەوە عەلمانیەكان نامۆن بەسروشتى كۆمەڵگەى كوردى، زۆربوونى یانە و دوكانەكانى شەراب لە كوردستان، دیارەى مەشروب خواردنەوە لە قەراغ شارەكان و لە سەیرانگاكان، بەشداریى بەرفراوانى توێژێكى خەڵك لە ئاهەنگەكانى نەجوا كەرەم و موعین و جەمشید و زەكەریا و بڵند كێ و كێ و شایى و رەشبەڵەك و سەماى سەرى ساڵ، ئاماژەى جیاواز لەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە.

تەنانەت ئەو پێشكەوتنە لە پابەندبوونى ئاینیى گەنجان بەبەراورد لەگەڵ شەستەكان و حەفتاكاندا، بۆ خۆى بەڵگەى ئەوەیە كولتور شتێكى بزۆزە نەك جێگیر، بەڵگەى ئەوەیە ئەوەى دەوترێ كولتورى كوردی دەستبەردراى ئاین نابێ، دەربڕینێكى ورد نیە، بەڵكو ئەو پابەندبوونە لە جوڵەدایە و لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكى تر دەگۆڕێ.

كولتوریش وەك هەر كائینێكى زیندوو بەساوایى لەدایك دەبێ، گەشە دەكات و پێ دەگات تا دەگاتە ئەوپەڕى هێزى خۆى، ئەنجا روو لە لاوازى و پیربوون دەكات و دەشمرێ.

لەبەرئەوە لە رووى ئەخلاقی و زانستیشەوە نە عەلمانى و نە ئیسلامى مافى ئەوەیان نیە بەناوى كۆمەڵگەوە قسە بكەن و بڕیار لە بارەى ئایندەى ئەوى ترەوە بدەن. ئەگەر دەوترێ كوردستان پێویستى بە ئەم یان ئەو تەوژم نیە، ئەدى چی دەكەن لەو خەڵكەى شوێنی ئەو حزبە ئیسلامى/عەلمانیانە كەوتوون؟ ئەگەر خێریان تێدا نابینن بۆ شوێنیان دەكەون؟

ئەز واى دەبینم خەڵكى ئاسایى هیچ لە شەڕى عەلمانیەت و نەقیزەكەى نازانێ و تێى ناگات، زۆرێك لەو خەڵكە ئاساییەى شوێن یەكێتى و پارتى كەوتوون لە ئەشقى عەلمانیەتەوە شوێنیان نەكەوتوون، بەڵكو لەبەر ئیعتیباراتى نەتەوەیى و شتى تر شوێنیان كەوتوون، چونكە زۆرێك لەو خەڵكە هێشتا زۆرێك لە چالاكی و پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیان بەپێى رێسا و یاساكانى شەرع بەڕێوە دەبەن، وەك ئەنجامدانى نوێژ و رۆژوو و زەكات و حەج و عەمرە، قوربانیكردن، نوێژەبارانە، ژن مارەكردن، دابەشكردنى میرات و ...هتد. تەنانەت حزبەكانیشیان خۆیان بە ناچار دەبینن موجامەلەى ئەو هەستە ئاینییە بكەن.

هەروەها زۆرێك لەوانەیش شوێن تەیارى ئیسلامى دەكەون لە تێگەیشتنێكى قووڵەوە شوێنى ناكەون، تەنیا لەو رووەوەیە دەبینن ئەوانە خەڵكى دیندارن و هەوڵ دەدەن خەڵك ئیتاعەى خوا و پێغەمبەر بكات، ئەوانیش متمانەیان بەئەهلى مزگەوت و دیندارى هەیە.

ئەوەى لاى ئەو خەڵكە گرنگە ئەوەیە ژیانێكى ئاسایى و ئارام بژی، كە تێیدا نان و ئیمانیان سەلامەت بێ، كێ ئەمانە دەستەبەر بكات دەیباتەوە، لەبەرئەوە پێم وایە هەڵوەشاندنەوەى ئەم تەقسیمبەندییەى كۆمەڵگە بۆ عەلمانى و ئیسلامى لە ئەدەبیاتى فیكرى و سیاسی و رۆشنبیریماندا، یان لانى كەم هێندە زەق نەكردنەوەى و سەرقاڵ نەكردنى خەڵك بەشەڕێكى بێسوود لەسەر چەمكە تەجریدیەكان، بڕیارێكى گرنگ و مێژوویى دەبێ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق