لە دایكبووى هەلەبجە-كوردستانى عيراق. نووسەر و روژنامەنووس، بایەخ بە بابەتە فیكرى و سیاسی و ئەخلاقی-ئینسانییەكان دەدات. سەدان وتار و ليكولینەوەى بە زمانەكانى كوردى و عەرەبی بلاو كردووەتەوە. تا ئيستە 7 كتيبی چاپ و بلاو كراوەتەوە، ئەوانیش: - مافى ئافرەت لە نيوان رەگەزسالارى و مروڤسالاریدا. - بەئایدیولوژیاكردنى ئاین. - جەدەلى ئیسلامى و عەلمانى. - ئەخلاق لە سیاسەتدا. -مروڤایەتیمان لە بوسەى ئایدیولوژیادا. - ئاین لە فیكرى مەسعود محەمەددا. - گوتارى ئاینى لەژير وردبیندا. *** *** *** عمر علي غفور، كاتب كردي من كوردستان العراق، من مواليد مدينة حلبجة. مهتم و كاتب بالقضايا الفكرية و السياسية و الانسانية، نشر له العديد من البحوث و الدراسات و المقالات باللغتين الكردية و العربية، بعضها على شكل كتب، حيث صدر له حتى الان 7 كتب باللغة الكردية.

السبت، 10 أكتوبر 2009

* كوردستانى و گۆڕان، رێ لە ئاژاوەچییەكانتان بگرن!


عومەر عەلى غەفور
بەچاوپۆشین لە ئاكام و ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكە و بۆچوون و تێبینییەكانى لیستە ركابەرەكان لەسەر چۆنێتیى بەڕێوەچوونى پرۆسەكە و ئەداى كۆمسیۆنى باڵا، هەڵبژاردنەكەى 25ى تەموزى كوردستان بوو بە سەرەتاى قۆناغێكى نوێ لە ژیانى سیاسیى كوردستاندا، كە تێیدا ئۆپۆزسیۆنێكى بەرفراوان و جیدى دروست بووە كە بێ شك كاریگەریى گەورەى لەسەر ئەداى حكوومەت و پەرلەمانى داهاتووى هەرێمەكە دەبێ.
بەڵام ئەم دۆخەى دروست بووە ئەگەر دانایانە مامەڵەى لەگەڵ نەكرێ، هیچ بەدوورى مەزانە لەلایەن بەرژەوەندگەرا و بیرتەسك و نەزانەكانى سەر بە لایەنە ركابەرەكانەوە بكرێتە سەرەتاى گرژكردنەوەى دۆخى كوردستان و هەڵگیرساندنەوەى شەڕێكیدیكەى ناوخۆ.
چ لەكاتى هەڵمەتى هەڵبژاردن و چ پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكە و ئاشكرابوونى ئەنجامەكانی، هەندێ لە بەرپرسان و ستووننووس و قەڵەمبەدەستەكانى سەر بە لیستى كوردستانى و گۆڕان بەزمانێك لە یەكتر دەدوێن، كە هیچى كەمتر نیە لەو زمانەى لە سەردەمى شەڕى ناوخۆى نێوان یەكێتى و پارتیدا بەكار دەهات.
لیستى كوردستانى كە خۆى بە خاوەن و پارێزەرى ئەزمونى هەرێمى كوردستان دادەنێ و پێى وایە تا قافى قیامەت هەر دەبێ ئەو دوو حزبە باڵادەست بن، ئەگەر چى ئەنجامەكان تا رادەیەك تووشى شۆكى كردووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو ناڕەزاییە بەرفراوانەى چەند ساڵێكە لە شەقامى كوردیدا هەیە، بەهەق بێ یان بەناهەق زۆرینەى هێناوە و حكوومەت پێك دەهێنێتەوە، لەبەرئەوە پێویستە چیدى دەست لە بەخائینكردن و جۆشدانى لایەنگرانیان لەدژى ركابەرەكانیان هەڵگرن .
سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی ئەم دواییەیدا راشكاوانە گوتى "تا من مابم ناهێڵم جارێكیتر خوێنى كورد بەدەستى كورد بڕژێ"، بەڵام رێگرینەكردن لەو زمانەى لە هەندێ لە سایتەكان و رۆژنامەكانى سەر بەو دوو حزبە و لەو نەفەسە ئاگراوییەى لەنێو بەشێكى بەرچاو لە جەماوەرەكەیاندا هەیە، دوور نییە بەئاكامێكى وا خەتەرناك بگات كە بەسەرۆكى هەرێمیش كۆنترۆڵ نەكرێ.
ئاخر گەر وا نەبوایە دواى سووتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوو لە ساڵى 2005، جارێكیدى هەڵكوتانە سەر بارەگاكانى حزبەكانى سەر بە لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى و لیستى گۆڕان لە 26ى تەمووز رووى نەدەدایەوە و نێچیرڤان بارزانى ناچار نەدەبوو داواى لێبوردنیان لێ بكات و بەڵێنى لێپێچینەوە لە "گێرەشێوێنان" بدات.
كوردستان ئەمڕۆ پێویستى بە شەڕى دیموكراسی و شەڕى پرۆژە و بەرنامە هەیە، نەك شەڕە جوێن و داشۆرین و ئاڵۆسكاندن و هەڵدانەوەى لاپەڕە خوێناوی و ئابڕوبەرەكانى یەكدى. هەڕەشەكردنى هەندێ لە بەرپرسانى یەكێتى بەبڵاوكردنەوەى لاپەڕەى گەندەڵییەكانى جیابووەوەكانى حزبەكە، ئەو گەندەڵییانەى بەرپرسان تا پێكەوەن دەیشارنەوە و كە لێك ترازان ئاشكراى دەكەن، بۆ ئەم كەشوهەوایەى كوردستان جگە لە گرژكردنى دۆخەكە هیچى ترى لێ سەوز نابێ.
لیستى گۆڕانیش ئەگەرچى بنچینەكەى بەشێك لە رێكخستنەكانى یەكێتیى نیشتمانییە، بەڵام توانى رێژەیەكى بەرچاو لە دەنگە ناڕازییەكانى شەقام، ئەوانەى ساڵانێكە خەون بە گۆڕانكارییەكەوە دەبینن، لە خۆى كۆ بكاتەوە، تەنانەت بە دەنگى هەندێ لە لایەنگرانى لایەنە ئیسلامیەكانیشەوە. ئەو لیستە بە بەراورد لەگەڵ كورتیى تەمەنى، رێژەیەكى باشى دەنگەكانى هێنا، ئەگەر پێیشى وا بێ هێشتا هەقى خۆى وەرنەگرتووە، بەڵام جێى خۆیەتى ئیدى لە بیرى ئەوەدا بێ چۆن چۆنى ئەو متمانەیە بپارێزێ، كە سەدان هەزار دەنگدەر بەهۆى بەڵێن و دروشمەكانییەوە پێیان بەخشى.
ئاخر لیستى گۆڕان زیاتر لە هەر لیستێكى تر لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكى مێژووییدایە، چونكە ئەو هێزێكى گەورەى وەك یەكێتیى نیشتمانیى لەت و لاواز كرد، كە پارسەنگێكى گەورە بوو بۆ ململانێى هێزە دەسەڵاتدارەكان لە كوردستاندا، ئەمە جگە لەوەى ناوچەى ژێر دەسەڵاتى یەكێتى لانكەى سەرهەڵدان و گەشەى ئەو جموجوڵ و ئازادییە سیاسی و رۆژنامەوانییەیە كە لە كوردستاندا هەیە.
ئەمە راستییەكە نكولى لێ ناكرێ، هێزێك ئەم هێزە لە بەرامبەر ركابەرە مێژووییەكەى لەت و لاواز بكات ئەگەر نەتوانێ هێزێكى سێیەمى زیندووتر و دیموكراسیتر بۆ جێگرتنەوەى بێنێتە كایە رووبەڕووى بەرپرسیارێتییەكى مێژوویى و ئەخلاقى دەبێتەوە.
پێویستە هەردوولا رێ لەو بەرپرس و رۆژنامەنووس و هەوادارانەیان بگرن كە وەك كتكە نەوتینە خەریكى خۆشكردنى ئاگرێكن، كە سەرەنجام هەرێمەكە بەگشتى و خەڵكى رەشوڕووتى كوردستان تێیدا زەرەرمەندى یەكەم دەبن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق