لە دایكبووى هەلەبجە-كوردستانى عيراق. نووسەر و روژنامەنووس، بایەخ بە بابەتە فیكرى و سیاسی و ئەخلاقی-ئینسانییەكان دەدات. سەدان وتار و ليكولینەوەى بە زمانەكانى كوردى و عەرەبی بلاو كردووەتەوە. تا ئيستە 7 كتيبی چاپ و بلاو كراوەتەوە، ئەوانیش: - مافى ئافرەت لە نيوان رەگەزسالارى و مروڤسالاریدا. - بەئایدیولوژیاكردنى ئاین. - جەدەلى ئیسلامى و عەلمانى. - ئەخلاق لە سیاسەتدا. -مروڤایەتیمان لە بوسەى ئایدیولوژیادا. - ئاین لە فیكرى مەسعود محەمەددا. - گوتارى ئاینى لەژير وردبیندا. *** *** *** عمر علي غفور، كاتب كردي من كوردستان العراق، من مواليد مدينة حلبجة. مهتم و كاتب بالقضايا الفكرية و السياسية و الانسانية، نشر له العديد من البحوث و الدراسات و المقالات باللغتين الكردية و العربية، بعضها على شكل كتب، حيث صدر له حتى الان 7 كتب باللغة الكردية.

الأربعاء، 25 مايو 2011

وێنەى ئەمریكا لە شەقامى عەرەبی و ئیسلامیدا دواى پاڵپشتیكردنى لە راپەڕینەكانى ناوچەكە


عومەر عەلى غەفور
دواى دەیەیەك لە یەكەم هەڵمەتى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا بۆ جوانكردنى وێنەى خۆى لە شەقامى عەرەبی و ئیسلامیدا، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە، كە یەكەم ساڵى دووەم دەیەى سەدەیە، ئیدارەى ئەمریكى لەرێى پشتیوانیكردنى لە راپەڕینى گەلانى ناوچەكە لەدژى رژێمە دیكتاتۆرییەكانیان، كە ناوى "بەهارى عەرەبی" لێنراوە، گەڕێكیترى ئەو هەڵمەتەى دەست پێكردووە، بەڵام بەپێى هەندێ راپرسی دواى ئەم هەڵوێستەى دواییش، هێشتا گۆڕانكاریەكى ئەوتۆ بە ئاراستەى جوانكردنى وێنەى ئەمریكا رووى نەداوە.

دواى روودانى هێرشەكانى 11ى سێپتەمبەرى سەر واشنتۆن و نیویۆرك ئەمریكاى گەیشتە ئەو باوەڕەى هۆكارى سەرەكیى ئەو پەلامارە، بۆ ئەو رقە بەربڵاوە دەگەڕێتەوە كە لە كۆهەستى عەرەبی و ئیسلامیدا هەیە بەرامبەر سیاسەتەكانى واشنتۆن، بەتایبەت لە دوو تەوەرەدا: یەكەم لە پشتگیریكردنى بێقەید و شەرتى لە ئیسرائیل. دووەم لە پشتگیریكردن یان بێدەنگبوون لە رژێمە دیكتاتۆرییەكانى ناوچەكە كە بە زەبرى ئاگر و ئاسن بۆ ماوەى دەیان ساڵ حوكمى گەلانى ناوچەكە دەكەن.
هەر بۆیە پلانێكى بۆ گۆڕینى ئەو وێنە دەقگرتووەى ئەمریكا گرتەبەر. دەوترێ دامەزراندنى كەناڵى ئاسمانیى (الحرە) و رادیۆ (سەوا) بەشێك بوون لەو پرۆژەیە. هاوكات پرۆژەى "رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ"ى راگەیاند، بەپێى ئەو پرۆژەیە واشنتۆن فشارى خستە سەر رژێمەكانى ناوچەكە تا چاكسازیى سیاسی و دیموكراسی بكەن.
ئەم ئاراستە نوێیەى سیاسەتى دەرەوەى واشنتۆن رژێمەكانى ناوچەكەى تەنگاو و ناچارى نەرمى نواندنێكى رێژەیى كرد، بەتایبەت كە واشنتۆن بە كردەوە ئەو ڤیتۆیەى پێشتر لەدژى هاتنەسەر دەسەڵاتى تەوژمە ئیسلامییەكان هەیبوو داینابوو سووكى كرد، ئەوە بوو لە ئاست هاتنەسەر دەسەڵاتى پارتى داد و گەشەپێدان بەسەۆكایەتیى رەجەب تەیب ئەردۆگان لە ساڵى 2002دا بێدەنگ بوو، لەكاتێكدا پێشتر حزبى رەفا و حزبى فەزیلەى میراتگرى دواى سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكاندا هەڵوەشێنرانەوە. تەنانەت بێدەنگبوونى لە سەركەوتنى حەماسی ئیسلامیى فەلەستینیش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى ساڵى 2005 و پێكهێنانى حكوومەت بەسەرۆكایەتیى ئەو حزبە بە بەشێك لەو پلانە دابنێین.
رووخاندنى رژێمى سەدام حسێنیش لە ساڵى 2003 و تەسلیمكردنى بێ دوودڵانەى دەسەڵات بە حزبە ئیسلامییە شیعى و سوننیەكانى عێراق ترسى زیاترى خستە دڵى سەرانى ئەو رژێمانە، بەتایبەت كە جۆرج بوشى سەرۆكى ئەو كاتى ئەمەریكا راشكاوانە وتى دەبێ رژێمە دیكتاتۆریەكان بزانن وا بەئاسانى لێیان ناگەڕێین.
ئەم هەنگاوانە گۆڕانكاریى نوێ و ستراتیژى بوون لە سیاسەتى ئەمریكادا و لەباریاندا بوو وێنەكەى راست بكەنەوە، بەڵام شەڕە خوێناوییەكانى عێراق و ئەفغانستان و كوژرانى مەدەنییەكان لەلایەن هێزەكانى ئەمەریكاوە، هەروەها درێژەدانى واشنتۆن بە پشتگیریكردنى تەلئەبیب بوونە لەمپەر لەبەردەم بەردەوامبوونى ئەو پرۆژەیەدا، هاوكات فشارەكانى مەیدانى جەنگ واشنتۆنى ناچارى جۆرێك لە سازش و مامەحەمەییكردن بۆ ئەو رژێمانە كرد تا پاڵپشتى لە گرووپە یاخیەكان نەكەن و لە سەركەوتندا یارمەتى بدەن، بەوەیش رژێمەكان ترسیان شكا و لەو وردە چاكسازییەیش سارد بوونەوە كە پێشتر دەستیان دابوویە.
ئەوە بوو رژێمەكەى حوسنى موبارەك كە لە هەڵبژاردنى ساڵى 2006دا لە ترسا هەندێ شلگیرى كرد و بەهۆیەوە ئۆپۆزسیۆن زیاتر لە 80 كورسییان بەدەست هێنا، لە هەڵبژاردنەكەى 2010دا تەحەداى ئەمریكا كرد و رێگەى بە هیچ چاودێرێكى نێودەوڵەتى نەدا چاودێریی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى نۆڤەمبەرى 2010 بكات، ئەوەیش قەیرانێكى سیاسی بەدواى خۆیدا هێنا، كە سەرەنجامەكەى رووخانى رژێمەكەى بوو.
هەوڵەكانى ئەمریكا بۆ راستكردنەوەى وێنەى خۆى نەوەستاوە، بگرە پاش هاتنە سەر كارى باراك ئۆباماى كاندیدى دیموكراتەكان لە ساڵى 2009دا، كە بەڵێنى دەدا گرتووخانەى گوانتانامۆ دابخات و هێزەكانى ئەمریكا بەزوویى لە عێراق بكێشێتەوە، ئەو هەڵمەتە قورساییەكى زیاترى وەرگرت و زۆر لە چاودێران و تەنانەت سەرانى ناوچەكەیش ئەگەر بە رواڵەتیش بێ، ئومێدەوارییان پێشان دەدا كە ئیدارەى نوێى ئەمریكى لاپەڕەیەیكى نوێ و جیاواز لە پەیوەندى لەگەڵ دنیاى ئیسلام بكاتەوە. تەنانەت مەحمود ئەحمەدى نەژادى سەركۆمارى ئێران پەیامى پیرۆزبایى بۆ ئۆباما نارد.
ئۆبامایش دواى دەست بەكاربوونى هەوڵەكانى بۆ بەرجەستەكردنى ئەو ئاراستەیە درێژ پێدا. ئەوە بوو لە یەكەم وتارى دەستبەكاربوونیدا لە 20-1-2009 راى گەیاند "پێوەندیەكانى لەگەڵ جیهانى ئیسلامى لەسەر بناغەى بەرژەوەندیى هاوبەش دادەمەزرێنێ".

هەروەها لە 4 حوزەیرانى 2009یشدا ئۆباما لە زانكۆى قاهیرەوە وتارێكى ئاراستەى جیهانى ئیسلامى كرد و داواى كرد كۆتایى بە گێژاوى بەدگومانى و ناكۆكیى نێوان ئەمەریكا و جیهانى ئیسلامى بێ و پێوەندییەكانیان لەسەر بناغەى بەرژەوەندیى هاوبەش و رێزگرتنى دوولایەنە دابمەزرێنن. دواتریش ئیدارەى ئەمریكى دەستەبەرى چەمكى "شەڕى دژەتیرۆر" بوو.
هەروەها لە ساڵى 2010دا لەو كاتەى زۆربەى دانیشتوانى نیویۆرك نەیاریى خۆیان بۆ دروستكردنى مزگەوتێك لەنێزیك شوێنى هەردوو تاوەرە رووخاوەكە دەربڕی، ئۆباما پشتگیرى لە داواى موسڵمانەكانى ئەو وڵاتە بۆ دروستكردنى ئەو ناوەندە ئاینییە نیشاندا.
بەڵام رەنگە بەهێزترین هەڵوێستى واشنتۆن بە ئاراستەى ئاشتكردنەوەى شەقامى ناوبراو پشتگیریكردنى راشكاوانەى بێ لە راپەڕینەكانى ژمارەیەك لە گەلانى ناوچەكە، لەوانە میسر و یەمەن و سووریا، لە دژى رژێمەكانى سەرۆكە بەتەمەنەكانیان كە دەیان ساڵە لە دەسەڵاتدان.
پێنجشەمەى رابردوو (19 ئایار) باراك ئۆباما لە وتارێكیدا لەبارەى سیاسەتى وڵاتەكەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باكورى ئەفریقیا، باسى لە كاروانى گۆڕانكارى كرد كە لە تونسەوە دەستى پێ كرد و جەختى كرد "شێوازەكانى سەركوتكردن لەتوانایاندا نییە دەنگى گەلان بۆ گۆڕانكارى كپ بكەن، ئەوەیش داواكارییەكە هەموو دەوڵەتانى ناوچەكە دەگرێتەوە، بەبێ جیاوازى".
ئۆباما راشكاوانە پشتگیرى لە "بەهارى عەرەبی" كرد و ئاشكراى كرد بۆ سەركەوتنى پرۆسى دیموكراتى لە میسر و تونس هاوكاریى دارایى پێشكەشى ئەو دوو وڵاتە دەكاتەوە، داواى لە سەرۆكى یەمەنى كرد دەست بە گواستنەوەى دەسەڵات بكات، داواى لە سەرۆكى سووریاش كرد یان چاكسازی بكات یان دەسەڵات بەجێبێڵێ و داواى لە حكوومەتى بەحرێنیش كرد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دیالۆگ بكات.
ئەم هەڵوێستەى واشنتۆن دەكرێ گۆڕانكارى ئیجابی لە وێناى شەقامى عەرەبی و ئیسلامى بۆ ئەمریكا بكات، بەتایبەت كە لە حاڵەتێكى دەگمەن و بێپێشینەدا ئۆباما ئیسرائیلى بە داگیركەر ناوبرد و وتى "خەونى جولەكە بۆ دروستكردنى دەوڵەتێك لە سایەى داگیركردندا نایەتە دى"، ئەگەرچی لە بایەخى هەوڵەكانى دەسەڵاتى فەلەستینى بۆ پچڕینى داننان بە دەوڵەتى فەلەستینى لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەدەر لە رەزامەندیی ئیسرائیل كەم كردەوە.
ئەم پلانە درێژخایەنەى واشنتۆن بۆ جوانكردنى وێنەى خۆى لە جیهانى ئیسلامیدا، بەتایبەت دواى ئەم هەڵوێستەى دوایى چەندە سەركەوتوو بووە؟
بەپێى توێژینەوەیەك كە سەنتەرى توێژنەوەى "بیو" لە ماوەى نێوان 21ى ئادار و 26ى نیسانى رابردوودا كردوویەتى و ماڵپەڕى سی ئێن ئێن لە 19ى ئەم مانگەدا پوختەیەكى بڵاوى كردۆتەوە، وێنەى ئەرێنیى ئەمریكا لە چاو ساڵى 2010 لە ئوردن و توركیا و لوبنان پاشەكشەى كردووە، بەڵام لە میسر و فەلەستین بەرەوپێشوچوونێكى كەمى بەخۆوە بینیوە.
لە ئوردن رێژەى 13%ى ئەوانەى رپرسیان لەگەڵدا كراوە وێنەى ئەرێنییان هەبووە لەكاتێكدا لە ساڵى رابردوودا 20% بووە. لە توركیا لە 17%ەوە بۆ 10% دابەزیوە. لە پاكستان لە 17%ەوە بۆ 11% دابەزیوە. لە ئەندەنووسیا لە 59%ەوە بۆ 54% دابەزیوە.لە لوبنان لە 52% بۆ 49% دابەزیوە.
بەڵام لە میسر لە 17%ەوە بۆ 20% بەرز بووەتەوە و ل فەلەستینیش لە 15%ەوە بۆ 18% بەرز بووەتەوە.
بەپێى ئەنجامى ئەو لێكۆڵینەوە بێ، هێشتا واشنتۆن ئەنجامێكى دڵخۆشكەرى لە پرۆسەى جوانكردنى وێنەى خۆیدا بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئەوەى كە وێنەكە لە میسر و فەلەستین گۆڕانكاریى ئیجابی بەسەرداهاتووە، دەكرێ ئەوەى لێ بخوێنرێتەوە كە لە ماوەیەكى كەمدا هەڵوێستى واشنتۆن لە "بەهارى عەرەبی" كاریگەری لەسەر شەقامى عەرەبی بەجێهێشتووە و بە تێپەڕینى كات و كەوتنى ژمارەیەكى زیاتر لە رژێمەكان بە پاڵپشتیى مادى و مەعنەویى ئەمریكا، وێنەى واشنتۆن لە ناوچەكەدا باشتر بكات.

لە رۆژنامەى (باس) ژمارە 45 لە 24-5-2011دا بلاو كراوەتەوە.

كۆتایى رێبەرانى تەوژمى رادیكالیى ئیسلامى لە سەید قوتبەوە بۆ بن لادن



عومەر عەلى غەفور
چ لێكچوون و چ لێك نەچوونێك لەنێوان سەید قوتبى میسرى (1906- 1966) و ئوسامە بن لادنى سعوودی (1957-2011)دا هەیە؟
سەید و بن لادن لە چەند شتێكدا لێك دەچن و لە چەند شتێكدا لێك ناچن.
لەیەك دەچن لەوەدا هەردووك دوو سیمبوڵى فیكریى سیاسیی ئیسلامین كە ناوبانگێكى جیهانییان هەیە، ئەگەرچى ئامرازى سەید لە بەدەستهێنانى ئەو شۆرەتە سنووربڕەیدا بیر و خامەكەی بووە، چەكى لە شان نەكردووە و مومارەسەى "جیهادى چەكدارى" نەكردووە، لەكاتێكدا ئامرازى بن لادن تفەنگ و توندوتیژى و پەیامە جیهادییە حەماسییەكانى بووە.

ئەگەرچی سەید قوتب لە كۆتایى چلەكانى سەدەى بیستەمدا لەو كاتەى لە ئەمەریكا دەبێ و خۆشحاڵیى ئەمریكیەكان بە كوژرانى حەسەن بەنناى رابەرى ئیخوان دەبینێ، دەكەوێتە ژێر كاریگەریى فیكرى ئیخوان موسلیمین و كە دەگەڕێتەوە دەچێتە ریزەكانى ئیخوان و دەبێتە یەكێك لە سەركردە و تیۆریزەكارە فیكرییەكانى، بەڵام دواتر لە بازنەى ئیخوان دەردەچێ و تەجهیلى دەسەڵاتى ئارا و كۆى ئەو كۆمەڵگەیەش دەكات كە بە حوكمى ئەو دەسەڵاتە عەلمانییە رازییە.
سەید بەهۆى نووسینەكانیەوە، كە بوونە بناغەى فیكرى بزاڤەكانى تەكفیر و جیهاد، تەنانەت سنوورى ناوبانگى ئیخوانیشى تێپەڕاند.
هەروەها بن لادنیش، ئەگەرچی لە هەشتاكانەوە لە ئەفغانستان بووە و بەشدارى شەڕى دژى سۆڤیەتى كردووە، بەڵام لە نیوەى دووەمى نەوەدەكانەوە وردە وردە ناوى دەركەوت، كەچى لە ماوەى كەمتر لە دە ساڵدا ناوبانگێكى ئەوتۆى لەسەر ئاستى جیهان و ناوەندە سیاسی و میدیاییەكاندا پەیدا كرد، كە بزاڤى ئیخوان لە ماوەى نزیكەى سەدەیەكى تەمەنى خۆیدا بەو ئاستە نەگەیشت.
لەیەك دەچن لەوەدا هەردووكیان دوژمنى سەرسەختى ئەمەریكا و بەها سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانى بوون، ئەگەرچی هەڵوێستى قوتب لەوەدا زیاتر قاڵبێكى ستراتیجى و شارستانییانەى وەرگرتووە و كەمتریش رووى هێرشى كردووەتە سەر گەلى ئەمریكى، لەكاتێكدا بن لادن قاڵبێكى زیاتر تەكتیكى، سیاسی وەرگرتووە، كە دژایەتییەكەى بۆ ئەمریكا زیاتر وابەستە كردووە بە پشتیوانیى ئەمریكا بۆ ئیسرائیل و لەشكركێشیكردنى بۆ ناوچەى جەزیرەى عەرەبی. هەروەها ئەو رقە قووڵە بەرامبەر سیاسەتەكانى ئیدارەى ئەمریكى بۆ قووڵاییەكیترى ترسناك رۆچووە، ئەویش دژایەتیكردنى خودى كۆمەڵگەى ئەمریكى و تەواوى جولەكە و مەسیحییەكانى دنیایە.
سەید قوتب لە ساڵى 1948 هەلى بەعسەیەكى بۆ ئەمەریكا بۆ هەڵكەوت بۆ دیراسەكردنى پەروەردە و بنەماكانى میتۆدەكان لەو وڵاتە، لە ساڵى 1951 چەند وتارێكى لەبارەى ژیان لە ئەمەریكا لە رۆژنامە میسرییەكان بڵاو كردەوە، یەكێكیان بەناوى ئەو ئەمریكایەى من دیم "امریكا التی رایت"ـە، تێیدا دەڵێ "گەلى ئەمریكى گەلێكە لە دنیاى زانست و مەعریفەدا گەیشتۆتە لوتكە، بەڵام لە دنیاى هەست و رەفتاردا ئاستى پلە بەراییەكانى مرۆڤایەتى تێنەپەڕاندووە و بگرە لە هەندێ لایەندا لەوانیش كەمترە". ئەمە رەخنەى بیرمەندێكى خاوەن ئایدیۆلۆژیاى جیاوازە لە رۆژئاوا و رەخنەكەى رەواییەتێكى شارستانى هەیە. بەڵام بن لادن هێلێكى چەپ و چوار بەسەر كۆى گەل و شارستانیەتى ئەمریكیدا دەهێنێ.
ناوبراو لە فیلمێكى بەڵگەنامەییدا لە كۆتایى نەوەدەكاندا، كە ماوەیەك دواى ئاشكرابوونى پەیوەندییە سێكسییەكەى بیل كلینتۆنى سەرۆكى ئەوكاتەى ئەمریكا و مۆنیكا لوینسكى مەشقدەرى كۆشكى سپى بوو، راشكاوانە لەبارەى گەلى ئەمریكیەوە گوتى "گەلى ئەمریكى گەلێكە لە رووى رەوشتەوە رووخاوە، ئەوەتا كاتێ سەرۆكەكەى لە بێڕەوشتییەوە دەگلێ جەماوەرى لەنێو گەلى ئەمریكیدا زیاد دەبێ".

سەید و بن لادن لەیەك دەچن لەوەدا كە هەردووكیان دواى ململانێیەكى سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەیارەكانیاندا، لە كۆتایدا لەپێناو مەبدەئەكەیاندا بە كوژران كۆتایى بە ژیانیان هات. قوتب لە 29 ئابى 1966 لەسێدارە درا و بن لادنیش لە 2 ئایارى 2011دا كوژرا.
رەنگە زید لە یەكچوون، ئەو دووانە (ئیندیماج)یش بكەن و ببنە ژێرخان/سەرخان (قوتب/بن لادن)ى یەكتر لەوەدا كە ئەو تیۆریزە فیكرییەى سەید قوتب بۆ لێكدابڕانى هەردوو بەرەى كوفر/ئیمانى دەكرد، بن لادن بە كردەوە و بە زمانى چەك بەرجەستەى كرد، ئەگەرچی ئەو لە شەڕەكەیدا بازى بەسەر نەیارە ناوخۆییەكە (رژێمەكانى ناوچەكە)دا دا و جاڕى شەڕى لەدژى رۆژئاوا دا بەو ئیعتیبارەى ئەوان "دوژمنە گەورە"كەن و سەرچاوەى هێزى رژێمەكان و بۆ لەناوبردنى رژێمەكان (دوژمنە بچوكەكە) پێویستە دوژمنە گەورەكە لەناو ببرێ. بە بڕواى چاودێران، ئەمە تیۆرى ئەیمەن زەواهیرى سەركردەى گرووپى جیهادى ئیسلامى میسرى و كەسى دووەمى قاعیدە بووە، كە لە ساڵى 1998دا لە ئەفغانستان لەگەڵ قاعیدەدا یەكى گرت.
بەلام لێكنەچوونەكانى ئەو دوو پیاوە دەكرێ لەوەدابێ، سەید ئەدیب و بیرمەند بوو، چەكى دەستى وشە بوو، زۆربەى ئەو وشانەیشى لە كونجى زینداندا دەنووسی. تەفسیرى (فی ڤلال القران) شاكارى بەناوبانگى سەید لە زینداندا نووسیویەتى. كەواتە گوتارى ئەو بۆ خەڵكى شار و بۆ بنیاتنانى بیرى خەڵكى خوێندەوار بووە، ئیدى ئەو بیرە چەند دروست بووە گرنگ نییە. راستە سەید وەك تیۆریزەكارى بیرى تەجهیل و تەكفیر دادەنرێ و كتێبەكانى بەتایبەت "معالم فی الگریق"ەكەى بە میتۆدى زۆر لە بزاوتە ئیسلامیی جیهادیەكان دادەنرێ، بەڵام ئەو جگە لەوانە گەلێك بەرهەم و ئیجتیهاد و تیۆرى فیكرى و سیاسیى گرنگیشى هەن و كەسایەتی سەید تەنیا لە بیرۆكە تەكفیرى و تەجهیلییەكانیدا كورت نابێتەوە، بگرە ئەوە بەشێكى زۆر كەمە لە بەرهەمى بیرى ئەو پیاوە. لە كۆى ئەو كتێبانەى سەی كە خوێندوومەتەوە، هەستم نەكردووە تیۆریزە بۆ دامەزراندنى گرووپێكى چەكدارى و جاڕدانى شەڕ دژى دەسەڵات یان ئەمریكا بكات.
بەڵام بن لادن زیاتر سەركردەیەكى سەربازى و مەیدانى بوو، چەكى دەستى تفەنگ و گوللە و وتارى جەنگاوەرانە بوو، واتە گوتارەكەى گوتارى مەیدانى جەنگ و رووبەڕووبونەوە و توندوتیژى بوو. ئەگەر سەید گەنجینەیەك كتێبى فیكرى و سیاسی بۆ نوخبە بەجێ هێشت، كە زۆریان لە ئاستێكى بەرزى بیركردنەوە و ئیستاتیكادان، بن لادن ئەوەى تا ئێستە ئاشكرایە تەنیا كۆمەڵێ وتارى دەنگى و ڤیدیۆیین كە تایبەتى ساتەكانى جەنگ و كوشت و كوشتارن و شتێكى بۆ شار پێ نییە.
سەید ئەگەر باوەڕى بە تیۆرى دار الحرب/دار السلمیش هەبووبێ، تیۆریزەى بۆ جەنگى دنیاى ئیسلام (وەك كۆیەك) و دنیاى رۆژئاوا (وەك كۆیەك) نەكردووە، ئەمە جگە لەوەى تیۆریزەى بۆ جەنگى تائیفى لەنێوان شیعە و سونەش نەكردووە، بەڵام ئوسامە بن لادن لە ساڵى 1988دا هەموو رۆژئاواى خستە بۆكسێكەوە و شەڕى دژى یەهود و سەلیبیەكان راگەیاند و بەرژەوەندییەكانى ئەمەریكا و ئەوروپاى كردە ئامانج، دیارترینیان هێرشەكانى سەر باڵێۆزانەكانى ئەمریكا لە نایروبى و داروسەلام و دواتر ئەنجامدانى هێرشەكانى 11ى سیپتەمبەرى 2001 لە نیویۆرك و واشنتۆن، تەقینەوەكانى مەدرید لە 2004 و تەقینەوەكانى 7 تەموز/یۆلیۆى 2005 ى لەندەن.
سەید قوتب كارى لەسەر فیكر و ستراتیژ دەكرد و خۆى بە تاكتیك و سەركردایەتیكردنى سیاسەتى رۆژانەوە سەرقاڵ نەكرد، بەڵام بن لادن ژیانى خۆى لەنێو تاكتیك و سیاسەتێكى مەرحەلیدا تەواو كرد. لەبەرئەوە بە مردنى سەید قوتب كۆتایی بە قوتابخانە فیكرییەكەى نەهات، بگرە بوو بە میتۆدى كار و رۆشنبیریی بزاوتە ئیسلامیەكان بەگشتى و بزاوتە رادیكالیەكان بەتایبەتى. تا ئێستەیش كتێبەكانى سەید لەلایەن رێكخستنەكانى ئیخوانەوە دەخوێنرێن، بەتایبەت (فی ڤلال)ەكەى و (مقومات التصور الاسلامی و خصائصه) و "المستقبل لهژا الدین"ەكەى.
بەڵام پێم وایە بە مردنى بن لادن تەوژمەكەی روو لە كزى دەكات، لەلایەك لەبەرئەوەى بەشێكى گەورە لە هێزى هەر گرووپ و رێكخراوێكى چەكدارى، بەتایبەت رێكخراوى ئایدیۆلۆژى، لە كاریزمایی كەسی یەكەمى گرووپەكەوە دێ، هەر بۆیە زۆر جار دواى مردنى ئەو سەركردانە پەرتەوازەیی و لاوازى روو لەو جۆرە گرووپانە دەكات، ئەگەر بەشێوەیەكى كاتیش بێ.
لەلایەكى ترەوە پشتگیریكردنى ئەمریكا لە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانى وڵاتانى عەرەبی لە دژى رژێمەكان، كە جاران قاعیدە بۆ كۆتایهێنان بە پاڵپشتیی ئەمریكا لەو رژێمانە دژایەتیی خۆى بۆ ئەمریكا راگەیاندبوو، وا دەكات گوتارى دژ بە ئەمریكا ئەو سیحرەى جارانى لە بزواندنى هەستى شەقامى ئیسلامیدا لە دەست بدات، چونكە چیدى ئەمریكا داڵدە و پەناى ئەو رژێمانە نییە و دەرفەتى بە خەڵك داوە رایانماڵن و بگرە پشتگیریی مەعنەوى و تەنانەت سەربازیشیان دەكات و چیدى پێوست بە تەقینەوە زراوتۆقێنەكانى قاعیدە نەماوە بۆ روخاندنى ئەو رژێمانە.
بە بڕواى چاودێران ئەو حاڵەتە قاعیدەى تووشى شۆك و سەراسیمە كردووە، هەر بۆیە دواى نزیكەى پێنج مانگ لە خۆپیشاندان و راپەڕینەكانى گەلانى ناوچەكە قاعیدە و بن لادن هیچ هەڵوێستێكیان لەو بارەوە رانەگەیاند، لەكاتێكدا پێشتر لە مەسەلەى زۆر لەوە كەمبایەختردا هەڵویست و راگەیەنراویان هەبوو.
لێرەوەیە هەندێ لە توێژەران پێیان وایە بن لادن لە 2ى ئایاردا كۆتایی پێ نەهات، بەڵكو لەو كاتەوە كۆتایی پێ هات كە راپەڕینە جەماوەرییە ئاشتیخوازانەكان دەستیان پێ كرد و شەقام خۆى بە شێوازێكى زۆر هێمنانەتر توانى ئەو گۆڕانكارییە لە سیستمى سیاسیدا بكات، كە دەیان ساڵە حزبە چەكدارەكان و تەنانەت بێچەكەكانیش پێیان نەكرا.
زیاد لەو دوو هۆكارەیش، لە بنەڕەتدا تەوژمى توندڕەویی و چەكداریی ئیسلامى لەم دوو دەیەی دواییدا رووی لە پاشەكشە كرد. سەركردە رادیكالییەكانى جیهادى ئیسلامیی میسرى لە زینداندا بە بیروبۆچوونەكانیاندا چوونەوە و بڕیارى گۆڕینى شێوازى كارى سیاسییان دا. بەڵام داگیركردنى ئەفغانستان و عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە وزەیەكى نوێى وەبەر ئەو تەوژمەدا هێنایەوە و بازاڕى گەرم كردەوە، ئەگینا بەئۆتۆماتیكى زیاتر لەقاڵب دەدران.

لە رۆژنامەى (باس) ژمارە (43) لە 105-2011 بلاو كراوەتەوە.

الخميس، 21 أبريل 2011

قسەیەك لەمەڕ نەخۆشخانەكەى (مەلا عەليى كەلەك)


عومەر عەلى غەفور

دیاردەى چارەسەركردنى نەخۆشییەكان، لەرێى دوعا و نوشتە و رێنماییەكانى كەسایەتییە رۆحانییەكانى ئاینەكانەوە شتێك نییە تایبەتى ئاینى ئیسلام و لەنێو كۆمەڵگە ئیسلامیەكانیشدا تایبەتى كورد بێ، بەڵكو دیاردەیەكى گەردوونیى ئاینییە (بە واتا فراوانەكەى ئاین)، هەروەك لە جیهانى عەرەبی و ئیسلامیشدا لەژێر ناوى "توبى نەبەوى" و "چارەسەر بە قورئان"دا بۆ چارەسەرى نەك تەنیا نەخۆشییە دەروونیەكانى وەك ئەوەى پێى دەڵێن "جنۆكەدارى" یان دەركردنى جنۆكە لە لەش، بگرە بۆ چارەسەرى نەخۆشییە جەستەییەكانیش پەناى بۆ دەبرێ. كەناڵى ئاسمانى هەیە تایبەتە بەو چارەسەرییانە.
لەبەرئەوە ئەو كارەى مامۆستا عەلى كەلەكیش زیاتر لە دە ساڵە پێوەى خەریكە و خەڵكێكى زۆر بڕِوایان پێیەتى و بۆ چارەسەرى نەخۆشییە سەختەكانیان رووى تێدەكەن، بەشێكە لەو كەلتوورە.
بەڵام ئایا بەردەوامبوون و رەواجى ئەو جۆرە ناوەندانە، كە زۆر جار ئیدیعاى چارەسەرى ئەو نەخۆشییانە دەكەن كە تا ئێستە زانستى پزیشكى بە هەموو پێشكەوتنە زانستى و تەكنەلۆژیەكانیەوە دەستەوەستانە لە ئاست چارەسەركردنیاندا، لەوانە جۆرەكانى شێرپەنجە، بۆ چى دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەوانە وەك دوا پەناگەى ئومێدبڕاوان و لە بابى "خنكاو پەنا بۆ تەڵە پووشێكیش دەبات" پەنایان بۆ دەبرێ و بە كردەوە نەبوونەتە فریادڕەسى ئومێدبڕاوان، یان هەر بە راستى ئەو كارە واتاى هەیە و بوونى خۆى سەلماندووە؟ ئەگەر وایە بۆچى رۆژانە دەیان كەس لەو نەخۆشە بێچارەسەرانە سەردەنێنەوە؟ ئایا ئەو كارەى ئەو بەڕێزانە دەیكەن لە رووى ئاینى و زانستییەوە چ تەفسیرێك هەڵدەگرێ؟
وەك سەرەتا پێم وایە هەر كەس پێى بكرێ تروسكایی ئومێد بۆ نەخۆشانى ئومێدبڕاو لە چارەسەر، كە زۆریان نەخۆشخانەكانى ئەوروپا و ئەمریكایش دادى نەداون، بدۆزێتەوە، جێگەى رێز و دەستخۆشییە ئیدى بە هەرچى و بە هەر هونەرێك ئەو كارە دەكات گرنگ نیە. ئەگەر مامۆستا عەلى بتوانێ لە كۆى 1000 نەخۆشى شێرپەنجەى كوردستان، نەك هەموویان، نەك نیوەیان و بگرە نەك چواریەكیشیان، تەنیا بتوانێ دە یەكێكیان خۆش بكاتەوە و لە مردن رزگاریان بكات، شایستەى ئەوەیە نەك حكوومەتى هەرێم مۆڵەتى كردنەوەى نەخۆشخانەیەكى لێ قەدەغە بكات، بگرە نیوەى بودجەى وەزارەتى تەندروستى بخاتە بەردەست، چونكە بەو كارە، سەنگ و ناوبانگێكى گەورە بۆ كوردستان پەیدا دەكات و زیاد لەوەیش پرۆژەیەكى بازرگانى گەورە دەبێ و لە هەموو دنیاوە روو دەكەنە كوردستان.
بەڵام ئایا ئەوەى پێدەكرێ و چۆن؟
لە رووە ئاینییەكەوە نامەوێ لێرەدا بمە نێو جەدەلى ئەوەى ئاخۆ ئەو كارەى دەیكات شتێكە بناغەیەكى لە دەقەكانى قورئان و فەرمودەى دروست و كردەوەكانى پێغەمبەردا دەدۆزرێتەوە یان نا، چونكە ئەو كارە هەمیشە هەم لایەنگر و هەم نەیاریشى هەبووە و هەریەكەشیان سیستمى خوێندنەوەى خۆیان هەیە بۆ تەئسیلكردنى شەرعییانەى بۆچوونەكەیان، پێم وایە لە ئایندەیشدا هەر وا دەمێنێتەوە.
ئەوەى بە گرنگى دەزانم لەو رووەوە بیڵێم تەنیا ئەوەیە كە قورئان كتێبێكى پزیشكى نیە و نەهاتووە نەخۆشى پێ چاك بكرێتەوە، بەڵكو كتێبى جیهانبینی و رێساكانى سلوكى ژیانە و بەكارهێنانى وەك چارەسەرى پزیشكى بەلاڕێدابردنى پەیامى قورئانە. ئەمە جگە لەوەى پێغەمبەریش (درودى خواى لەسەر بێ) پزیشك نەبووە، بەڵكو سەركردە و رابەرى فیكرى و سیاسی بووە، ئەگەر جاروباریش هەندێ رێنوێنیى پزیشكى دابێ بە هەندێ حاڵەتى نەخۆشی، ئەویش زیاتر لەرێى دوعا و روقیەوە، بەڵام نەیكردووە بە قاعیدە كە بە نەخۆشەكان بڵێ بڕۆ رۆژانە و بۆ ماوەى 6 مانگ گوێ لە قورئان بگرە و ئەگەر چاك نەبووى دووبارەى بكەرەوە و نەخۆشخانە بۆ ئەو زانستە بكاتەوە.
رەنگە بوترێ ئەوە نیە خوا دەفەرموێ "وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاو" {الإسراو/82}؟. راستە قورئان لێرەدا بە شیفا دانراوە، بەڵام ئایا لێرەدا باسى شیفاى جەستەیە یان رۆح؟ تەنیا بەڵگەیەك نیە پشتگیرى ئەوە بكات كە مەبەست شیفاى جەستەیە، بەڵام بەڵگە لە قورئان زۆرە كە مەبەست شیفاى رۆح یاخود دڵە كە بە (مافی الصدور) تەعبیرى لێكراوە، بۆ نموونە ئایەتى 57ى سورەتى یونس "ێا أَیُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاوتْكُم مَّوْعِڤَەٌ مِّن رَّبِّكُمْ وَشِفَاو لِّمَا فِی الصُّدُوڕ"{یونس/57}.
بەڵام ئێمە لێرەدا چاوپۆشی لەم ئیننەیە دەكەین لە ئەسڵى شەرعیبوونى كارەكەدا و لە رووى كردەییەوە بۆ ئەنجامى پرۆژەكە دەڕوانین و دەپرسین ئایا نەخۆشخانەكەى مامۆستا كەلەكى لە توانایدا هەیە نەخۆشییەكانى وەك شێرپەنجە و ئایدز چارەسەر بكات وەك خۆى لە هەندێ لێدوانیدا باسى كردووە؟
دیارە بۆ ئەوەى راستیى جەدواى چارەسەرییەكانى بسەلمێ تەنیا كردنەوەى هەندێ وێنەى ڤیدیۆیى بەس نیە، بەڵكو ئەزموونكردنى وردتر و زانستیترى دەوێ. دەبێ چەند حاڵەتێك هەبن كە لە دەوا و دەرمان بێئومێد بووبن و دەستبەردارى بووبن، دكتۆرەكان جوابیان كردبن، ئەنجا روویان كردبێتە نەخۆشخانەكەى مامۆستا عەلى و تەنیا و تەنیا بە پشت بەستن بە چارەسەرەكانى ئەو چاك بووبنەوە. ئەگەر ئەمە كرا ئەوە ئیدى كەس قسەى نامێنێ. بەڵام ئەگەر نەخۆشێك كۆرسى دەرمانى بەردەوامى هەبێ و بشچێتە لاى مەلا عەلى و دواتر چاك بووبێتەوە، ئەوە ناتوانرێ بوترێ بەمەى دوایى چاك بوویەوە.
من خۆم لە 1989 تا 1998 بەدەست گەدەئێشانێكى قورسەوە گیرۆدە بووم، دەیان جار داودەرمانم وەرگرت سوودى نەبوو، سەرەنجام دەرمانێكى كوردەوارییان لە دهۆكەوە بۆ هێنام، هاوكات چوومە لاى پزیشكێكى شارەزا و دوو وەجبە حەبى حەفتا دانەیى بۆ نووسیم، هاوكات بێ ئێوە ناخۆش لەنێو باخ دەستم دایە هەڵمەتێكى خەستى هەنار خواردن كە پاككەرەوەیەكى باشە، پاش ماوەیەك لەپڕ دیم چاك بوومەوە، شیفا لە كام لەمانەدا بوو، نازانم. رەنگە ئەگەر من لەو كاتەدا سەردانێكى كەلەكیشم بكردایە و چاك ببومایەتەوە، بمگوتایە لەوێ چارەسەرم دۆزییەوە.
ئایا مامۆستا عەلى دەتوانێ ئەم ئەزموونە پێشكەش بكات؟ من گومانم هەیە بتوانێ شتى وا بكات، چونكە وا رۆژانە نەخۆشەكانى پێش ئەوەى رەچەتەكەیان سەرف بكەن گیان دەسپێرن.. هەینى نیە مامۆستاى گەڕەكەكەمان لە نوێژى هەینیدا تكاى چەند نەخۆشێكى ئومێدبڕاو لە دكتۆر و دەرمان نەدا بە گوێى نوێژكەراندا تا دوعاى شیفاى بۆ بكەن، باوەڕ ناكەم زۆر لە ئەو نەخۆشە ئەهلى مزگەوتانە نەچووبنە لاى نەخۆشخانەكەى مامۆستا عەلى. ئاخر من كە باوەڕم بە كارەكەى نەبووە و نییە چوومە لاى، وتم بەڵكو هیچ نەبێ ئومێدێك بۆ نەخۆشەكەمان بگێڕێتەوە.
نەخۆشێكمان كە هیچ چارەسەرێك دادى نەدا، دوا جار كەسوكار وتیان مامۆستا عەلى چەندەها شێرپەنجەى چاك كردۆتەوە با بچینە لاى. لە 5 حوزەیرانى 2003دا چووینە ماڵى مامۆستا لە كەلەك. خەڵكیتریش زۆر لەوێ بوون، هەریەكە و لەبەر دەردێك هاتبوو. بە ریز دەچوونە بەردەم مامۆستا و ئەویش هەندێ شتى لەبەرى خۆیەوە دەخوێند و هەندێ رێنوێنى دەدا. ئەوەى تێبینیم كرد بۆ بەشى هەر زۆریان دەیوت بۆ ماوەى مانگێك و سەرووتر رۆژانە 6 سەعات و سەرووتر گوێ لە قورئان بگرە ئەگەر چاك نەبوویت دووبارەى بكەوە، بۆ نەخۆشەكەى ئێمەیش، كە حەوسەڵە و هێزى ئەوەى نەمابوو گوێ لە قسەى ئاسایى بگرێ، رۆژانە چەند سەعات گوێگرتنى بۆ دانا. دایكیشم پێى وت زەختم هەیە، خوشكیكیشم وتى بەردەوام سەرم دێشێ. وتى بچن لە دەرەوە عیلاجەكە وەرگرن. كە دەچوویتە دەرەوە گەنجێك دانیشتبوو پسولەیەكى پێبوو، كە رەچەتەیەك بوو لەمانە: رۆنى رەشكە بخۆ، هەنگوین بخۆ، تەنیا سینگى مریشك بخۆ،..
لەوێ هەڵامەتت بێ، سیلت بێ، شەكرەت بێ، زەختت بێ و شێرپەنجەت بێ هەمان كڵێشەت لەو گەنجە وەردەگرت كە بە دەستوپلیدا لەوە نەدەچوو تەنانەت تەندروستكاریش بێ. ئایا چارەسەرى نەبەوى بەو شێوەیە دەكرێ؟
لە رێى گەڕانەوەماندا بۆ هەولێر شۆفێرى تەكسییەكەش سەرگوزەشتەى خۆى گێڕایەوە، بیرم نەماوە نەخۆشییەكەى چی بوو، وتى پێى وتم دەبێ رۆژى 6 سەعات گوێ لە قورئان بگریت. منیش وتم "دەى باشە من سایق تەكسیم لەنێو سەیارەكەدا گوێى لێدەگرم"، مامۆستا وتى "نابی، دەبێ لە ماڵ گوێى لێبگرى".
بەهەرحاڵ خۆزگە دەستى مامۆستا شیفاى پێوە بوایە. نەخۆشەكەمان دواى هەفتەیەك گیانى سپارد و دڵنیام دەیان و سەدانیتریش كە چوونەتە لاى مامۆستا دواى چەند رۆژێك لە سەردانەكەیان بوونەتە كاروانچیى هەمان رێ. بەڵام خۆ ئەو خەڵكە خاوەن نەخۆشە دواى مردنى نەخۆشەكەیان ناچنەوە بۆ لاى مامۆستا و پێى بڵێن رەچەتەكەت پووچ بوو.

لە ر. باس ژمارە 40 لە 19-4-2011 بڵاو كرایەوە.

الأربعاء، 6 أبريل 2011

خۆپیشاندانەكانى كوردستان و ناوچەكە و قڵپكردنەوەى لۆژیكە باوەكان


عومەر عەلى غەفور
ئەوە یەكەم جار نیە خۆپیشاندانى ناڕەزایى لەم یان لەو وڵاتى ناوچەكە، لەنێویاندا لە هەرێمى كوردستان دژ بە سیاسەتەكانى دەسەڵات بەڕێوە دەچێ (هەر دواى پەسەندكردنى یاساى هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە لە 12-12-2010دا رۆژانە چەندین خۆپیشاندانى ناڕەزایی بەڕێوە دەچوون بەبێ ئەوەى قەیران یان فشارێكى جدى دروست بكەن)، بەڵام لە هیچكامیاندا خۆپیشاندانەكان وەك ئەوانەى ئەم چەند مانگەى رابردوو مەترسیی جدییان بۆ سەر دەسەڵاتەكان دروست نەكردووە، هێندەى ئێستە قورسایى مەعنەوییان نەبووە و دەنگیان دلێر نەبووە، هیچ كاتێكیش دەسەڵات هێندە لە بەردەم خۆپێشاندەراندا كز و تەنگاو نەبووە.

لە وڵاتانى میسر و جەزائیر و سووریا دەیان ساڵە بارى نائاسایى راگەیەنراوە و لە سایەى ئەو دۆخەدا دەسەڵاتداران بەبێ سڵەمینەوە هەر دەنگێكى ناڕەزاییان سەركوت و دەستەمۆ كردووە و وەك خیانەتێكى گەورە مامەڵەیان لەگەڵ هەر هەوڵدانێك بۆ گۆڕینى دەسەڵات كردووە و بێ دوودڵى لە هەر جموجوڵێكى لەو جۆرەیان داوە. رۆژێ لە رۆژان بیریان لەوە نەكردەوە ئەو بارى نائاساییە هەڵگرن، دەرفەتى یەكسان بۆ ململامنێى هێزە سیاسییەكان و دەستاودەستكردنى ئاشتییانەى دەسەڵات بڕەخسێنن، چاكسازیی سیاسى و ئابوورى بكەن، دادپەروەریی كۆمەڵایەتى بێننە كایە و رێگە لە قۆرخكاری و گەندەڵیی سیاسی و دارایی و ئیدارى ببڕنەوە.

زەینولعابدین بن عەلیی تونس دواى 23 ساڵ و كاتێ پەتەكە گەیشتە ملى بە خەڵكى وت "لێتان تێگەیشتم". حوسنى موبارەكى میسر دواى 30 ساڵ و كاتێ بەردەرگاى پێ گیرا ئەنجا بڕیارى دا جێگرێك بۆ خۆى دابنێ و خۆى كاندید نەكاتەوە و دەستوور هەموار بكات تا كەسانى تر تواناى ركابەریكردنیان هەبێ، قەزافیى لیبیا دواى 42 ساڵ و دواى ئەوەى شۆڕشگێڕان خۆیان بۆ هەڵكوتانە سەر تەرابلوسى پایتەخت ساز كرد بیرى كەوتەوە چاكسازى بكات. عەلى عەبدوڵا ساڵحى یەمەن دواى زیاتر لە 32 ساڵ و دواى ئەوەى تەوژمى ناڕەزایی تەنگى پێ هەڵچنى ئینجا دەڵێ باوەڕم بە میراتگرى نییە و خۆم بۆ خولێكى ترى سەرۆكایەتى كاندید ناكەمەوە، هێشتایش موزایەدەى دەستپاكى بەسەر گەلەكەیەوە دەكات و دەڵێ ئامادەم دەسەڵات بۆ كەسێكى ئەمن بەجێ بێڵم، وەك ئەوەى خۆى گومان لە ئەمانەتیدا نەبێ.

بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا، دواى نیو سەدە حوكمى بنەماڵەیی و تەنیا دواى ئەوەى خۆپیشاندانەكان بۆ گۆڕینى رژێم بە بەرفراوانى ئەوێیشى گرتەوە، بڕیارى چاكسازى دەدات و مووچە زیاد دەكات.
شاعەبدوڵاى سعوودیەیش كە بۆ سەدەیەك دەچێ بنەماڵەكەى تاكڕەوانە و دوور لە هەر سیمایەكى دیموكراسییانە حوكمى ئەو وڵاتە دەكەن و دەرگاى هەر كرانەوە و گوێرتنێك بۆ دەنگى شەقامیان لە خۆیان و گەلەكەیان داخستووە، ئەویش ترسی لێ نیشتووە و لەم دواییەدا بە جارێك 20 بڕیارى شاهانەى بۆ دڵراگرتنى خەڵك دەركرد.

لە رابردوودا دەیان و سەدان خۆپیشانى ناڕەزایى لەو وڵاتانەدا كراون، بەڵام هیچیان نەك جێیان بە رژێم لەق نەكردووە، بگرە هێندە مەترسییان دروست نەكردووە كە رژێم ناچارى چاكسازیكردن بكەن، بەڵام ئەم شەپۆلەى دوایى شەپۆلێكى جیاوازە، لەگەڵ خۆیدا سامێكى بێپێشینەى بۆ دەسەڵاتەكان هەڵگرتووە، رێك وەك تسۆنامییەك ناوچەكەى گرتووەتەوە و هەموو لۆژیكە باوەكانى پێشترى لە زیانى دەسەڵاتەكانى ناوچەكە قڵپ كردووەتەوە، لەوانە لۆژیكى باڵادەستیى زۆرینە و باسكى بەهێز، لۆژیكى دانوستان و رێككەوتنى نێوان لایەنە ناكۆكەكان لەكاتى قەیرانەكاندا، لۆژیكى تۆماركردنى سەروەریى مێژوویى و پرۆژەكانى ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان.
هێز و سامى خۆپێشاندانەكانى ئەم دواییەى هەر وڵاتێك تەنیا بریتى نیە لە هێزى فیزیكیى ئەو دەیان هەزار كەسەى لە گۆڕپانێكدا بەرامبەر دەسەڵاتەكاندا وەستاونەتەوە و پێى دەڵێن "بڕۆ"، چونكە وەك بینیمان رەنگە دەسەڵاتەكان بتوانن زیاد لەو ژمارەیە دابەزێننە سەر شەقام، سەرۆكى یەمەن وتى "ئەگەر ئۆپۆزسیۆن 20 هەزار كەس دێننە سەر شەقام من دەتوانم 2 ملیۆن كەس بێنمە سەر شەقام"، بەڵكو هێزى مەعنەویى كۆى تسۆنامییەكەى لە سەرتاسەررى ناوچەكەدا لەگەڵدایە و بووەتە رەسیدێكى مەعنەوى كە قورسایى بە دەنگ و سەنگى خۆپێشاندەران دەدات و لە هێز و ورەى دەسەڵاتەكان دادەبەزێنێ.

ئەگەرچی هەموو وڵاتەكانى ناوچەكە لە رووى ئامادەیى بۆ تەقینەوەى جەماوەرى و گۆڕینى دەسەڵاتدا وەك یەك نین، بۆ نموونە توركیا وڵاتێكى گەورەى ناوچەكەیە و بەدەست كێشەیەكى سیاسیی گەورە و مێژوویی وەك كێشەى كوردیشەوە دەناڵێنێ و بەردەوام خۆپیشاندانى ناڕەزاییش بەخۆوە دەبینێ، بەڵام بەهۆى قووڵیی ئەزموونە دیموكراسییەكەیەوە تا ئێستە سەقامگیر ماوەتەوە، بەڵام ئەوەى پێى وا بێ عێراق و هەرێمى كوردستان شامى شەریفن و ئەو شەپۆلە شمولیان ناكات هەڵە دەكات، چونكە چ لە عێراق و چ هەرێمى كورستانیش ناڕەزاییەكى بەرفراوان هەیە بەرامبەر نەبوونى شەفافیەت، نادادپەوەریى كۆمەڵایەتى، قۆرخكارى، نەبوونى دەستاودەستكردنێكى تەندروستى دەسەڵات و كەمیى خزمەتگوزارییە گشتییەكان. راستە دەسەڵاتەكە بە هەڵبژاردن هاتووەتە سەر حوكم و زۆرینە پاڵشتى دەكات، بەڵام ئەم لۆژیكە، ئەگەر واش دابنێین هیچ گومان لە نەزاهەتى ژمارەكانى هەڵبژاردنیشدا نەبووە، لەو لۆژیكانەیە كە ئەم تسۆنامییە قڵپى كردووەتەوە و لەم دۆخە نوێیەدا كەمینەیەكى رێكخراوى ئەكتیڤ دەتوانێ ئیرادەى خۆى لەرێى شەقامەوە بەسەر زۆرینەیەكى رەسمیدا بسەپێنێ و ئەسڵى زۆرینەبوونەكەشى بخاتە ژێر پرسیارەوە، وەك ئەوەى بە زمانى حاڵ پێى بڵێ "تۆ لەرێى ساختەكارى و چاوسووركردنەوەوە بە ناڕەوا زۆرینەت لە هەڵبژاردندا مسۆگەر كردووە، منی كەمینەش بە هەمان مەنتیقى ناڕەوایى ویستى خۆم بەسەر تۆدا دەسەپێنم".
جگە لەوەیش هەمیشە زۆرینەیەكى بێدەنگ هەیە كە لە هەڵبژاردنەكاندا كەنارى گرتووە، بەڵام هیچ دوور نییە ئەو زۆرینە بێدەنگە لە دۆخێكى تردا تەوقى بێدەنگى بشكێنێ، بێتە سەر شەقام و زۆرینەى رەسمی، كە زۆرینەى دەنگدەانە نەك زۆرینەى گەل، رابماڵێ.
لە عێراق بە هەموو لیستەكانەوە نزیكەى 62%ى خەڵك بەشداریی دەنگدانى گشتیی ساڵى پاریان كرد. واتە 38% كە لە دەنگى هەموو لیستە براوەكان زیاترە، بێدەنگى هەڵبژاردووە. ئایا رێى تێناچێ ئەو زۆرینە بێدەنگە بێتە سەر شەقام و بە دەسەڵات بڵێ دەبێ ئۆغركەیت؟!

لە هەرێمى كوردستان نزیكەى 70% بەشدارى هەڵبژاردنە پەلەمانییەكەى 2009یان كرد، واتە 30% بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئایا ناكرێ ئەو رێژەیە، كە لە هى هەر حزبێكى تر زیاترە بڕیارى گۆڕانكارى بدات؟
لێرەوە نابێ دەسەڵاتى هەرێم بەناوى زۆرینەى هەڵبژاردنەوە، كە یەكێكە لە لۆژیكە قڵپكراوەكانى یەكەم ساڵى دەیەى دووەمى سەدە، پشتوێنى لێبكاتەوە و لە خەڵك و خۆپیشاندەران بێمنەت بێ، بەناوى ئەوەى ئەوانە كەمینەن، یان ئەو زۆرینەیە و شەرعیەتى هەڵبژاردنى هەیە، شەقام و ئاپارتمان و مۆڵى دروست كردووە و رێى لە ئازادیى دەربڕین نەگرتووە.

راستە حكوومەت بە كودەتا نەهاتووە و هەردوو حزبى دەسەڵاتدار ئێستەیش بنكەیەكى بەرفراوانى جەماوەرییان هەیە، بەڵام دەبێ مەعلوومە كە ئەزموونى دیموكراسیی هەرێمیش ئەزموونێكى هێندە قووڵ و نموونەیى نیە، چونكە دواى دوو دەیە تا ئێستە ئاڵوگۆڕێكى ئاشتییانەى دەسەڵاتمان نەدیوە و دوو حزب بە تەوافوق دەسەڵات بەڕێوە دەبەن، تا ئێستەیش بە كردەوە حكوومەت بە دوو ئیدارەى جیاوە بەڕێوە دەچێ، تا ئێستە تارمایى شەڕى ناوخۆ سەرەتاتكێمان لەگەڵدا دەكات.
هەر بۆیە دەبێ حكوومەت و هەردوو حزب بە جدى لە خەمى بەدەمەوەچوونى داخوازییەكانى خەڵكى ناڕازیی شەقامدا بن، چونكە ئەگەر تا ئەمڕۆ شەقام بە چاكسازى رازییە، دوور نیە خەمساردیی دەسەڵات ناچارى بكات ئەویش دروشمى "بڕۆ" بەرز بكاتەوە و بۆ بەدیهێنانیشى پەنا بۆ توندوتیژى ببات.

لە هەفتەنامەى باس، ژمارە 38 لە 5 نیسانى 2011 بڵاو كراوەتەوە.
 

الأربعاء، 23 فبراير 2011

پارێزگاى هەولێر و نیوە خاڵییەكەى پەرداخەكە


عومەر عەلى غەفور
وەك چۆن كارە خراپەكان و كەموكورتییەكانى حكوومەت رێ لەوە دەگرن كارە باشەكانى دیار بن و باس بكرێن، بە هەمان شێوە كارە باشەكانى حكوومەتیش زۆر جار رێ لەوە دەبڕنەوە كارە خراپ و سەلبیاتەكانى ببینرێن و باس بكرێن. لەوەى یەكەمیاندا نیوە خاڵییەكە و لەوەى دووەمیاندا نیوە پڕەكەى پەرداخەكە دەبینرێ. وێنە راستەقینەكە ئەوەیە بوترێ پەرداخەكە نیوەى پڕ و نیوەكەیتریشى خاڵییە.
ئێستە بووەتە حاشاهەڵنەگر كە لە رووى سیماى ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزارى و جوانكارییەوە شار و دەڤەرى هەولێر بەبەراورد لەگەڵ شار و ناوچەى سلێمانیدا بوونەتە ئاسمان و رێسمان، لەكاتێكدا تا 5 ساڵێك لەمەوبەر وێنەكە نیمچە پێچەوانە بوو. هۆكارى ئەو جیاوازییەیش لە بەشە سلێمانەییەكەیدا بەپلەى یەكەم هەر بە راستى یەكێتى و گۆڕان و ململانێى تەسكى كوتلەكانیانە، لە بەشە هەولێرییەكەیشیدا، واتە جوانكردنى هەولێر، پێم وایە عەقڵیەت و خاكیبوون و خەڵكئامێزیی نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر نەخشى حاشاهەڵنەگرى لەو پرۆسەیەدا هەبووە ئەگەرچی لەو رووەوە بودجە زەبەلاحەكان و ئەو ئاسانكارییەیش لە رووى حزبییەوە بۆ ئیدارەكەى كراوە رۆڵى خۆیان هەبووە.
بە حوكمى ئەوەى ماوەى 5 ساڵ وەك ئەندامى لێژنەى ئەندازەیى سەرپەرشتیی پرۆژەكان لە سەرۆكایەتیى شارەوانیى هەولێر كارم كردووە و تێكەڵیى زۆرم لەگەڵ پرۆژەكان و بەڵێندەرەكان هەبووە، وێڕاى بوونى هەندێ رەخنەیش، هەستم دەكرد بەڵێندەرەكان لە ئاسانكارییەكانى پارێزگا بۆ بەڕێوەچوونى كارەكانیان رازین، بەتایبەت لە كەمكردنەوەى رۆتینیات لە خەرجكردنى مامەڵەى سولفەكاندا كە بڕبڕەى پشتى كارى كۆمپانیاكانە. ئەمە جگە لەوەى هەركات باسى هاتنى پارێزگار بۆ سەر پرۆژەكان بكرایە بەڵێندەرەكان بەتەواوى مشەوەش دەبوون. هادى لەو بەرپرسە ئیدارییە كەمانەیە كە بە خاكیبوون جێى خۆى لە شەقامدا كردووەتەوە.
بەڵام ئایا كارەكانى پارێزگارى هەولێر قسە هەڵناگرن و هیچ جێى رەخنە نین؟ بێگومان قسە هەڵدەگرن و پێویستە باس لەوانەیش بكەین، كە نیوە خاڵییەكەى پەرداخەكەیە.
لەم ساڵانەى دواییدا پارێزگارى هەولێر لە پرۆژەكاندا دەسەڵاتێكى زۆرى پێ درابوو، بەتایبەت دواى تەرخانكردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاكان، كە بەپێى ئامارێكى رەسمیى پارێزگا، لە 3 ساڵى 2006 و 2007 و 2008دا لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاكان زیاتر لە 576 ملیار دینار خەرج كراوە، 72 ملیارى هى ساڵى 2006، 144 ملیارى هى ساڵى 2007، 360 ملیارى هى ساڵى 2008 بووە. هەروەها بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر لە ساڵى 2009دا بڕى 117 ملیار دینار بووە و دروستكردنى زۆر لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانى وەك دروستكردنى شەقام، قیرتاوكردن، دروستكردنى تۆڕەكانى ئاو و ئاوەڕۆ، بیهارتۆنكردنى رەسیفەكان، هێڵەكانى تەلەفۆن و پاركەكان و جوانكارى و..هتد كەوتنە پارێزگا. لەو هەڵمەتەدا پرۆژەى چاك ئەنجام دران، زۆری و جوانیى ئەو پرۆژانە و پرۆژەكانى وەزارەتەكانیتر، خەلەلێكى زۆر گەورەیان پەردەپۆش كردووە، كە دەیان و رەنگە سەدان ملیار دینار زیانیان لە بودجەى هەرێم دابێ كە پارەكەیان چووەتە باخەڵى چەند كۆمپانیایەكى جێبەجێكارەوە.
ئەوە تەنیا گەورەیى بودجەكەى هەرێمە واى كردووە هەست بەوە نەكرێ كە پلانەكانى ئاوەدانكردنەوە و جوانكاریى هەولێر چەندە پارەى نازداریان بەناهەق تێدا بەفیڕۆ چووە.
ئەگەر بەدواداچوونێك بۆ ئەو پرۆژانە بكەیت كە لە 2004ەوە بە بوجەیەكى زۆر جێبەجێ كراون و دواتر تێك دراونەتەوە بۆ ئەوەى بە شێوەیەكیتر دروست بكرێنەوە، یان بڕگەیتریان بۆ ئیزافە بكرێ كە لە پرۆژە پێشووەكاندا بەجێ هێڵراون، وەك راكێشانى تۆڕى ئاو، هێڵى تەلەفۆن، هێڵى روناكى، تێكردنى جۆرێكیتر لە زمیج لە جەزرەى نێو شەقامەكان، ناشتنى جۆرى نوێ لە دارودرەخت لەو جەزرانەدا، یان ئەسڵەن ئەو پرۆژانە هیچ سوودێكیان لێ نەبینراوە، بێگومانم بەهاكەیان لە ملیارێك دۆلار زیاتر نەبێ كەمتر نابێ. كێ لە بەفیڕۆدانى ئەو پارە زۆرە بەرپرسە؟
پرۆژەى شەقامەكانى پیشەسازیى باكور لەلایەن كۆمپانیاى (هەڵێن)ەوە بە گوژمەى ملیارێك دینار لە ساڵى 2004دا بۆ ماوەى 300 رۆژ جێبەجێ كرا تا قیر بكرێ، بەڵام قیر نەكرا و دواى كەمتر لە ساڵێك هەردوو چینى تێكەڵەرێژەكەى تایپ A و B و كربستۆنەكان وەك جارى جاران بوونەوە بەژێر زبڵ و خاشك و قوڕەوە و دواتر راگەیەنرا كە پیشەسازیى باكور دەگوێزێتەوە.
شەقامى 60 مەترى لە پردى شۆڕشەوە تا پەرلەمان لە ناوەڕاستى دوو هەزارەكاندا پارەیەكى خەیاڵى لە قیركردنەوە و جوانكردنیدا خەرج كرا، بەڵام لە 2007 و 2008دا هەمووى تێك درایەوە و بە دیزاین و پاناییەكى نوێ رێك خرایەوە و قیر كرایەوە. شەقامى دووسایدى بەردەم بەنزیخانەى شۆڕش و رێى بەحركە كە لە پارەوە كاریان تێدا دەكرێ –بە هەمان شێوە. شەقامى سەد مەترى -لە 2006دا- ملیاران دینار لە رێكخستنەوە و قیركردنەوە و شتایگەركردن و زمیجكردنى جەزرەى نێوان شەقامەكەدا تێدا خەرج كرا، وا ئەمساڵ جەزرەكە هەمووى هەڵگێڕدراوەتەوە، داربییە كۆنەكانى بڕدران و وا سەرلەنوێ بە جەلموود و زمیج و درەختى نوێ دروست دەكرێتەوە. ساڵى 2008 خۆم لە لێژنەى سەپەرشتیكردنى پرۆژەى سەبكردنى تەنیشت شەقامەكانى رێى كەركووكدا بووم كە ئاوى دەدزى بە گوژمەى زیاتر لە 100 ملیۆن دینار، كەچی لەم رۆژانەدا دیم درێل ئیشى تێدا دەكاتەوە و ریخۆڵەى دەرهێنراوەتەوە.
جەزرەى نێوان شەقامى چل مەتریی تەنیشت بەنزینخانەى ئاكار چەند جارێك پەرێز كرا، ئاو دەدراو سەوز دەبوو دواتر تێك درایەوە و چاك كرایەوە هەر جارەى بۆ شتێكى نوێ. دوایشیان هەڵكەندنى زۆر لە شەقامەكانى شار بوو بۆ راكێشانى هێڵى تەلەفۆنى نۆرماڵ و وایەردار، كە بەهۆى هێڵى وایەرلێسەوە خەریكە باوى نامێنێ. هەموو جاریش شەقامەكان وەك خۆیان بە باشى چاك ناكرێنەوە و دەبنە رەگلە و چاڵ.
لە سەرەتاى دوو هەزارەكان پاركێكى گەورە بە رووبەرى چەند دۆنمێك لە گەڕەكى 99 لە نزیك دێى زانكۆ دروست كرا، سیاجى بۆ كرا، بە دیزاین سەب كرا، كوشك و گەمەى منداڵانى بۆ دابین كرا و خزمەتگوزار بۆ چیمەنەكەى تەرخان كرا، كەچی دواتر فەرامۆش كرا و بوو بە جێگەمەى تۆپانى مناڵانى گەڕەك. ئێستە خەریكن دەیكەنە شتێكیتر.
دواین شت كە لەم رۆژانەدا بینیم و بوو بە هەوێنى نووسینى ئەم بابەتە تێكدانى ئەو پاركە جوانە بوو كە لە سەر شەقامى 100 مەترى لە چوارڕیانى رێى كۆیەدا دروست كرابوو، كە بێشك سەدان ملیۆن دینارى تێچووە، لەم رۆژانەدا تێك دراوە و نازانم بەنیازن بیكەن بەچی.
بە هەرچی دەكەن گرنگ ئەوەیە بۆ ئەو بێبەرنامەییە دەبێتە سەرەخۆرەى سەدان ملیار دینار لە سامانى ئەم میللەتە و دەبێ بزانین كێ لەو گەڕەلاوژەیە بەرپرسە؟ نەوزاد هادى بۆ لەم بوارەدا هەمان لێهاتوویى بەخەرج نادات و رێ لە بەفیڕۆچوونى ئەو سەرمایە گشتییە ناگرێ؟ دەزانم ئێستە هەزار و یەك پاساو بۆ ئەم پرسیارە حازرە، بەڵام ئەوەى حاشاى لێناكرێ ئەوەیە ئەوان لەپاڵ كارە گەورەكانیاندا هاوكات بوونەتە باعیسى بەفیڕۆدانى سامانێكى گەورەى وڵات. قەت ئەوە وەڵام نییە بوترێ نەدەكرا لەوە باشتر بكەین كە كردوومانە.

الخميس، 10 فبراير 2011

ئەمەریكا و تسۆنامیى 2011ى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست


عومەر عەلى غەفور

هێرشەكانى 11ى سێپتەمبەرى 2001 بۆ سەر واشنتۆن و نیویۆرك، بەرپرسانى واشنتۆنى راچڵەكاند و خاڵێكى وەرچەخانى لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریكادا دروست كرد. ئیدارەى ئەمەریكى ئەو بڕوایەى لا دروست بوو كە هۆكارى روودانى ئەو پەلامارانە، بۆ پشتگیریكردنى بێقەیدو شەرتى ئەمەریكا دەگەڕێتەوە بۆ رژێمەكانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، كە بە زەبرى ئاگر و ئاسن تەمەنى خۆیان درێژ دەكەنەوە و رێگە بە هێزە نوێیەكانى شەقام نادەن – كە تەوژمى ئیسلامى دیارترینى ئەو هێزانەیە- گوزارشت لە خۆیان بكەن و جڵەوى دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، ئەوەیش هەستێكى قووڵى دژ بە ئەمەریكاى لە شەقامە عەرەبی و ئیسلامیەكەدا دروست كردووە، بەتایبەت كە واشنتۆن پاڵپشتێكى ستراتجیى سیاسەتەكانى ئیسرائیلیشە، سەرەنجام ئەو تووڕەییە لە شێوەى "پەلامارى تیرۆریستی"دا دژ بە بەرژەوەندییەكانى ئەمەریكا خۆ دەنوێنن، چونكە ئەو بە هۆكارى سەرەكیى هێز و مانەوەى رژێمەكان دەزانن.
ئەمەریكا رێگەى بە رژێمى سەدام دا راپەڕینى كوردستان و شیعەكانى باشور لە ساڵى 1991دا سەركوت بكات، نەوەك حزبە ئیسلامییە –شیعە- عێراقییەكان لە بەغدا دەسەڵات بگرنە دەست.
هەر لە كۆتاییەكانى هەمان ساڵدا خۆرئاوا بەگشتى پێشوازى لە لەباربردنى سەركەوتنەكەى بەرەى ئینقازى ئیسلامیى جەزائیرى كرد، كە زیاتر لە 80%ى دەنگەكانى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى ئەو وڵاتەى بەدەست هێنابوو، فەرەنسا هەڕەشەى دەستێوەردانى سەربازى كرد ئەگەر بێتو بەرەى ئینقاز بێتە سەر حوكم.
دواى ئەوەى پارتى رەفاهى –ئیسلامى- توركیا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى توركیادا لە 1995دا زۆرینەى كورسییەكانى بەدەست هێنا و حكوومەتى پێك هێنا، زۆرى نەبرد دادگەى دەستووریى توركیا بەتۆمەتى هەڕەشەكردن لە سیستمى عەلمانیى توركیا لە ساڵى 1997دا ئەو پارتەى هەڵوەشاندەوە و نەجمەدین ئەربەكانى سەرۆكى حزبەكەیشى بۆ ماوەى 5 ساڵ لە كارى سیاسی قەدەغە كرد، دواتر بە هەمان تۆمەت لە 2001دا حزبى فەزیلەیشى هەڵوەشاندەوە كە لەسەر داروپەردووى رەفاه دروست بوو. ئەمەریكا و یەكێتیى ئەوروپا بێدەنگییان لە ئاست دوو بڕیارە هەڵبژارد و تەنانەت ئەمەى دوایى پاساویشى بۆ هێنایەوە.
بەڵام دواى 11ى سێپتەمبەر واشنتۆن بەمەبەستى جوانكردنى سیما و ناوبانگى خۆى لە جیهانى ئیسلامیدا سیاسەتێكى نوێى گرتە بەر، ئەویش لەرێى راگەیاندنى پرۆژەى رۆژهەڵاتى نوێ و كرانەوەیەكى زیاتر بە رووى هێزە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەكاندا، كە بزاوتە ئیسلامییەكان هێزى سەرەكى پێك دێنن، هاوكات فشار خستنەسەر رژێمەكان بۆ كرانەوە و ئەنجامدانى چاكسازیى سیاسی. تەنانەت دەوترێ كردنەوەى كەناڵى تەلەڤزیۆنى (الحرە) و رادیۆ (سەوا)یش بەشێكن لەو پرۆژەیە.
رووخاندنى رژێمى تالیبان و سەدام حسێن لەلایەن ئەمەریكاوە لە ماوەیەكى پێوانەییدا (2001/2003)، سەرانى ئەو رژێمانەى راچڵەكاند لەوەى ئەگەر ملكەچى شەپۆلى چاكسازى و دیموكراسیزەكردن نەبن چارەنووسیان لە رژێمەكەى مەلا عومەر و سەدام حسێن باشتر نابێ. بەتایبەت كە زانییان وا ئیتر ناتوانن بە بەرزكردنەوەى دروشمى "ئیسلامۆفۆبیا" درێژە بە پشتگیریكردنى ستراتیژیى واشنتۆن بدەن. ئەوە بوو لە كۆتاكانى 2003دا موعەمەر قەزافى خۆبەخشانە بەرنامە ئەتۆمییەكەى ئاشكرا كرد و سەرجەم كەرەستەكانى رادەستى واشنتۆن كرد. قەزافى راشكاوانە گوتى "ئەگەر وا نەكەین دەمانشێلن".
لە میسر بەهۆى ئەو پەراوێزە ئازادییەى هەڕەشە جدییەكانى ئەمەریكا لە رژێمەكان بۆ كرانەوە هێنایە كایە، ئیخوان موسلیمینى میسر توانییان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى میسردا لە ساڵى 2005 لە كۆى 444 كوریی پەرلەمان 88 كورسی بەدەست بێنن.
هەروەها لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى فەلەستیندا لە كانوونى دووەم/یەنایەرى 2006 دابزووتنەوەى حەماسى ئیسلامى لە كۆى 132 كورسیی ئەنجوومەنى یاسادانان 76 كورسی بەدەست هێنا، كە بوومەلەرزەیەك بوو بۆ خۆى و مەحموود عەباسى سەرۆكى دەسەڵاتى فەلەستینیش بەبێ سڵەمینەوە حەماسى بۆ پێكهێنانى حكوومەت راسپارد. ئەوە لە نەوەدەكاندا لە موحەڕەمات بوو.
لە حاڵەتە توركییەكەیشدا، ئەمەریكا و ئەوروپا كە پێشتر دژ بە باڵادەستیى حزبە نیمچە ئاینییەكان بوون، لە ئاست سەركەوتنى پارتى داد و گەشەپێدانى توركیا بەسەرۆكایەتیى رەجەب تەیب ئەردۆگاندا لە ساڵى 2002دا بێدەنگییان هەڵبژارد و تەنانەت دواى ئەوەیش لە 2003دا پەرلەمانى توركیا رازى نەبوو هێزەكانى ئەمەریكا بۆ هێرشكردنە سەر رژێمى سەدام لە توركیاوە داخلى عێراق ببن، واشنتۆن كارى بۆ رووخاندنى دەسەڵاتەكەى ئەردۆگان نەكرد.
لە عێراقیش واشنتۆن نەك رێگرى لە هاتنە سەر كارى حزب ئیسلامییەكان –بە شیعە و سوننەوە- نەكرد، وەك لە ساڵى 1991دا كردى، بگرە بوو بە یەكێك لە هاوپەیمانە گەورەكانى حزبە ئیسلامییەكان. ئەوەبوو هەریەك لە ئەنجوومەنى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى، حزبى دەعوەى ئیسلامى، حزبى ئیسلامیى عێراقى و یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان لە یەكەم یەكەى ئیداریی دواى روخانى رژێمدا (ئەنجوومەنى حوكم) كە پۆل برێمەرى حاكمى مەدەنیى ئەمەریكا لە عێراق لە تەمووزى 2003دا پێكى هێنا، بەشدارییان كرد و تا ئێستەیش ئەوان بڕبڕەى پشتى حكوومەتن.
بەم پێیە ئەمەریكا ئەو حەساسیەتەى جارانى لەگەڵ گرووپە ئیسلامیەكان نەما و گەیشتە ئەو باوەڕەى دەكرێ گرووپە میانڕەوەكانى ئەو تەوژمە بێنە دەسەڵات و جیاواز لە تەجروبەى ئێران، دۆستى واشنتۆنیش بن، بەوە هەم وێنەى ئەمەریكا لە شەقامە ئیسلامییەكاندا گۆڕانى ئیجابى بەسەردا دێ و هەم بەرژەوەندییەكانیشى پارێزراو دەبن.
بەڵام چەقینى ئەمەریكا لە زەلكاوى عێراقدا و درێژەكێشانى شەڕەكە، مەترسیی دووبارەكردنەوەى تەجروبەى عێراق و ئەفغانستانى لەگەڵ رژێمەكانیترى ناوچەكەدا رەواندەوە، ئەمەریكا ئەژنۆى شكا و سەرانى ئەو رژێمانە وزەیان تێ كەوتەوە. هەر بۆیە كەوتنەوە تەحەداكردنى گۆڕانكارى. مەحموود ئەحمەدینەژادى سەرۆكى ئێران گوتى پلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى نوێ شكستى هێنا. دەسەڵاتدارانى میسر وەك تەحەدایەك، بۆ یەكەمین جار لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى 28 تشرینى دووەم/نۆڤەمبەرى 2010دا رێگەیان نەدا هیچ چاودێرێكى نێودەوڵەتى چاودێریی هەڵبژاردنەكە بكات، سەرەنجامەكەیشى ئەوە بوو حزبى دەسەڵاتدار لە كۆى 508 كورسی، 420 كورسی بەدەست هێنا و هێزە بەرهەڵستكارە خاوەن قورساییەكانى وەك وەفد و ئیخوان دواى ساختەكارییەكانى خولى یەكەم لە بەشداریكردنى خولى دووەم كشانەوە و پەرلەمانى نوێیان بە ناشەرعى لەقەڵەم دا. دواى ئەو ئەنجامەیش واشنتۆن لەژێر ترسی گرێى عێراقدا هەڵوێستێكى سەختگیرانەى بەرامبەر ئەو سەركێشییەى قاهیرە دەرنەبڕی.
لە 17ى تشرینى دووەم/نۆڤەمبەرى 2010دا بە خۆسووتاندنى محەمەد بوعەزیزى سەوزەفرۆشى تونسى، تسۆنامیى راماڵینى رژێمە عەرەبییەكان هەڵى كرد و لە ماوەى كەمتر لە مانگێكدا سەرسەختترین دەسەڵاتى عەرەبى (رژێمى زەینولعابدین بن عەلى) راماڵى. هێشتا چلەى بوعەزیزى نەچووە وا تسۆنامییەكە میسریشى گرتووەتەوە وا خەریكە دووەم سەرۆكى عەرەبی (حوسنى موبارەك) رادەماڵێ.
دواى پەرەسەندنەكانى میسر، هەر زوو كۆشكى سپی وزەى تێ گەڕایەوە و هاتە سەر خەت. ئەگەرچى موبارەك هەوڵ دەدات واشنتۆن بە تارمایی ئیخوان موسلیمین بترسێنێ، بەڵام واشنتۆن ئەو ترسەى پێوە دیار نییە، هەر بۆیە دواى "هەینیی تووڕەیی" كە لە 28ى مانگى رابردوودا لە میسر بەڕێوە چوو و بۆى دەركەوت شەقام جامەكەى پڕ بووە، پشتى شەقامى گرت و داواى كرد توندوتیژى دژ بە خۆپێشاندەران بەكار نەیەت، ئۆباماى سەرۆك ئەمەریكا وتى ئێستە كاتى ئەنجامدانى چاكسازییەكانە و پێویستە لەمڕۆوە دەست پێ بكرێ. لەگەڵ پەرەسەندنى رووداوەكانیشدا واشنتۆن زمانى دژ بە موبارەك توندتر دەكات و كۆنگریسى ئەمەریكى پێنجشەمەى رابردوو (3ى شوبات) داواى كرد موبارەك كورسییەكەى بەجێ بێڵێ.
ئەگەرچى ئەو تسۆنامییەى هەڵى كردووە بەدەر لە پلان و فشارەكانى واشنتۆنە و لە جەرگەى شەقامەوە هەڵقوڵیوە و پێناچێ وا بەم زوانە دابمركێتەوە، بەڵام پشتگیریكردنى واشنتۆن لە تەوژمەكە هێز و گوڕێكى زیاترى پێ داوە، چونكە لانى كەم خەڵك متمانەیان بۆ دروست بووە كە بەهۆى ترس لە واشنتۆنەوە، رژێم ناتوانێ سەركوتیان بكات. ئەو هەستەیش كاریگەریی ئەرێنى لەسەر سروشتى پەیوەندییەكانى نێوان واشنتۆن و دەسەڵاتدارانى میسرى دواى موبارەكدا دەبێ.

الأربعاء، 12 يناير 2011

شەڕى مەلا و سیكیولارەكان

عومەر عەلى غەفور
ماوەیەكە ململانێى مەلاكان لەلایەك و هەندێ لە نووسەران و هونەرمەندان و رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتانى فیمینیستى كوردستان (سیكیولارەكان) لەلایەكیترەوە، توند بووە، بەتایبەت دواى دەرچوونى نامیلكەى "راستیی ونبوو"ەكەى مەلا فەرمان خەرابەیی، كە لەلایەن زانایانەوە پشتگیرى لێ كرا و لەلایەن هەندێ لە رێكخراو و چالاكوانە ئافرەتەكانەوە كاردانەوەى توندى لێ كەوتەوە، بە رادەیەك یەكێتیى زانایان هۆشدارى دەدات لە بزواندنى شەقام لە دژى ئەوانەى "سوكایەتى بە پیرۆزییەكان و بە زانایانى ئاینى" دەكەن، بەرەى دووەمیش هەوڵ دەدات لەرێى یاساوە سنوور بۆ دژەگوتارى مەلاكان دابنێ، هاوكات لە هەوڵى ئەوەدایە بارتەقاى ئاپۆرەى گەورەى جەماوەرە ئاینپارێزەكە، ئەویش دەست بكات بە كۆكردنەوەى ئیمزاى سەدان كەس بۆ پشتگیری لە پرۆژەكانیان، تا پیشانى بدەن ئەوانیش بنكەى جەماوەرییان هەیە.

ئەنجوومەنى ناوەندى یەكێتیى زانایانى ئاینیی ئیسلامیى كوردستان لە كۆبوونەوەى ئاسایى خۆی لە 5ى ئەم مانگەدا داواى لە رێكخراوەكانى ئافرەتان و رۆژنامەكان كرد واز لە زمانى تەشهیر و سوكایەتیكردن بێنن، هاوكات دەڵێ ئەوان لەبەر ناسكیی دۆزى رەواى گەلى كوردستان هیچ هەنگاوێكى جەماوەرییان نەهاویشتووە و هیواى خواستووە ناچار نەكرێن ئەو هەنگاوە بهاوێژن و بە دوورى نازانێ درێژەكێشانى ئەو حاڵەتە "كاردانەوەى توند"ى جەماوەرى لێ بكەوێتەوە.

لە بەرامبەردا رێكخراوەكانى ئافرەتان خۆپیشاندانیان لە دژى نامیلكەى ناوبراو ئەنجام دا و سكاڵاى یاساییان لەسەر تۆمار كرد. لەولایشەوە بە ئیمزاى نێزیكەى 1300 نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند پرۆژەیاسایەك بۆ پەرلەمانى كوردستان بەرز كراوەتەوە بەمەبەستى سنوورداركردنى رۆڵى مەلاكان و بەرتەسككردنەوەى بوارى بەكارهێنانى میمبەرى مزگەوتەكان لەلایەن مەلاكانەوە لە دژى نووسەران و هونەرمەندان.

ئاخۆ ئەم ململانەیە بۆمبێكى تەوقیتكراوە كە رەنگە لە هەر كاتێكدا بتەقێتەوە و مەترسیی جدى بۆ سەر ئاسایش و ئارامى و ئەزموونى دیموكراسیی هەرێم دروست بكات، یان دیاردەیەكى تەندروست و پێشمژدەى كامڵبوونى ئەزموونى دیموكراسییە؟

ئەوەى تا ئێستە رووى داوە لە سنوورى ململانەیەكى ئاسایى نێوان تەوژمە فیكرییە ئاینى و عەلمانییەكانى كۆمەڵگەى كوردستان دەرنەچووە و هى ئەوە نییە مرۆڤ لێى بترسێ.

مافى مامۆستایانى ئاینییە بەرەنگارى ئەو دیاردانە ببنەوە كە پێیان وایە زیان بە بەها ئاینییەكان دەگەیەنن. هاوكات مافى لایەنى بەرامبەریشە بیروبۆچوونى خۆى لەو سنوورەى یاسا رێى پێ دەدات دەرببڕێ. بەڵام لێرەدا پێویستە هەڵوەستە لەسەر دوو خاڵ بكەین: یەكەم ئەوەیە پێویستە مەلاكانى كوردستان ئامرازە دیموكراسییەكان و شێوازى مەدەنییانە لە بەرەنگاربوونەكەیاندا بەكار بێنن كە زیان بە ئەزموونەكە نەگەیەنێ و مەترسی روودانى پشێوى و كارى توندوتیژى و دروستكردنى مەترسی لەسەر ژیان و بەرژەوەندیەكانى بەرامبەرەكان دروست نەكات، بۆ ئەوە وەڵامدانەوە بە نووسین لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا باشترین رێگەیە . راشكاوانەتر بڵێم: هیچ باش و تەندروست نییە مەلاى مزگەوت لە خوتبەى هەینیدا بە زمانێكى حەماسی و سۆزبزوێن خەڵك لە دژى شاعیر، هونەرمەند یان نووسەرێك هان بدات، چونكە ئەو خەڵكە هەموویان خەڵكى هۆشیار و بەرپرس نین و هیچ دوور نییە یەكێك لەوانە ئەو وتانەى وتاربێژ بە فتوایەكى شەرعى بزانێ بۆ دەستدرێژیكردنە سەر ئەو كەسەى مەلا بە سوكایەتیكردن بە خوا و ئاین و پیرۆزییەكان تۆمەتبارى دەكەن. رەنگە مەلاكە مەبەستى نەبووبێ ئەو ئەنجامەى لێ بكەوێتەوە و زیاتر بۆ ستۆپكردنى ئەو شاڵاوى سووكایەتیكردنە بێ، بەڵام وەك وتراوە "قسە دیلى تۆیە تا دەیكەیت، كە كردت تۆ دەبیتە دیلى ئەو". بۆیە مەرج نییە هەمیشە گوێگر بە هەمان نیەتى قسەكەر لە گوتەكانى تێ بگات.

جگە لەمەیش سووربوونى زانایانى ئاینى لەسەر چاوسووركردنەوە لە هەر رەخنە یان دژە بۆچوونێكى تەوژمە علمانییەكە، لە دەرەنجامدا وێنەیەكى تاریك بۆ كۆى عەقڵى ئاینى و بەتایبەت عەقڵییەتى مەلاكان لە پرسی هەڵوێست لە ئازادیى بیروبڕوا و داهێنان لە شەقامەكەدا دروست دەبێ، ئەوەیش دەبێتە دەسكەلایەك بەدەست لایەنى بەرامبەرەوە تا بەهۆیەوە مەلاكان بە هەمان سیستمى كلێساى سەدەكانى ناوەڕاستى ئەوروپا بچوێنن و بڵێن كوا ئەو جیاوازییەى بەگوتەى ئێوە لەنێوان عەقڵى ئاینیى كلێساى سەدەكانى ناوەڕاست و عەقڵى ئاینیى ئیسلامیدا هەیە، كە دژ بە ئازادیی بیر و داهێنان نییە؟

دووەم: لایەنى دووەمیش، واتە نووسەر و هونەرمەند و فیمینیستە سیكیولارەكان، هەندێ جار وا دێنە پێش چاو كە بە هیچ شێوەیەك نایانەوێ دان بە قووڵایى و بایەخى بەها و سیستمە ئاینیەكانى كۆمەڵگەكەیاندا بنێن، بۆیە پەنا بۆ دەربڕینى رادیكالانە دژ بەو بەها و سیستمانە دەبەن، لەوانە تۆمەتباركردنى ئیسلام بە ستەمكارى و بانگەشەى زمنیى یان راشكاو بۆ ئازادیی سێكسى. داننەنان بەو بەها ریشەدارانەدا وایان لێ دەكات پارووى گەورە، گەورەتر لە خۆیان و تواناى قبووڵكرردنى لەلایەن ناوەندە ئاینییە موحافیزكارەكەوە، بۆ دەمیان ببەن، كە كەمترین زیانى ئەوەیە دوور نییە دەمیان بدڕێنێ.

ئەوان كاتێ بە رەهایى دژ بە فرەژنى دەوەستن و بە ستەمێكى گەورەى دەزانن لە ئافرەت، هیچ بەدیلێكی عەمەلییان بۆ چارەسەرى كێشەى ئەو ئافرەتانە پێ نییە كە بێوەژن كەوتوون یان ماونەتەوە، بۆیە بەپێى مەنتیق هەر دەبێ بڵێن "با سێكس لە كۆت و بەندە ئاینییەكان رەها بكرێ"، كە رەهایش بوو ئەوكات ئاساییە باس لە هاورەگەزبازى "هۆمۆسێكسواڵێتی"یش بكرێ.

لە نەوەدەكاندا ئافرەتێك بە ناوى (كەژاڵ خدر) لە ناوچەى پشدەر لەبەر گومانێك لەلایەن كەسوكارى مێردەكەیەوە لوتى بڕا و بوو بە هەرا لە كوردستان، هەندێ لە چالاكوانانى ئافرەت لەباتى ئەوەى هەوڵ بدەن وا لەو خەڵكە بگەیەنن كە ئەو ژنە بێتاوانە، كەچی دەیانوت نەخێر ئەو مافى خۆیەتى مومارەسەى ئازادى بكات، واتە بەو قسانە تۆمەتەكەیان لەسەر ساخ دەكردەوە و عەقڵە خێڵەكییەكەیان شێتگیرتر دەكرد.

وتارێكم لەبارەى كوشتنى ئافرەتان بۆ یەكێك لە رۆژنامە "ئەهلییە ئازاد"ەكان نارد تێیدا ئاماژەم بەوە دابوو لە وڵاتى ئێمەدا سنوورى ئازادیى كەسەكان تێكەڵ بووە، رەفتارى ئافرەت كاریگەرى لەسەر ناوبانگى بنەماڵەكەی هەیە، بۆیە بۆ سنورداركردنى كوشتنى ئافرەتان پێویستە ئافرەتان خۆیشیان حسب بۆ ئەو حاڵەتە بكەن و خۆ لە هەندێ سەركێشیی هەرزەكارانە ببوێرن. باباى سەرنووسەر وەڵامى دامەوە كە ئەوەى تۆ دەیڵێیت تەسلیمبوونە بە كولتوورى دواكەوتووى كۆمەڵگە، كە نابێ ئێمە بیكەین، لەبەرئەوە بابەتەكە بڵاو ناكەنەوە. وتم كاكە "تۆ دەبێ بزانیت لە چ كۆمەڵگەیەكدا دەژیت. ناكرێ بەناوى تەسلیمنەبوون بە كولتووری كۆمەڵگەكە وا بەئاسانى باز بەسەر راستییە كۆنكریتییەكانى واقیعەكەدا بدەیت و دەرگا بە رووى جەهەننەمدا بكەیتەوە، تۆ وەرە كۆمەڵگەیەكم بۆ دروست بكە تێیدا رەفتارى ئافرەتان زیان بە من نەگەیەنێ، تا منیش داواكەم بكێشمەوە".

كێشەى زۆر لە فیمینیستەكان ئەوەیە نایانەوێ مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا بكەن كە هەیە و بەپێى مومكیناتەكانى واقیعەكە رێگەچارە بخەنە روو. ئەوان سوورن لەسەر ئەوەى ئیللا و بیللا دەبێ كۆمەڵگەى كوردستانیش وەك ئەوروپا بێ، كە وا نییە، هەر بۆیە پرۆژە و رێگەچارەكانیان ئەوروپییانە و نامۆ بە سروشتى كۆمەڵگە دێنە پێش چاو و كاردانەوەیان لێ دەكەوێتەوە.

یەكێكى تر لە هۆكارەكانى قووڵبوونەوەى كێشەكان ئەوەیە زۆر لەوانەى ناوبەناو بابەتى وا بڵاو دەكەنە كە مەلاكان دەوروژێنێ، ئەوەیە تا رادەى بێمانایى لە ئاینى ئیسلام نەشارەزان، بۆیە دەبینى لەبرى ئەوەى راشكاوانە بڵێن ئێمە عەلمانین و پابەندى سنوورە ئاینكردەكان نابین، بەوە پاساو بۆ كارەكانیان دێننەوە كە ئەوەتا شێخ رەزاى تاڵەبانى و عەلائەدین سەجادى و ئەحمەدى ناڵبەندیش دەقى سێكسییان بڵاو كردووەتەوە و نەشبووەتە هەرا. ئەوەیش بە بەڵگەى ئەوە دەزانن كە ئەو كارەى كردوویانەوە لەگەڵ ئاین ناكۆكى نییە و ئەوان كارێكى ناشەرعییان نەكردووە و مەلاكان لەخۆوە هار بوون، وەك ئەوەى مەرجەع لەو بابەتەدا هەڵوێستى مەلا یان شێخێك بێ نەك دەقە تەئسیسییەكاى ئاینەكە. ئاخر مەلا و زاناى گەورە هەبووە مولحید بووە، ئیلحادیى مەلایەك ناكاتە ئەوەى ئاین ئیلحاد پەسەند دەكات. هیچ مەلایەك ناتوانێ بڵێ هەندێ لەو چیرۆك و نوكتانەى سەجادى نووسیونى لە رووى ئاینییەوە دروستن، تەنیا پاساو ئەوەیە كە سەجادى لەو كارەیدا گوێى بە سنوورە ئاینییەكان نەداوە. بۆیە ئەسڵ ئەوەیە هونەرمەند و شاعیرانى یاخیی ئێستەیش هەر بەم مەنتیقە پاساوى دەقە سەركێشەكانیان بدەنەوە كە ئەوان پابەند نین بە چوارچێوە ئاینییەكەوە و ئامادەیشن ئەنجامى كارەكەیان قبووڵ بكەن.

ئەوەى لەو ململانەیەدا گرنگە ئەوەیە هەردوولا دان بە مافى جیاوازبوونى یەكتردا بنێن، مەلاكان چاوەڕوانى ئەوە لە بەرامبەرەكانیان نەكەن وەك ئەوان بیر لە ژیان و كۆمەڵگە و ئەدەب و هونەر بكەنەوە، ئەوانیش كاردانەوەى مەلاكانیان پێ ئاسایى بێ و با ئەو ململانەیە هەر بەردەوام بێ، بەمەرجێ بە خوێنساردى و بە شێوازێكى سەردەمانە و دوور لە موهاتەرات و وروژاندنى شەقام و دروشمى "بمرێ و بڕوخێ" بێ. شەڕێكى عەقڵانى و مەدەنیى وا بۆ ژیانى دیموكراسیمان پێویستە.



الاثنين، 10 يناير 2011

فرەژنى و لەشكڕى و قسەیەكى تر


عومەر عەلى غەفور

فرەژنى چییە و كێن ئەوانەى نەیارن بە فرەژنى؟ جیاوازی چییە لەنێوان فرەژنى و فرەدۆستى، یان گێڵ فرێنددا؟ كێن ئەوانەى لەگەڵ فرەژنیدان و بە فرەدۆستى نەیارن؟ كامیان پێشێلكارییە بەرامبەر ئافرەت؟ ئایا ژنان بە فرەدۆستیى مێردەكانیان رازین و بە سووكایەتى نازانن؟ ئایا لەشكڕی سوكایەتی نیە بە ئافرەت؟ ئایا ئەو پیاوانەى باوەڕیان بە فرەدۆستى و عەشیقە هەیە و لەشكڕن، باوەڕیان بە یەكسانیى ژن و پیاو هەیە؟ ئایا بۆ ئافرەت ستەمى فرەژنى بەئازارترە یان فرەدۆستى؟ ئایا فرەدۆستى و دیاردەى لەشكڕی لەلایەن پیاوانى هاوسەردارەوە، كە بەپێى راپۆرتە میدیاییەكان و دەمەتەقێى مەجلیسە تایبەت و گشتیەكان بازاڕى گەرم بووە، دیاردەیەكى تەندروستە؟ ئایا دەكرێ فرەژنى قەدەغە و فرەدۆستى ئازاد بكرێ؟
ئەمانە كۆمەڵە پرسیارێكن كە لە باسكردنى مەسەلەى فرەژنیدا، كە ریشەو بناغەیەكى ئاینى هەیە لە كۆمەڵگەیەكى موسڵماندا كە پێوەندیى جنسى لە دەرەوەى چوارچێوەى هاوسەرگیرى قەدەغەیە، پێویستە لەسەریان بوەستین.
فرەژنى ئەوەیە پیاوێك زیاتر لە ژنێكى هەبێ. ئەم نەریتە ئاینى ئیسلام رێى پێ داوە و بە مەرجى داناوە پیاو لەگەڵ ژنەكانى دادپەروەر بێ، هەر خۆیشى دەڵێ دادپەوەرى زەحمەتە، كەواتە یەك ژن باشترە. لێرەوە ئەوانەى نەیارى فرەژنین دوو گرووپن، گرووپێك وەك سەرەتا و تیۆر باوەڕیان پێیەتى بەڵام پێیان وایە فرەژنیى نموونەیى مەحاڵە، لەبەرئەوە نەكردنى باشترە، محەمەد عەبدەى شێخولئیسلام پێش زیاتر لە سەدەیەك لەبەر زیانە پەروەردەیى و كۆمەڵایەتییەكانى فرەژنى لە توێژینەوەیەكیدا فتواى حەرامكردنى داوە. گرووپى دووەم ئەوانەن لە روانگەیەكى فیمینیزمیەوە بۆ فرەژنى دەڕوانن و پێیان وایە فرەژنى لەباربردنى بنەماى یەكسانییە لەنێوان هەردوو رەگەزدا، بەوەى مرۆڤێكى نێر یەكسان دەبێ بە دوو مێ و زیاتر. ئەمە جگە لەوەى هێنانى ژنى دووەم رسواكردنى ژنى یەكەمە. ئەمانە –زیاتر ئافرەتەكانیان نەك پیاوەكان-رەتى دەكەنەوە رێگەدان بە فرەپیاویش بۆ ئافرەت ئەو ناعەدالەتییە راست بكاتەوە و پێیان وایە هەردوو بارەكە هەڵەن. خۆ ئەگەر زیاتر لەگەڵیان بچیتە نێو رودەكارییەكانى ژێرخان و سەرخانى ئەم تیۆرەوە، دەبینى ئەمان بەلالێوەوە دان بە رەوایی دیاردەى خۆبەستنەوە بە هاوسەرداری دەنێن و زیاتر مەیلیان بەلاى ئەوەدایە پێوەندییە جنسیەكانى هەردوو رەگەز هیچ كۆت و مەرجێكى ئاینییان لەگەڵ نەبێ. لێرەوە رەخنەى ئەم گرووپە لە فرەژنى زیاتر رەخنەیە لە كۆى سیستمى زەواجى ئاینى نەك لە خودى فرەژنى بەتەنیا و رەخنەكان لە فرەژنى زیاتر وەك تاكتیكێكە لە چوارچێوەى پلانێكى دوورمەوداى ستراتیژی-ئایدیۆلۆژیدا.
بەڵام ئەم تەوژمە هێشتا بەو راشكاوییەى ئێمە باسمان كرد بۆچوونەكانی ناخاتە روو، یان لانى كەم نەیتوانیوە ببێتە تەوژمێكى خاوەن قورسایى كە بتوانێ لە ناوەندە كۆمەڵایەتى و یاساییەكاندا بانگەشەى بۆ بكات، ئەوەى بە روونى هەیە ئەوەیە كە دان بە سیستمە ئاینیەكەدا دەنێ، بەڵام موتوربەى دەكات بە بۆچونە فیمینیزمانەكە و جەخت لەوە دەكات كە نابێ پیاو دوو ئافرەت لەژێر نیكاحى خۆیدا كۆ بكاتەوە، چونكە ئەوە ئیستیغلالكردن و چەوساندنەوى ئافرەتە. بانگەشەكانى قەدەغەكردنى فرەژنى لە كوردستان زیاتر بەم نەفەسەوە هەڵدەسوڕێن.
بەڵام هاوكات زۆرێك لە پیاوان، نازانم رێژەكەى چەندە، لێرەدا تووشى ئیزدیواجیەت و بنبەستی مەنتیق دەبن، چونكە لە بارێكدا دروشمى یەكسانیى ئافرەت و رەتكردنەوەى هەر جۆرە برینداركردن و چەوساندنەوەیەكى سایكۆلۆژى و فیزیكیى ئافرەتیان بەرز كردووەتەوە، كەچی خۆیان مومارەسەى ئەو نایەكسانی و چەوساندنەوەیە دەكەن، لە پرۆسەیەكدا، كە پێى دەوترێ فرەدۆستى، عەشیقەدارى، یاخود لەشكڕی.
ئەمەى دەیڵێم بوهتان نییە، بریا بوهتان بوایە و من سزاكەیم بدایە. زۆر توێژینەوە و راپۆرتى رۆژنامەوانى و مەجلیسى تایبەت و گشتى ئەمەمان پێ دەڵێن، تا ئەو رادەیەى لەبەر زۆریی دیاردەكە هەندێ نووسەر راشكاوانە، داواى كردنەوەى یانەى شەوانە بۆ ئەو مەبەستە دەكەن تا سەرمایەى خۆماڵى نەچێتە دەرەوە و لە زیانە تەندروستیەكانیشی پارێزراو بین. كار گەیشتوەتە ئەوەى هەندێ پێیان وابێ تەنانەت ئەو بابەتە لە كاندیدكردنى كەسەكان بۆ پۆستە جۆراوجۆرەكانیش رۆڵى هەیە و بە پەنجەى دەست ئاماژە بۆ ئەو بەرپرسانە بكرێ كە لەو رووەوە دۆسیەیان پاكە.
بەدەر لە بڕواى خۆم لەو بارەیەوە، بەڵام ئەز پێم وایە ئەو پیاوەى راشكاوانە دەڵێ "من دەچم لە دەرەوەى ماڵ عەشیقە دەگرم و لەشكڕى دەكەم، بەڵام هاوكات ئەو مافەیش بە ژنەكەم دەدەم پیاوانیتریش لە ژیانیدا هەبن و لەشفرۆشى بكات" پیاوێكى بوێر و لەگەڵ خۆى و خێزانەكەیدا راستگۆیە، چونكە مافى یەكسان بە ژنەكەیشى دەدات، بەڵام موفارەقەكە لەوەدایە ئەو پیاوانەى لە مەجلیسە تایبەتەكانیاندا شانازى بە شەوە سوورەكانیانەوە لە دەرەوەى ماڵەكانیان دەكەن و بەو كارەیان ناپاكى لە هاوسەرەكانیان دەكەن، بەهیچ شێوەیەك ئەو مافە بە هاوسەرەكانیان نادەن؟ جا ئەگەر ئەوە كارێكى باشە بۆچی هاوسەرەكانیانى لێ بێبەش دەكەن، ئەگەر خراپیشە بۆچی خۆیان دەیكەن؟ ئەگەر لەشفرۆشی بەكارێكى باش و شایان بە مرۆڤایەتیی رەگەزى مێ دەزانن، بۆچی بە ژن و ئافرەتانى بنەماڵەكەى خۆیانى رەوا نابینن؟ ئەگەر پێشیان وایە لەشكڕین ئافرەت سوك و رسوا و كۆیلە دەكات، بۆچی ئەو رسواییە بەسەر ئافرەتانى لەشفرۆشدا دێنن؟ مەگەر ئەوانیش مرۆڤ نین و حەزیان لێ نیە لەنێو كۆمەڵدا سەربەرز و رووسوور بن؟ ئەى بۆ دڵیان دێ ئەو كۆیلایەتییەیان بەسەردا بێنن؟ ئایا ئەو پیاوانە رازى دەبن هاوسەرەكانیان خیانەتیان لێ بكەن؟ ئەگەر رازى نین ئەى بۆچی ئەوان خیانەت لەوان دەكەن؟ ئەوە لە كوێی یەكسانیخوازیدا جێی دەبێتەوە؟
ئەز پێم وایە لەشكڕی دوو جار سووكایەتییە بە ئافرەت، جارێك بە هاوسەرەكان، كە لەو پرۆسەیەدا لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە خیانەتیان لێ دەكەن و رەنگە لە ناچاریدا مەجبور بن سەر كز بكەن تا ژیانیان لێ تێك نەچێ، هەم سوكایەتییە بە لەشفرۆشەكان، چونكە لەو كارەدا رۆڵى كۆیلەیەك دەبینن كە ئاغایەك بە پارە كڕیویەتى و تا وادەى گرێبەستەكەى تەواو دەبێ مافى هەیە وەك پارچە قوماشێكى بێهەست لوتى پێ بسڕێ. ئاخر ئەگەر لە ناچاریدا نەبێ كچۆڵەیەكى 20-25 ساڵى چۆن قایل دەبێ لەگەڵ قرخنە پیاوێكى 50-60 ساڵیدا سەرجێیی بكات؟
لەبەرئەوە دەبێ دروشمە یەكسانیخوازییەكان بە كردەوە بەرجەستە بكرێن، نەك تەنیا لە میدیاكاندا موزایەدەیان پێوە بكرێ.
ئەز بانگەشە بۆ فرەژنى ناكەم و ئێستە حكوومەت نەك تەنیا مۆڵەت، پارەیشم بداتێ ژنى دووەم ناهێنم و پێم وایە ئەوە هەڵوێستى كردەیی زۆربەى زۆرى پیاوانى كۆمەڵگەیشە. ئەوەى كە سەرى زمان و بنى زمانمان باسى ژنهێنانەوەیە، زیاتر بۆ (ئیستیهلاكى محەلی)یە و هیچیتر. بەڵام پێم وایە ئەوانەى فرەژنى دەكەن، بە هەموو دزێوییەكانیەوە، لەوانەى فرەدۆستى دەكەن لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ هاوسەرەكانیشیاندا راستگۆترن، چونكە بە ئاشكرا و بەپێى نەریت و یاسا كارەكەیان دەكەن. لەوكاتەى خیانەت لە هاوسەرەكانیان قبووڵ ناكەن خیانەتیشیان لێ ناكەن. دڵنیام –وەك زۆ لە توێژینەوەكانیش باسى دەكەن- زۆربەى ئەوانەى لەشفرۆشی دەكەن بێزیان لەو كارەیان دێتەوە و بوون بە ژنى دووەمى پیاوێكى بەرپرس و بەڕێزیان زۆر لەلا باشترە لەوەى هەر شەوەى كۆیلەى پیاوێكى نەناس بن.
لەبەرئەوە دەبوو بەڕێز مەسعود بارزانى هاوكات لەگەڵ ترساندنى پیاوە فرەژنەكان بەوەى مافیان نابێ بچنە كۆنگرەى داهاتووى پارتى، هۆشدارییەكى بدایەتە فرەدۆستەكانیش، كە هەن، چونكە ئەگەر فرەژنى پێشێلكردنى مافى ئافرەت بێ، ئەوا فرەدۆستی زیاتر لەوە پێشێلكارییە بۆ ماف و هەستى هاوسەرەكان، ئەگەرچی دوور نیە هەندێ لە ئافرەتان ئەوەیان پێ باشتر بێ لەوەى بەرەسمى ببنە هەوێدار.
لە رۆژنامەى رووداو، ژمارە لە 3-1-2010 بڵاو كرایەوە

ساڵى 2010 ژمارەى پێوانەیى لە تۆماركردنى سكاڵاى پەیوەندیدار بە بابەتە میدیاییەكان تۆمار دەكات


عومەر عەلى غەفور
یەكێك لە جیاكەرەوەكانى ساڵى 2010 ئەوەیە لەم ساڵەدا ژمارەیەكى بێپێشنە لە سكاڵا بەهۆى بابەتە رۆژنامەوانیەكانەوە لە دادگەكانى هەرێمى كوردستان لەدژى بەرپرسانى هەندێ لە كەناڵە میدیاییەكان تۆمار كراون، لە هەندێكیاندا لایەنى سكاڵاكار داواى قەرەبووى مادیى گەورەى كردووە، كە هەندێكیان گەیشتوونەتە ملیارێك دۆلار.
سكاڵاكان زۆربەیان لەلایەن حزب و لایەن و دەزگا و كەسایەتییەكانەوە تۆمار كراون، لە ژمارەیەك لە فایلەكاندا دادگە لە دژى رۆژنامەنووسان بڕیارى وەرگرتووە و سزاى داون. ئەوە بوو كۆمەڵى ئیسلامیى كوردستان لە چەند مانگى رابردوودا سكاڵایەكى لەدژى گۆڤارى "گوڵان" تۆمار كرد و لە ئابى رابردوودا، دادگە سەرنووسەرى گۆڤارەكەى بە 5 ملیۆن دینار دینار غەرامە كرد.
لە 12 كانوونى یەكەمدا دادگەى بەرایى چوارى هەولێر لەسەر سكاڵایەكى فازل میرانى سكرتێرى مەكتەبی سیاسیی پارتى دیموكراتى كوردستان، بە تۆمەتى ناوزڕاندن، سزاى 35 ملیۆن دینارى بەسەر سۆران عومەر سەرنووسەرى گۆڤارى "رێگامەگەزین"دا سەپاند. هەروەها لەم رۆژانەدا لەسەر سكاڵایەكى وەزیرى كشتوكاڵى هەرێم دادگەى كەتنى هەولێر بڕى 6 ملیۆن دینار غەرامەى بەسەر سەرنووسەرى رۆژنامەى "ستاندەرد"دا سەپاند.
لە مانگى نیساندا بەتۆمەتى سووكایەتیكردن بەپیرۆزییە ئاینییەكان، مەلا بەشیر حەداد وەك سەرۆكى لێژنەى ئەوقاف لە پەرلەمانى كوردستان، لە دادگە سكاڵایەكى یاسایى لەدژى فەرهاد پیرباڵ سەرنووسەرى گۆڤارى "وێران" تۆمار كرد و لە 20ى كانوونى یەكەمدا دادگە بڕیارى دا پیرباڵ بە 6 مانگ زیندانى حوكم بدا (لەگەڵ جێبەجێنەكردنى ئەم سزایە) لەگەڵ غەرامەكردنى بە بڕی 5 ملیۆن دینار.
سكاڵاكانى پارتى
لە ماوەى مانگى ئابدا بەتۆمەتى زیانگەیاندن بە ناوبانگى حزبەكەى لەرێى بڵاوكردنەوەى چەند بابەتێكەوە، فازڵ میرانى سكرتێرى مەكتەبی سیاسیى پارتى لەرێى پارێزەرەكەیەوە ژمارەیەك سكاڵاى یاسایى لە دادگەى هەولێر لەسەر رۆژنامەكانى "رۆژنامە"، "هاوڵاتى"، "ئاوێنە" و گۆڤارى "لڤین" تۆمار كرد و داواى قەرەبووكردنەوەى ئەو زیانە مەعنەویەى كرد، بەم شێوەیە:
دوو سكاڵاى لەسەر رۆژنامەى "رۆژنامە" تۆمار كرد، بۆ یەكەمیان داواى بڕى یەك ملیار دینار و بۆ دووەمیان داواى بڕى 500 ملیۆن دینارى عێراقى قەرەبووى كرد.
سكاڵایەكى لەسەر رۆژنامەى (هاوڵاتى) تۆمار كرد و داواى 500 ملیۆن دینار قەرەبووى كرد.
سكاڵایەكى لەسەر رۆژنامەى (ئاوێنە) تۆمار كرد و داواى 500 ملیۆن دینار قەرەبووى كرد.
دوو سكاڵاى لەسەر گۆڤارى (لڤین) تۆمار كرد، كە بۆ هەردووكیان داواى یەك ملیار دینار قەرەبووى كرد.
هەروەها میرانى سكاڵاى لەسەر هەریەك لە رێبین هەردى، عەدنان عوسمان و كامەران مەنتك تۆمار كرد.
سكاڵاكانى یەكێتى
هەر لە هەمان مانگدا كۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بەتۆمەتى ناوزڕاندنىلە هەواڵێكدا، لەڕێگەی‌ سكرتێری رۆژنامەوانیی خۆیەوە داوایەكی یاسایی لەسەر رۆژنامەی‌ "دەستوور" ‌و كۆمپانیای نالیا تۆمار كرد.
سكاڵاكانى حزبە ئیسلامیەكان و دامەزراوە ئاینیەكان
لە سەرەتاكانى ئەمساڵدا كۆمەڵى ئیسلامى سكاڵایەكى لەدى گۆڤارى گوڵان تۆماركرد، كە لەلایەن مەكتەبی ناوەندى راگەیاننى پارتى دیموكراتەوە دەردەچێ.
لە مانگى نیساندا بەتۆمەتى سووكایەتیكردن بەپیرۆزییە ئاینییەكان، سەرۆكى لێژنەى ئەوقاف لە پەرلەمانى كوردستان، لە دادگە سكاڵایەكى یاسایى لەدژى سەرنووسەرى گۆڤارى "وێران" تۆمار كرد.
لە مانگى تەمووزدا بەتۆمەتى بڵاوكردنەوەى زیانیاریى هەڵە لەبارەى ئەو حزبەوە، یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان دوو سكاڵاى یاسایى لەسەر گۆڤارى "سڤیل" تۆمار كرد.
مەلا ئەنوەر خۆشناو، زاناى ئاینیى یەكگرتوو بەتۆمەتى ناوزڕاندنى لە هەواڵێكى ڕۆژنامەكەدا، سكاڵایەكى لەسەر ڕۆژنامەى "ڕووبەر" تۆمار كرد و دادگەى كەتنى هەولێر، مانگى رابردوو، بڕیاری دا بە غەرامەكردنى سەرنووسەرى رۆژنامەكە بە بڕى 2 ملیۆن دینار.
لە مانگى تشرینى دووەمدا كەناڵى ئاسمانیى "سپێدە"ى یەكگرتووى ئیسلامی، بەهۆى بەكارهێنانى لۆگۆى كەناڵەكە لە كلیپێكى گۆرانیبێژ (لۆكە زاهیر)دا، سكاڵایەكى لەسەر ناوبراو تۆمار كرد و داواى یەك ملیار دینار قەرەبووى كرد، دواتر زاهیر داواى لێبوردنى كرد و كەناڵى ناوبراویش سكاڵاكەى كێشایەوە.
لە 24ى هەمان مانگیشدا پارێزەرى سەڵاحەدین محەمەد ئەمیندارى گشتیى یەكگرتوو، لە دادگەى بەرایی هەولێر بە تۆمەتى "ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەى بەڵگەنامەى ساختە" سكاڵایەكى لەدژى (بەرهەم عەلى) سەرنووسەرى رۆژنامەى (باس) تۆمار كرد و داواى دوو ملیار دینار قەرەبووى كرد، ئەویش دواى بڵاوكردنەوەى نامەیەك، كە بەگوتەى رۆژنامەكە، بەهائەدین بۆ سەرۆكى حزبی ئیسلامیى عێراقى ناردوووە و تێیدا داواى هاوكاریى مادى لێدەكات و رەخنە لە دەسەڵاتدارانى هەرێم دەگرێ لە ژمارە (20)ى رۆژنامەكەدا، كە بەگوتەى پارێزەرەى ئەمیندارى یەكگرتوو، ئەو نامەیە ساختەیە.
سكاڵاى لایەنە رەسمیەكان
وەزیرى كشتوكاڵى هەرێم لە دادگەى كەتنى هەولێر سكاڵایەكى لە دژى سەرنووسەرى رۆژنامەى "ستاندار" تۆمار كرد و لەم رۆژانەدا دادگە بڕى 6 ملیۆن دینار غەرامەى بەسەر سەرنووسەرى رۆژنامەكەدا سەپاند. هەروەها دوو سەرۆك شارەوانیى هەرێم بەتۆمەتى ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەى زانیاریى ناڕاست لەبارەیانەوە، سكاڵایان لەسەر سەرنووسەری‌ گۆڤارى "هەفتانە" و ئامادەكارى ڕاپۆرتەكە تۆمار كرد.
سكاڵاكانى رۆژنامەنووسان
ئەحمەد میرە سەرنووسەری گۆڤاری "لڤین" لە 8ى ئابدا بەتۆمەتی‌ هاندان بۆ تیرۆركردنی‌ رۆژنامەنووسانی‌ گۆڤارەكە، لە بنكەی‌ پۆلیسی سەرا لە سلێمانی‌، سكاڵایەكی‌ لەسەر مەسعوود بارزانی‌ سەرۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان تۆمار كرد.
هەر لەو سەوروبەندەدا سەرنووسەرى پێشووى رۆژنامەى "هاوڵاتى" بەتۆمەتى ساختەكردنى مۆر و بەڵگەنامەى ئەو رۆژنامەیە لە دادگەیەكى سلێمانى سكاڵاى لەسەر جەمال عەبدوڵا سەرنووسەرى گۆڤارى "بەڵگە" تۆمار كرد.
داواى لێبوردنكردنى میدیاكان
لە مانگى شوباتدا گۆڤارى (خەڵك)، كە سەردەشت حەمە ساڵح، سەرنووسەرى ماڵپەڕى چاودێرى نزیك لە مەلا بەختیارى ئەندامى مەكتەبی سیاسیی یەكێتی سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازى بوو، بەشێك لە كتێبی (ئایەتە شەیتانییەكان)ى سەلمان روشدى بە كوردى بڵاو كردەوە، ئەوەیش ناڕەزایى توندى ئێران و ناوەندى ئیسلامیى كوردستانى لێ كەوتەوە.
لە ئەنجامدا مەكتەبى ناوەندى راگەیاندنى یەكێتى لە روونكردنەوەیەكدا لە 28 شوباتدا رایگەیاند ئەو گۆڤارە هیچ پەیوەندییەكى بەو حزبەوە نیە، دواتریش لە 1ى ئاداردا سەرنووسەرى "خەڵك" لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند بڵاوكردنەوەى ئەو بابەتە هەڵەیەك بووە بەسەریاندا تێپەڕیوە و داواى لێبوردنى لە خوێنەران كرد.
لە 23ى كانوونى یەكەمیشدا عارف قوربانى سەرنووسەرى رۆژنامەى (ئاسۆ) نێزیك لە بەرهەم ساڵحى سەرۆكى حكوومەتى هەرێم، داواى لێبوردنى كرد لە بڵاوكردنەوەى شیعرێكى (حەمە كاكەرەش) لە پاشكۆى ئەدەبى رۆژنامەكەدا لە رۆژى پێشتردا، كە وەزارەتى ئەوقاف و یەكێتیى زانایان شیعرەكەیان بە سووكایەتیكردن بە بەها ئاینیەكان لەقەڵەم دابوو.
بەپێى مادەى دووەمى یاساى رۆژنامەگەریى كوردستان كە لە 22 ئەیلوولى 2008دا لە پەرلەمانى كوردستان پەسند كرا، "رۆژنامەگەرى ئازادە و هیچ سانسۆرى لەسەر نییە، ئازادیى دەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەرە لەچوارچێوەى رێزگرتنى ئازادى و تایبەتییەكانى تاكەكان و تایبەتمەندیى ژیانیان".
هەروەها بەپێى هەمان مادە "رۆژنامە قەدەغە ناكرێ و دەستى بەسەردا ناگیرێ".
بەپێى مادەى نۆیەمیش رۆژنامە بە بڕى یەك تا 5 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێ ئەگەر چەند پێشێلكارییەكى كرد، لەوانە سووكایەتیكردن بەبیروباوەڕ و رێورەسمە ئاینییەكان، ناوزڕاندن، چاندنى رق و كینە لە نێو ریزەكانى كۆمەڵدا، جنێودان یاخۆ بڵاوكردنەوەى نهێنییەكانى ژیانى تایبەتى.

 28-12-2010

الثلاثاء، 31 أغسطس 2010

منداڵان و مەترسیەكانى خوتبەى جومعە


عومەر عەلى غەفور

لە رەمەزاندا و بەتایبەت لە كاتى نوێژى جومعە و تەراویحەكاندا مزگەوتەكان جمەیان دێ لە منداڵ، كە تەمەنیان لە 7 ساڵییەوە دەست پێدەكات تا 13 و 14 ساڵ. ئەو منداڵانە، كە زۆربەیان وەك چاولێكەرى و هەندێكیشیان بەهاندانى دایك و باوكیان دێن، هیچ سیستمێك نازانن و دەیكەنە هەرا و ژاوەژاوێك ئەوسەرى دیار نیە، بۆیە هەندێ لە مزگەوتەكان بەناچارى رێ لە هاتنى شەپۆلى منداڵان بۆ نێو حەرەمى مزگەوتەكە دەگرن، تەنیا بەوە مزگەوت لە مزگەوت دەچێ.
ئەز لێرەدا باس لە كاریگەرییە نەرێنییەكانى هاتنى شەپۆلى منداڵانى ناكام بۆ مزگەوتەكان، بەتایبەت لە جومعەكاندا لە رووى دروستكردنى ژاوەژاو و پیس و پۆخڵكردنى مزگەوت ناكەم، كە جێى هەڵوەستەیە، بەڵكو باس لە مەترسییە مەعنەوییەكانى هەندێ لەو وتار و خوتبەكان دەكەم لە مزگەوتەكاندا پێشكەشى ئامادەبوان دەكرێن لەسەر بارى دەروونى و پەروەردەیى ئەو منداڵانە، كە پێم وایە ئەو مەترسییە هێندە جدییە ناكرێ بێدەنگى لێبكرێ.
لێرەدا چاوپۆشی لە لایەنە سەلبیەكانى هەندێ لە وتارەكان بۆ گەورەكانیش دەكەم و وا دادەنێم وتارەكان بۆ گەورەكان گونجاون، بەڵام ئایا ئەو مامۆستا بەڕێزانە، قەت بیریان لەوە كردوەتەوە كە رەوا نیە هەموو ئەو شتانەى بۆ گەورەكان باس دەكرێن بۆ منداڵانیش باس بكرێن؟ ئەى لە ئەسەردا نەهاتووە "خاگبوا الناس على قدر عقولهم"؟ ئایا خەتیب و واعیزەكان لە وتارەكانیاندا هیچ حساب و جیاكارییەك بۆ ئاستى هەست و عەقڵى منداڵان دەكەن؟ ئەگەر نەیكەن ئایا ئەو وتارانە كارەساتى پەروەردەییان لێناكەوێتەوە؟
مامۆستایەك لە وتارێكیدا لەبارەى "مردن"ەوە –كە ناخۆشبەختانە بەشى شێرى لە وتارەكانى هەینى بەركەوتوە- بە دورودرێژى باسى لە حاڵەتەكانى سەرەمەرگى مرۆڤ دەكرد، كە پێویستە بەلاى راستدا روو لە قیبلە بیخەن و (لااله الا الله)ى بەگوێدا بدەن، ئەگەر مرد چاوەكانى دابخەن و چەناگەى ببەستن بۆ ئەوەى دەمى نەكرێتەوە، دوایى بیشۆن و هتد. جا باسى لە چۆنیەتیى مردوشۆردن دەكرد و گلەیى ئەوەى دەكرد خەڵك نازانن مردوو بشۆن.
ئەم بابەتە بۆ گەورەكان بابەتە، بەڵام ئایا دەكرێ ئەو دیمەنە ترسناكانە بۆ منداڵان باس بكرێ؟ یان ئەسڵەن لەو قۆناغە ناسكەدا چ پێویستیان بە زانینی ئەو شتانەیە؟!
جارێكیتر باسى لە شەڕێكى مێژوو دەكرد، وتى دوو گەنجەكە ئەبوجەهلیان بەشمشێر كوشت، جا هاتنە لاى پێغەمبەر (د.خ) ئەویش فەرموى: "شمشێرەكان خینى پێوە ماوە یان سڕیوتانە؟"، وتیان "نا نەمانسڕییە". ئەویش وتى "كەواتە هەردووكتان كوشتوتانە". فڵان سەحابەیش چو، بینى ئەبوجەهل لە گیانەڵادایە، بە شمشێر سەرى لێكردەوە.
ئاخر مامۆستایانى زێدە ئازیز! باسكردنى ئەو دیمەنە تۆقێنەرانە و نیشاندانى ئیسلام لەو بەرگە خوێناوییەدا، لەبارێكدا دەزانن سەدان منداڵ گوێیان لێگرتوون، لە كوێى حیكمەت و زاناییدا جێى دەبێتەوە؟
یان لە وتاردا باس لە پێوەندییە سەرجێییەكانى ژن و پیاو دەكەن. مامۆستایەك زیاد لە جارێك دوبارەى دەكردەوە كە هۆكارى گرفتەكانى خێزان ئەوەیە ژن و پیاو لەكاتى جوتبوندا بیسمیلا ناكەن!.
ئەم حاڵەتە شتێك نیە جارێك لە وتارێكدا روبدات و تەواو، بەڵكو بەبەردەوامى هەموو هەفتەیەك لە هەزاران مزگەوتى كوردستاندا دوبارە دەبێتەوە. سەیریش لەوەدایە مامۆستایانى بەڕێز لەكاتێكدا بەردەوام باس لە تایبەتمەندى و بێوێنەیى پەروەردەى ئیسلامى دەكەن، كەچی رۆژێك لە رۆژان بیریان لە مەترسیەكانى خوتبەكانیان لەسەر هۆش و دەرونى جگەرگۆشەكانمان نەكردەوە و داوایان نەكرد چارەسەرێك بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.
بۆیە پێشنیار دەكەم مامۆستایان، جا لەرێى یەكێتیى زانایانەوە بێ یان لەرێى لێژنەى باڵاى فتوا یان وەزارەتى ئەوقافەوە، كۆنفرانسێك ببەستن و تاوتوێى ئەو بابەتەى تێدا بكەن و چارەسەرێكى بۆ بدۆزنەوە، جا بە سنورداركردنى ئامادەبونى تەمەنێكى دیاریكراو لە منداڵان بێ لە خوتبەكانى جومعەدا ، یان بە هاندانى وتارخوێنان بۆ خۆلادان لەو بابەتانەى كاریگەریی سەلبییان لەسەر هۆش و هەستى منداڵان دەبێ.

ئیسلامییەكانى عێراق و كوردستان لە بەردەم بەخششەكانى یاساى وەزعیدا


عومەر عەلى غەفور

یاساى دانراو لەلایەن مرۆڤەوە، كە لە ئەدەبیاتى فیكرى سیاسیى ئیسلامیدا بە "یاساى وەزعى" ناودەبرێ، لە بەرامبەر یاساى ئاسمانى یاخود ئیلاهییەوە دانراوە و جەوهەرى پەیام و ئامانجى بزاڤە ئیسلامیەكانى دنیا چەسپاندنى یاسا ئیلاهییەكان و دژایەتى و پووچەڵكردنەوەى یاسا وەزعییەكانە، چونكە بەپێى ئەو سیستمى بیركردنەوەیە یاسادانان (تشریع) تەنیا ئەرك و مافى خولقێنەرە (لە الخلق والامر)، هەر ئەو تاكە یاسادانەر (موشەڕیع)ى راستەقینەیە و هەر كەس ئیدیعاى دانانى یاسا بۆ ژیانى مرۆڤ بەدەر لەو چوارچێوەیەى شەرع دایناوە بكات، تاوانێكى گەورەى كردووە، ئەمە ئەگەر بەو كارەى لە ئاین دەرنەچووبێ.

بۆ پاڵپشتی و تەئسیلكردنى ئەم دنیابینییەیش، چەندین ئایەت و فەرموودە دەهێننەوە، كە ئەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە پێویستە مرۆڤى موسڵمان لە ئەلیفەوە تا (یا)ى ژیانى، لە بێشكەوە تا گۆڕ، لە تەواوى وردەكارى و بوارەكانى ژیانیدا بەپێى یاسا ئیلاهیەكان، نەك وەزعیەكان، ژیانى خۆى بەڕێوە ببات. ئەو هەموو سەرچاوانەى یاسادانانى دەرەوەى قورئان و سوننە كە فەقیه و موجتەهیدەكانى ئیسلام پەسەندیان كردوون، نیشانەى ئەوەن لە روانگەى دنیابینیى سیاسیى ئیسلامییەوە، ئیسلام هیچ بۆشایى و كەلەبەرێكى ژیانى تاك و كۆمەڵى نەهێشتووەتەوە یاساڕێژ (تقنین)ى نەكردبێ، تەنانەت زۆر جار لە وتارەكانى واعیز و بانگخوازەكاندا دەبیستین كە "ئیسلام تەنانەت مرۆڤى فێر كردووە چۆن بچێتە ئەدەبخانە و لەگەڵ هاوسەرى سەرجێى بكات، ئیتر چۆن بوارەكانى ترى بۆ روون ناكاتەوە".

هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەن كە بیسەلمێنن یاساى وەزعى شتێكى نامۆ و زیاد و زیانبەخشە بۆ مرۆڤ و كۆمەڵگە و چارەسەرى كێشەكان لە گەڕانەوەدایە بۆ بەرنامەى خوا، واتە رێنمایى و یاساكانى ئیسلام. جگە لەوە گومڕایى و سەرگەردانیى دنیا و كوێرەوەریى ئاخیرەتى لە دوایە، بۆ ئەوەیش زۆر جار ئایەتى "ومن اعرچ عن ژكری فان له معیشە چنكى، ونحشره یوم القیامە اعمى" دەوترێتەوە.

بۆ ئەوەى وردتر وێنەكە پیشان بدەین، دەبێ ئەوە بڵێین كە زانا و تیۆریزەكارانى تەوژمى ئیسلامى یاساكانى هاتوچۆ و یاسا زانستى و تەكنەلۆژییەكانیان لە دەرەوەى چوارچێوەى ئەو یاسا وەزعییانە داناوە و پێیان وایە ئەوانە زانستى رووتن و ناچنە خانەى جیاوازیى ئایدیا و بیروباوەڕەوە. هەرچی یاساكانى بوارى سیاسەت و كۆمەڵایەتى و ئابوورى و فەرهەنگى هەیە، ئەمانە ئاسمانى و وەزعییان هەیە.
*** ***
جاروبار كە لەو سیستمى بیركردنەوە ئیسلامییە، یان وردتر بڵێم لە رووە كردارییەكەى ئەو تەرزە بیركردنەوەیە رادەمێنم، هەست دەكەم هێندەى شەڕێكى تەجریدییە لەسەر كۆمەڵێ چەمكى داهێنراو، هێندە رەنگدانەوەى بوونەكانى سەر ئەرز نین و ئەوانەى پێیان وایە ئەوان دژى یاسا وەزعییەكانن، دژایەتییەكەیان بۆ هەموو یاسا دانراوە مرۆڤكردەكان نییە، بەڵكو بەپلەى یەكەم دژایەتییە بۆ چەند یاسا و حوكمێكى یاسایى سنووردار و دیاریكراو، كە جیاوازن لەوەى یاسا ئیسلامییەكان لە هەندێ پرسى تایبەتدا بڕیاریان داوە.

بۆ نموونە ئیسلام، دزى، چەتەیى، زینا، مەى، سوو، یانەسیبى حەرام كردووە، رێى بە فرەژنى داوە، لە یاساكانى بارى كەسێتیدا ئافرەت هەندێ مافى لە پیاو كەمترە وەك بەشە میرات و شایەتیدان و وەرگرتنى هەندێ پلەو پایە. بۆ هەریەك لە تاوانەكانیش سزایەكى تایبەتى دیارى كردووە، وەك سزاى دەست بڕین بۆ دز، شەلاق و رەجم بۆ زیناكار، كوشتنەوەى مورتەد.
عەقڵى ئیسلامى دژى ئەو یاسایانەیە كە سزایەكى جیاوازیان بۆ ئەو جۆرە تاوانانە دادەنێن و وەلاخستنى سزا ئیسلامییەكە بە هۆكارى زۆریى تاوان دادەنێن، هەروەها دژى ئەو یاسایانەیە كە ئەو حەرامانەى ئیسلام حەڵاڵ دەكات.
لەم چەند حوكمە جیگیرە بترازێ، ئەو عەقڵە زۆر بێباكانە و خوێن ساردانە مامەڵە لەگەڵ یاساى وەزعیدا دەكات، زۆر جار نەك هەر ئەو یاسایانە حەرام ناكات، بگرە مامەڵەى ئیجابییان لەگەڵدا دەكات و ژیانى خۆى بەپێى ئەو یاسایانە رێك دەخات و شەرعیەتیان پێ دەدات، بەتایبەت ئەگەر ئەو یاسایانە بەدیهێنەرى بەرژەوەندییەكى مادى و سیاسیی گەورەى شەخسی یان حزبی بن، ئەمە لەكاتێكدا رەنگە هەندێ لەو یاسایانە لە خراپترینى ئەو یاسایانە بن كە عەقڵى مرۆڤ دوور لە ئاین بەرهەمى هێناون و دژ بە بەهاكانى مرۆڤایەتى و یەكسانى و دادپەروەرى بن و زیاتر لە خزمەتى چەند كەس و تاقمێكى دیاریكرا و و لە دژى بەرژەوەندیى بەشى هەرەزۆرى خەڵك بن، كە تەوژمى ئیسلامى خۆى وا نیشان دەدات پەیامەكەى بۆ رزگاركردنى ئەو خەڵكە موستەزعەفە و بەرقەراركردنى دادپەوەرییە، كە هێزە دنیاویستەكان خەڵكیان لێ بێبەش كردووە.
*** ***
بۆ زیاتر روونكردنەوە هەڵوێستى ئیسلامیەكانى كوردستان و عێراق لە چەند مەسەلەیەكى دیاریكراودا بە نموونە دێنمەوە:
هەردوو لیستە ئیسلامیەكەى نێو خولى پێشووى پەرلەمانى كوردستان، یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى، لە مانگى حوزەیرانى 20008دا (بەڵێ)یان بۆ پرۆژەى دەستوورى هەرێمى كوردستان كرد، وەك خۆیان دانیان پێدا نا، لەبەرامبەر ئەوەى دەسەڵات قایل بووە ناوەرۆكى مادەى 7ى پرۆژە دەستوورەكەى 2006ى تایبەت بە پێگەى ئاینى ئیسلام هەموار بكات و بڕگەى "نابێ یاسایەك دابنرێ لەگەڵ حوكمە نەگۆڕەكانى ئیسلام ناكۆك بێ"ى بۆ زیاد بكات. واتە یاساى ناشەرعى دەرنەچن.

ئەمە لەكاتێكدا رەخنەیەكى زۆر لەلایەن رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانى هەرێمەوە لە هەندێ لە مادە بنەڕەتیەكانى دەستوورەكە گیرا و تەنانەت هەندێ لە بەرپرسانى هەردوو حزبە ئیسلامییەكەیش دواى ئەوەى شكستێكى گەورەیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى هەرێمدا بەسەردا هات و كورسییەكانیان لە 15 كورسییەوە بۆ 10 كورسی دابەزی، دانیان بەوەدا نا كە دەنگدانیان بە دەستوورى هەرێم هەڵەیەكى گەورە بووە كردوویانە، لەم خولەى دوایشدا هەندێ لە پەرلەمانتارانى یەكگرتوو داواى گێڕانەوەى پرۆژە دەستوورەكەیان كرد بۆ پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەى.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئیسلامیەكان باوەڕیان وابوو دەبێ هەموو یاساكان لە چوارچێوەى بنەماكانى ئیسلامدا بن، یان لانى كەم ئیسلام سەرچاوەیەكى سەرەكیى یاساكان بێ وەك لەو بڕگەیەى مادەى 6ى دوا رەشنووسى دەستوورەى هەرێمدا هاتووە، ئایا لە داڕشتنى یاساكانى نێو دەستوورەكەدا (دایكى یاساكان)، كە چارەنووسى گەلێكى پێوە پەیوەستە، ئیسلام وەك سەرچاوەیەكى یاسادانان لەبەرچاو گیراوە و چۆن؟ با بۆمان روون بكەنەوە كێ و چۆن و بە چ میكانیزمێك بنەماكانى ئیسلام لەنێو 122 مادەكەى دەستوورى هەرێمدا جێیان كراوەتەوە و ئایا ئەسڵەن بە خەیاڵى هیچكام لە لێژنەى ئامادەكار یان پەرلەمانتارانى ئیسلامیدا هات بیر لەم بابەتە بكەنەوە؟ ئایا ئەو دەسەڵاتانەى بە سەرۆكى هەرێم دران و مشتومڕێكى زۆریان لێ كەوتەوە، لەگەڵ بنەماكانى ئیسلام تەبا یان ناكۆك بوون و لە كام سەرچاوەى یاسادانانى ئیسلامییەوە وەرگیرابوون؟

لێرەوەیە ئەز پێم وایە شەڕكردن لەدژى یاساى وەزعى زیاتر شەڕێكى تەجریدی و سیاسییە نەك واقیعى و مەنهەجى.

نموونەى دووەم كە پەرلەمانتار و دەوڵەتكارە ئیسلامییەكانى ترى هەرێمى كوردستان و عێراق دەگرێتەوە، مەسەلەى ئیمتیازاتەكانى گەورە بەرپرسەكانى دەوڵەتە، لە مووچە و دەرماڵە و خزمەتگوزارییە مشەكان، تا دەگاتە خانەنشینكردن بە مووچەیەكى خەیاڵى بەبێ كار و بەرهەم.

لەم رۆژانەدا ئامادەى زنجیرە وتارێكى رۆژى هەینى بووم، مامۆستاى وتاربێژ بە بەبۆنەى رۆژى كرێكارانى جیهانەوە لە 1ى ئایار، زنجیرە وتارێكى لەبارەى رێزى كار و كرێكار و جۆرى دەستەكان لە ئیسلامدا (دەستى ئیشكەر، دەستى بەتاڵ، دەستى بێتوانا، دەستى تاوانكار) پێشكەش كرد. لەنێو یەكێك لە وتارەكاندا رەخنەى لە مووچەخۆرى بندیوار گرت كە "بەبێ كار و بەرهەم مووچە لە دەوڵەت وەردەگرێ، لەكاتێكدا مرۆڤى موسڵمان پێویستە لەبەرامبەر ئەو پارەیەى وەرى دەگرێ كار بكات و مووچەكەى حەلاڵ بكات، چونكە ئەو گۆشتەى لە پارووى حەرام دروست بێ ئاگرى جەهەننەم لێیەوە نێزیكە".

دواى وتارەكە مەسجێكم بۆ مامۆستا نارد تێیدا نووسیم "مامۆستا وتارێكیش لەبارەى دەستى مشەخۆر (الید المتگفلە)یش بدە، ئەو دەستانەى بەبێ كار و بەرهەم مانگانە 4 هەزار تا 40 هەزار دۆلار مووچەى خانەنشینی لە بودجەى حكوومەت وەردەگرن".

لەو مامۆستایە و لە هەر مامۆستایەكى ئاینى، جگە لەوانەى خۆیان یان كەسێكى نزیكیان ئەو پۆستە موغریانەیان وەرگرتووە و رەنگە بۆ شەرمەزارنەبوون ناچار بن تەئویلێكى شەرعى بۆ بدۆزنەوە، بپرسیت ئایا خواردنى پارەى حكوومەت بەبێ كار و بەرهەم حەرامە یان حەڵاڵە، بەتایبەت ئەگەر ئەو پارەیە پارەیەكى مانگانەى خەیاڵى بێ و خەڵكێكى زۆری وڵاتەكەیش موحتاج بن؟ بێگومان كە پێت دەڵێ: "نەخێر ئەوە مشەخۆرییە و حەرامە و پێویستە مرۆڤ پارەكەى حەڵاڵ بكات". رەنگە زیاتریش بچێ و بڵێ "ئەوە هەمووى نیشانەى دوورییە لە بەرنامەى خوا، كە ئەو مەسوولانە سامانى ئەو میللەتە بۆ عەیشونۆشی خۆیان تەخشان و پەخشان دەكەن و خەڵكیش لە هەژارى و بێكاریدا دەژین، ئەوەتا حەزرەتى فڵان وا و واى دەكرد".

بەڵام ئەگەر هەمان پرسیار لە مەلایەكى پەرلەمانتارى ئیسلامى، عێراقى یان كوردستانى، یان لە یەكێك لە وەزیر و پەرلەمانتارەكانیان، كە ساڵانێكى زۆرە خەڵك لە دژى یاساى وەزعى و گەندەڵى و تەرەفى حزبە عەلمانییەكان هان دەدەن و زوهدى عومەرەین بە خەڵك دەفرۆشن، بكەیت، نەك هەر مل بەوە نادات كە وەرگرتنى 52 ملیۆن دینارى خانەنشینى وەك پەرلەمانتارى خولى دووەم لەگەڵ سەیارەیەكى كەشخە و خانەنشینى مەدەلحەیات بە 6-10 ملیۆن دینار بەبێ كار و بەرهەم، حەرام یان تەنانەت مەكرووهە، بگرە هەزار و یەك قیل و قالەیشت بۆ دێنێتەوە كە ئەوە جائیزە و ئاساییە و حكوومەت دایناوە و مافى سروشتیى خۆمانە، ئیدى ئەوە لەبیر دەباتەوە كە رۆژێ لە رۆژان حزبێكیان دامەزراند، بۆ رووبەڕووبوونەوە و گۆڕینى ئەو حكوومەت و دەسەڵاتەى لەخۆیەوە و بەپێى هەوا و ئارەزوویان و دوور لە بەرنامەى خوا یاسا بۆ بەرژەوەندیى ئەربابى دەوڵەت دەردەكەن و بۆ ئەوەیش چەندین ئایەتى لە شێوەى "ان كپیرا من الاحبار والرهبان لیاكلون اموال الناس بالباگل" و "اژا اردنا ان نهلك قریە امرنا مترفیها ففسقوا فیها فحق علیها القول فدمرناها تدمیرا"یان بۆ جۆشدانى لاوان دەوتەوە.

با بێینەوە سەر شاڕێگەكە و بپرسینەوە: ئایا لە دانانى یاساى دیاریكردنى مووچەى سەركۆمار و جێگرەكانى، سەرۆك وەزیران و جێگرەكانى، سەرۆكى پەرلەمان و جێگرەكانى، پەرلەمانتاران و وەزیر و گەورە بەرپرسە باڵاكانى عێراق و هەرێمدا، ئیسلام وەك سەرچاوەیەكى یاسادانان لەبەرچاو گیراوە، وەك لە هەردوو دەستوورى عێراق و هەرێمدا فریودەرانە و دیماگۆجییانە جێگیر كراوە؟ ئایا ئەو یاسایە، كە هەموولا دان بەوەدا دەنێن ناعەدالەتییەكى گەورەى تێدایە و ساڵانە ملیاران دۆلارى عێراق بە ناڕەوا دەخاتە گیرفانى چەند كەسێكەوە و ملیۆنان كەسى شایستەى لێ بێبەش دەكات، لەگەلأ بنەما نەگۆڕەكانى ئیسلامدا ناكۆك نییە؟ عەجەبەن ئایا مشەخۆرى و ناعەدالەتى لە دابەشكردنى ساماندا لەگەڵ بنەما نەگۆڕەكانى ئیسلام، كە عەدالەت یەكێك لە رەگەزە بنچینەییەكانیەتى، ناكۆك نییە؟ ئەگەر ناكۆكە، بۆچی حزبە ئیسلامییە سوننى و شیعى و كوردییەكان رێگەیان پێ دا، یان لانى كەم بەرى پێ ناگرن؟ ئایا تەنیا قەدەغەكردنى فرەژنى و دانانى چەند هەزار دینارێك زیادە لەسەر قەرزى عەقار، كە لە بەرژەوەندیى گشتیشدان، لەگەڵ بنەماكانى ئیسلامدا ناكۆكن و حزبە ئیسلامییەكان بۆ بەرپێگرتن و رێگرتن لەو سوكایەتییە ئامادەن ئیعلانى جیهاد بكەن؟

هەموو ئەوانە بخەینە لاوە: ئایا كێ ئەو یاسایەى داناوە؟ لەبیریان چوو كە یەكەم جار پۆل برێمەرى حاكمى مەدەنیى ئەمەریكا لە عێراق (2003-2004)، واتە حاكمێكى بێباوەڕ، هەروەها داگیركەر ئەو یاسایەى داناوە، كە لە ئەدەبیاتى كلاسیكیى ئیسلامیدا بە ئیمامەكانى كوفر (ائمە الكفر) ناو دەبرا، كەچى حزبە ئیسلامییەكان لەباتى ئەوەى بۆ شۆرینەوەى ئابڕوویان ئەو یاسایە بگۆڕن، وەك بیلبیلەى چاویان دەیپارێزن.
مەحمود مەشهەدانیى (سەلەفى) چۆن هەست بە سەركۆنەى ویژدانى ئاینیى خۆى ناكات، لە بارێكدا بەپێى راپۆرتێكى ئەم دواییەى لێژنەى باڵاى كەمكردنەوەى هەژارى لە عێراق، كە بەهاوكاریى بانكى نێودەوڵەتى ئەنجامى داوە، زیاتر لە 6 ملیۆن كەس لە عێراق لە ژێر هێڵى هەژاریدان، كە دەكاتە نێزیكەى 23%ى دانیشتوانى عێراق، كەچى ئەو، لە سایەى یاسایەكى وەزعیى نالەباردا، مانگانە بەبێ كار و بەرهەم، 40 هەزار دۆلار مووچەى خانەنشینى لە خەزینەى بەیتولمال وەردەگرێ، كە بەپێى هەندێ سەرچاوەى هەواڵ بێ، ئەو مووچەیە لە مووچەى سەرۆكى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا زیاترە، كە دەڵێن مووچەى ساڵانەى تەنیا 400 هەزار دۆلارە. مەشهەدانى خانەنشینە و ئۆبامایش سەرۆكى وڵاتێكى نێزیكەى 200 ملیۆن كەسییە.

یان نوورى مالیكی سەرۆكى حزبى دەعوەى ئیسلامى-شیعى، خالد عەتییەى سەركردەى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى-شیعى، تاریق هاشمیى جێگرى سەركۆمار و سەرۆكى پێشووى حزبى ئیسلامى-سوننى، ئەیاد سامەڕائی سەركردەى حزبى ئیسلامیى سوننى و باقى سەركردە ئیسلامییە سونى و شیعى و كوردییەكان، چۆن دەتوانن باس لە بەهاكانى زوهد و دادپەوەریى ئیسلامى، یان باس لە دژایەتیكردنى یاساى وەزعى بكەن، لەكاتێكدا ئەوان لە سایەى یاسایەكى وەزعی-نادادپەروەردا، كە ئەمەریكییەك بە دیارى هێناویەتى، گڵۆڵەى سامانى گەلێكى ئاتاج و هەژار مانگانە بۆ نێو حسێبە بانكییەكانیان خلۆر دەكەنەوە.

باوەڕم وایە ئەگەر سبەى رۆژ لیست یان حزبێكى نائیسلامیى گەورە هەڵمەتێكى لە دژى ئەو ئیمتیازاتە خەیاڵیانە دەست پێ كرد و ئیحراجییەكى لەو رووەوە دروست كرد، زۆر لەو حزب و كەسایەتییە ئیسلامییانە بادەدەنەوە و تەئسیلى ئیسلامى بۆ ئەو كەمكردنەوەیە دەكەن، بەڵام ئەى بۆچی ئەوان لە تەرحكردنى ئەو پرۆژە چاكسازییەدا نابنە دەستپێشخەر؟.

ئەوان لە بوارى چاكسازی (اصلاح)دا، كە كردوویانەتە دروشمیش بۆ خۆیان، زۆر جار، گەر نەڵێم هەمیشە، شوێنكەوتەن نەك دەستپێشخەر و شوێن ئاوازى دەوروبەرەكەیان دەكەون.

لە هەرێمى كوردستان ئیسلامییەكان و زانایانى ئاینى باسیان لە كەموكورتییەكانى یاساى بارى كەسێتى و كوشتن بۆ ئابڕوشۆرى نەكرد، تا هەندێ لە ئافرەتانى چەپ بابەتەكەیان جووڵاند، ئەنجا ئەوانیش هاتنە سەر خەت و باسیان لەوە دەكرد كە ئەو یاسایانە لەگەڵ ئیسلامدا ناگونجێن. كەچى لێیشیان بێدەنگ بوون.

لە خولى پێشووى پەرلەمان پەرلەمانتارانى یەكگرتوو و كۆمەڵ لە بەرامبەر كڕینى ئۆتۆمبێل و شوقە و 52 ملیۆن دینارى بەخششى خانەنشینى و خانەنشینكردنى مەدەلحەیات بە ملیۆنان دینار ورتەى ناڕەزاییان لێوە نەهات، كە دەبوو ئەوان هەم وەك هێزێكى مەبدەئی و هەمیش وەك بەدیلى ئۆپۆزسیۆن، ئەو كارەیان بكردایە، بەڵام نەیانكرد، تا لەم خولەدا پەرلەمانتارانى گۆڕان كڕینى ئۆتۆمبێلى 4 دەفتەر دۆلاریان كردە كێشە، جا ئەوانیش هاتنە سەر خەت و باس لەوە دەكەن "پێویستە زیادە خەرج لە كڕینى ئۆتۆمبێلدا نەكرێ " و "ئۆتۆمبێلەكان موڵكى پەرلەمان بن و دواى تەواوبوونى خولى سێیەم تەسلیم بكرێنەوە".

الثلاثاء، 6 يوليو 2010

میدیاى ئازاد هەناسەى ئازادییە مەیخنكێنن

عومەر عەلى غەفور

ماوەیەكە شاڵاوێكى سەرەمڕ لە دژى میدیاى "ئەهلى"، "ئازاد"، "رەخنەگر" لە هەرێمى كوردستان و بە تایبەت لە هەندێ لە میدیا حزبیەكانەوە دەستى پێكردوە، كە لە هەوڵى ئەوەدایە لە رێى تۆمەتباركردنى ئەو میدیایە بە "بەرەڵایى"، "ناڕاستگۆیى"، "ناپیشەوەرى"، "بەكارهێنانى زمانى زبر" و "دەستى دەرەكى" شەقامى كوردى لێ دڵكرمێ بكات و سەرەنجام پاشەكشە بەو سەنگ و قورسایى و رۆڵەى ئەو میدیایە هەیەتى بكات.

ئەز لێرەدا بەهیچ شێوەیەك بەرگرى لەو كەموكووڕییانە ناكەم كە لە میدیاى ناسراو بە ئەهلى یاخود ئازاددا هەن. راستە ئەو میدیایە هەندێ جار زانیاریى نادروست و هەڵە بڵاو دەكاتەوە، لە خستنە رووى شتەكاندا زێدەڕۆیى دەكات، بەبێ بەڵگەى تەواو شتەكان دەخاتە روو، دەست وەردەداتە تایبەتمەندییە شەخسیەكان، جاروبار بەلانسى بێلایەنى لەدەست دەدات، دووریش نیە لێرە و لەوێ ئەم یان ئەو دەزگەى راگەیاندنى ئەهلى، یان لانى كەم بەشێك لە ستافەكەى، لەلایەن دەستى ناوخۆیى یان دەرەكیەوە بۆ مەبەستى تایبەت و ناپیشەوەری ئاراستە بكرێن، بەڵام هیچكات ئەم كەموكووڕییە سنووردارانە، بارتەقاى ئەو رۆڵە گەورە و مێژووییە نین كە ئەو میدیایە و میدیاكارەكانیان بینیویانە، لە شڵەقاندنى گۆمى مەیوى رۆژنامەگەریى كوردى و كاراكردنى میدیا و میدیاكاران، بۆ بینینى بەشێك لە رۆڵى پیشەوەرانە و نیشتمانییانەى خۆیان وەك دەسەڵاتى چوارەم، لە بەرامبەر دەسەڵات و رەخنە لێگرتن و لێپرسینەوە و بەرهەڵستیكردنى سیاسەت و پلان و بڕیارە نادروستەكان لە غیابى ئۆپۆزسیۆنێكى سیاسیى كارا لە ناوەندە سیاسییەكەدا.

ئەگەرچی ناتوانین نكولى لەوە بكەین كە سەرەتاكانى ئەو جمووجووڵە رەخنەگرانەیەى میدیاى ئازاد، لە هەناوى میدیا حزبیەكانەوە و لە نێو رۆشنبیران میدیاكارە زیندووەكانى نێو ئەو دەزگایانەوە چەكەرەى كرد، نەمانى شەڕى ناوخۆ و هێوربوونەوەى میزاجى جەنگاوەرەكانیش لە سەردەمى ئاشتیدا هۆكارى یاریدەدەر بوون بۆ گەشەكردنى ئەو بزاڤەى لە كۆتاییەكانى نەوەدەكاندا سەرى هەڵ دا، بە تایبەت دواى دەرچوونى رۆژنامەى هاوڵاتى و دواتریش ئاوێنە و ئەوانى تر، بەڵام ئەوەیش ناشارێتەوە كە ئەو میدیایە و میدیاكاران و كۆى ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەى بە نووسین و هەڵوێستەكانیان پاڵپشتییان لەو بزاڤە كرد، رووبەڕووى كۆسپ و تەگەرە و فشار و ئەزیەتێكى زۆر بوونەوە تا توانییان لەسەر پێ بوەستن درێژە بەو رەوتە بدەن.

ئەو میدیایە، بە هەموو كەموكەسرییەكانیەوە و لەگەڵ هەموو تێبینییە بابەتییەكانیش لەسەرى، كە هەن، یەكێكە لە داینەمۆ بەهێزەكانى گەشەى دیموكراسی لە هەرێمى كوردستاندا و سەرمایەیەكى هزرى و رۆحیی ئەم كۆمەڵگەیەیە، كە ئەركى هەر خەمخۆرێكى جیدیى دیموكراسیەت ودەسەڵاتى چوارەم و مافى هاوڵاتى و بیرى ئازاد و دژەگەندەڵییە، بەوانەیشى لە ناو حزبەكان و دەسەڵاتدان، لە خەمى مانەوە و گەشەپێدانى ئەو ئەزموونە دەڵەمەیەى میدیاى ئازاددا بێ، ئەویش نە لەبەر خاترى چاوى كاڵى فڵان یان فیسارى بەرپرس یان میدیاكار لەو دەزگایانە، هەروەها نە بە ماناى پێداهەڵگوتنى ئەو میدیایە وەك ئەوەى گەیشتبێتە پلەى كەماڵ، بەڵكو لەبەر خاترى خودى ئەزموونەكە، هاوكات بۆ تەرشیدكردن و رەخنەلێگرتنى كەموكەسرییەكانی، بەمەبەستى تێپەڕاندنیان.

ئەز نە رۆژێك لە نێو ئەو میدیایانە كارم كردووە، نە لەگەڵ هەڵسوڕێنەرانیشیدا سەروساختەى ئەوتۆم هەیە، تەنیا وەك نووسەرێك جاروبار وتارم لە هەندێكیاندا بڵاو كردووەتەوە، بەڵام لە دەرەوەى ئەو دەسەڵاتە نیمچە رەهایەى دەسەڵات و حزبە باڵادەستەكان بەسەر تەواوى بوارەكانى ژیانى كۆمەڵگەیاندا هەیانە و ئەوەى بیانەوێ دوور لە هەر چاودێرێكى نیشتمانیى بوێر كردوویانە و دەیانەوێ تا قافى قیامەتیش درێژەى پێ بدەن، تەنیا ئەو میدیایە بووە كە هەناسەیەكى لێوە بدرێ و دەنگێكى ناڕەزایى لێوە بەرز بكرێتەوە و چاودێریەكى مەعنەوى سیاسەت و پلانەكانى دەسەڵات و حزبەكان بكات.

چەندین دۆسیەى وەك قاودانى بەرتەسككردنەوەى ئازادیى كارى رۆژنامەنووسی و گرتن و ئازاردانى رۆژنامەنووسان، هەمواركردنى یاساى كارى رۆژنامەوانی لە هەرێمى كوردستان لە بەرژەوەندیى بەرفراوانتركردنى ئازادیى كارى رۆژنامەنووسی لە ساڵى 2008، گەشەپێدانى رۆشنبیریى شەفافیەت و دژە گەندەڵى و بێزراندنى گەندەڵكاران لە شەقامى كوردیدا و فشار خستنە سەر حكوومەت بۆ بەدواداچوونى ئەو كێشەیە، ئاشكراكردن و قسەلەسەركردنى سەودا گوماناوییەكەى نێوان وەزیرى سامانە سروشتییەكانى هەرێم و كۆمپانیاى DNOى نەرویجى، ئاشكراكردنى چەندین حاڵەتى گەندەڵى ئیدارى دارایى لە دامودەزگاكانى حكوومەت و حزبدا، وروژاندنى دۆسیەكانى فایلدارانى بەعس و ئەنفالچییانى كورد و ئازادكردنى تاوانبارانى كیمیابارانى هەڵەبجە لەلایەن گەورە بەرپرسانى هەرێمەوە، بۆ یەكەم جار لایەن میدیا ومیدیاكارانى ئەهلیەوە وروژێنران.

هەر میدیایەك ئەمانە و هاوشێوەی ئەم كارانەى كردبێ، خزمەتێكى زێڕینى بە كۆمەڵگەى كوردى و هزرى دیموكراسییانە كردووە و شایانى ئەوەیە سوپاس بكرێ، یان لانى كەم كار بۆ لاوازكردنى نەكرێ.

ئەگەر دەگوترێ ئەو میدیایە سەقەتاتى زۆرە و میدیایەكى پێگەیشتوو نییە، ئاخر خۆ ئەو دەسەڵاتەیش كە ئەو میدیایە رەخنەى لێ دەگرێ سەقەتاتى لەو زیاتر نەبێ كەمتر نییە. كەواتە لە خراپترین باریدا میدیاى ئەهلى كاردانەوەى سیستمێكى حوكمڕانیى سەقەتە و كورد وتەنى كاڵا بەقەد باڵایە.

دواى نزیكەى 20 ساڵ هێشتا شكستەكانى حكوومەتى هەرێم، بەو هەموو خیبرە و توانا مادى و بەشەریی زەبەلاحانەى لەپشتیەوەن، بەوە دەدرێتەوە كە ئەزموون و ساوایە. بە هەمان پێوەر میدیاى ئازادیش، كە تواناكانى چ لە رووى مادى و چ لە رووى سەرمایە مرۆییەكانەوە سنووردارن، مافى ئەوەى هەیە پاساوى هەڵەكانى خۆى بداتەوە بەوەى هێشتا ئەزموونەكەى ساوایە و "لە پڕێ نابێتە كوڕێ".

لەبەرئەوە هەر هەوڵێكى سیستماتیك بۆ پاشەكشەپێكردن و لەقاڵبدانى ئەو میدیایە، كوشتنى ئەو هەناسە رەخنەگرانە روو لە گەشەیەیە كە لە میدیاى كوردیدا هەیە و زیندویەتیەكى پێ بەخشیوە و لە مەوداى دوور و نزیكدا خزمەت بە ئەزموونى سیاسی خۆ بەدیموكراسیزانى هەرێمى كوردستانیش دەكات.

الاثنين، 3 مايو 2010

دایەلۆگى عەقڵانى و كراوە لەباریدایە بازنەى پەنابردن بۆ سوكایەتی بەرتەسك بكاتەوە

عومەر عەلى غەفور
رەخنە وەك سوتەمەنییە بۆ رەوڕەوەى ژیانى مرۆڤ و كۆمەڵگە، كە واى لێ دەكات بەردەوام لە كارژفڕێدان و نوێبوونەوە و بەرەوپێشچووندا بێ و بە دیار شت و سیستم و میكانیزم و ئاستە بۆماوەكانیەوە دۆش دانەمێنێ و وەك میراتێكى پیرۆز و دوا وێستگەى مومكین كە بكرێ عەقڵى مرۆڤ پێی بگات، تەماشاى نەكات و نەبێتە پاسەوان و پێشمەرگەیان.
ناكرێ ئێمە لە هیچ بارێكدا رێ لە رەخنە بگرین، چونكە بەوە بڕیارى بە بەردبوون لەسەر خۆمان دەدەین. ئەمە تەنانەت ئاینیش، كە قووڵترین ریشەى لە ناخى مرۆڤە ئایندارەكاندا هەیە، دەگرێتەوە، ئیدى شتەكانى تر دەبێ رەخنەلێگرتنیان لە ئاسایى ئاساییتر بێ.
ئاین بۆ مرۆڤ هاتووە، پێش لە هاتنى ئاینەكان مرۆڤ هەبووە، لە غیابى ئاینەكانیشدا مرۆڤ هەر هەیە. دەكرێ دواى سەدان ساڵ لە باڵادەستیى ئیسلام یان مەسیحیەت یان هەر ئاینێكى تر لە كۆمەڵگەیەكدا، ئەو ئاینە لەو كۆمەڵگەیەدا بپوكێتەوە یان باڵادەستی لەدەست بدات، ئەوەیش زۆر رووى داوە، بەڵام مرۆڤەكان هەر دەمێنن و بەئاسایى درێژە بە ژیانى خۆیان دەدەن. رەنگە مرۆڤ بەبێ هیچ ئاینێك بژى، بەڵام ئاین بەبێ مرۆڤ ناژى و نامێنێ.
كەواتە مرۆڤ یەكەم و ئاین دووەمە، رەنگە هەر لێرەشەوە بووبێ هەندێ لە بیرمەندانى ئیسلامیش گوتویانە "صحە الابدان اولى من صحە الادیان" وات ساخلەمیى جەستەكان لە ساخلەمیى ئاینەكان لەپێشترە.
كەواتە مادام رەخنە بۆ مرۆڤ گرنگ بێ، دەبێ ئاینیش ئەمە قبوڵ بكات، ئەگینا پەراوێز دەكەوێ و ئەمڕۆ بێ یان سبەى، تۆزى بێنازى لێ دەنیشێ.
ئەمڕۆ قبووڵكردنى رەخنەگرتن لە ئاین لاى شوێنكەوتوانى هەندێ لە ئاینەكان ئاسایى بووەتەوە، بەڵام لاى كۆمەڵگەى موسڵمان هێشتا نەك رەخنە لە جەوهەرى ئاینەكە و لە بنەما فەلسەفییەكانى، بگرە رەخنەگرتن لە زۆر بیروبۆچوونی مێژووییش، كە بەرهەمى عەقڵى زانا موسڵمانەكانن و بەشێكى بونیەوى نین لە دینەكە، رەخنەلێگرتنیان بووەتە بڤە و ئەنجامدەرى بەر نەفرەت دەكەوێ.
ئایا ئاین لەمە بەرپرسە یان عەقڵى موسڵمانان؟ ئایا دەقە تەئسیسییەكانى ئیسلام (قورئان و فەرموودە) شتێكى وایان تێدایە كە بیركردنەوەى رەخنەگرانە لە ئاست ئاینەكەدا قەدەغە بكات؟
ئەز كە نزیكەى 25 ساڵە وەك ئەویندارێكى ئیسلام و پەیامەكەى كارم كردووە و لێى كۆڵیومەتەوە و سەردەمێك وەك هەر موسڵمانێكى وابەستە بە ئاین لە ناخەوە بە رەخنەلێگرتنى ئیسلام و تەنانەت هەندێ جار لە بە رەخنە لە شتە مێژووییەكانیشى نیگەران و برینداربووم، لەو باوەڕەدام ئەوەى واى كردووە عەقڵى ئیسلامیى ئێمە هێندە دژ بە هەر نەفەسێكى رەخنەگرانەبێ نەك تەنیا لە دینەكە بگرە لە زۆر لە شتە مێژووییەكانیشى، ئەو كەلتوورە دواكەوتووەیە كە لە سەردەمى پاشەكشەى عەقڵ و شارستانیەتیى ئیسلامییەوە، كە لە سەدەى پێنجەمى كۆچییەوە دەست پێ كردوە و هەر دەستبردنێكى رەخنەگرانە بۆ ئەو كەلەپوورەى بۆمان ماوەتەوە بە بڤە و مەترسی زانراوە، بۆمان ماوەتەوە، نەك خودى ئاینەكە.
واتە ئەو پاسەوانیكردنەمان پاسەوانیكردن نیە لە ویستى ئاینەكە بەقەدەر ئەوەى پاسەوانیكردنە لە ویستى كەلتوورێكى مێژوویى دواكەوتوو، هەر ئەوەیش واى كردووە نەتوانرێ بۆ ماوەى سەدان ساڵ نوێگەرییەك لە بیر و جیهانبینیى ئیسلامیدا بێتەكایە و هەموو بیركردنەوە نوێ و هاوچەرخەكان زیاتر جووینەوە و میكیاژدانەوەى بیروبۆچوونەكانى پێش خۆمان بن.

ئیسلام سیستمێكە لە بیروبۆچوونى فەلسەفى و ئەخلاقى و سلوكی، لە بەرامبەر دەیان سیستمیدیكەى جۆراوجۆر كە لە دنیادا هەن چ ئاینى ئاسمانى بن یان فەلسەفەى بەشەرى، بۆیە مافى هەر تاكێكى هۆشمەندە، جا لە بنەماڵەیەكى موسڵمان بێ یان غەیرە موسڵمان، بیر لە بنەماكانى ئەو سیستمە بكاتەوە، هەڵیانسەنگێنێ و لە بناغە مەنتیقییەكانیان رامێنێ، ئەنجا هەڵوێستى خۆى لەبارەیانەوە، بەباوەڕپێهێنان، یان نەهێنان دیارى بكات.
ئەمە سەرەتایترین مافى مرۆڤە لەبەرامبەر هەر ئاینێكى دنیادا. هەموو ئاینێكیش لە سەرەتادا بەم شێوەیە مامەڵەى كردووە. ئەوەتا لە قورئاندا دەیان رەخنە و گومانى بێباوەڕەكان لەبارەى حەقیقەتى پەیامە نوێیەكەوە تۆمار كراون:

(أَمْ ێقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ إِنِ افْتَرَیْتُهُ فَڵا تَمْلِكُونَ لِی مِنَ اللَّهِ شَیْئًا){الأحقاف/8}.


- أَمْ ێقُولُونَ افْتَرَى عَڵى اللَّهِ كَذِبًا..{الشورى/24}.

- أَمْ ێقُولُونَ شَاعِرٌ نَّتَرَبَّصُ بِهِ رَیْبَ الْمَنُونِ {الطور/30}.

- أَمْ ێقُولُونَ تَقَوَّڵهُ بَل لَّا یُؤْمِنُونَ {الطور/33}.

- أَمْ ێقُولُونَ بِهِ جِنَّەٌ بَلْ جَاءهُم بِالْحَقِّ وَأَكْثرُهُمْ لِلْحَقِّ كَاڕهُونَ){المؤمنون/70}.

-..َیقُولُ الذِینَ كَفَرُواْ إِنْ هَذَآ إِلاَّ أَسَاطِیرُ الأَوَّلِینَ) {الأنعام/25}.

ئەعرابی هەبووە راشكاوانە بەپێغەمبەرى گوتوە "لەو دابەشكردنەدا دادگەر نەبوویت". هەبووە ملیوانى كراسەكەى پێغەمبەرى بە توندى راكێشاوە تا ئەو رادەیەى لاملى سوور بووەتەوە، بەبێ ئەوەى ئەو تەكفیریان بكات.
بەڵام دواى چەند سەدەیەك واى لێ دێ لە پرۆسەى گفتوگۆكردن و قبوڵكردنى ئایندا ئیرادەى مرۆڤ سەلب دەكرێ و ئاین وەك هەر كەلەپوورێكى نەتەوەیى بە میرات بۆ وەچەكانى دواتر دەگوێزرێتەوە و خۆشی بێ و ترشی بێ موسڵمانە، دیارە ئەمە تەنیا تایبەتى ئاینى ئێمە نیە و لە هەموو ئاین و مەزهەبەكاندا هەر وایە.
ئاین بەهیچ شێوەیەك لەو سەلبكردنى ئیرادەیەى مرۆڤ بەرپرس نیە و هەر مرۆڤێك كە گەیشتە تەمەنى پێگەیشتن و هۆشى پژا، بەچاوپۆشین لەوەى باوان و كۆمەڵگەكەى هەڵگرى چ ئاینێكن، مافى ئەوەى هەیە بە بیركردنەوە و هەستى تایبەتى خۆى ئاین و رێبازەكان بپشكنێ و بڕیارى شوێنكەوتن یان نەكەوتنیان بدات، هەر بەوەیش بنەماى بەرپرسیاریەتى (تەكلیف) واتاى دەبێ، ئەگینا وەك چۆن بەپێى ئایەتى "الا من استكره وقلبه مگمئن بالایمان" كوفرێك بە زۆر مرۆڤ بیكات لەسەرى حسێب ناكرێ، ئیمانێكیش بەزۆر لەسەرى فەرز بكرێ بایەخى نابێ، بەتایبەت كە قورئان راشكاوانە دەڵێ زۆركردن لە ئایندا نییە "لا اكراه فی الدین".
لێرەوە دێمە سەر ئەسڵى مەبەست و دەڵێم بەشێك لە بەرپرسیاریەتیى ئەوەى هەندێ لە نووسەرانى عەلمانى یاخود نەیار بە ئاین ناوبەناو دەیكەن و تێیدا بەم یان بەو شێوە سوكایەتى بە پیرۆزییە ئاینییەكانى موسڵمانان دەكەن، دەكەوێتە ئەستۆى ئەو كەلتوورە دواكەوتووە ئاینییە، كە دەرگاى گفتوگۆى زانستى و بابەتییانەى لەبارەى پرسە ئاینیەكانەوە لە نەیارانى ئاینەكە قفڵ داوە، بۆیە بەو سەلبكردنە تا دێ زیاتر پەنگ دەخۆنەوە تا دواتر ئەو هەستە لە شێوەى پەرچەكردارێكى ناعەقڵانى و تووڕەدا خۆی بەرجەستە دەكات و قاڵبى سوكایەتى وەردەگرێ.
مرۆڤ كاتێ بوارى تەعبیر لەخۆكردنى ئازادانە و عەقڵانى نەبوو، لە ناخى خۆیدا پەنگ دەخواتەوە تا دەگاتە ئاستى پڕ بوون، ئەو جا لێى دەڕژێ و بەشێوەیەكى ناعەقڵانى و توندڕەوانە گوزارشتى لێ دەكات.
رێنەدان بەخۆدەربڕینى ئازادانە، تەنیا زیانەكەى ئەوە نییە كە ئەو لایەنە كپكراوە پەرچەكردارى ناعەقڵانى و توندڕەوانەى دەبێ، بەڵكو وا دەكات لایەنى كپكەریش وەك لایەنێكى لاواز لە بەرامبەر روبەڕوبونەوەى عەقڵانیى تەوژمەكان دەربكەوێ و كپكراوەكان وا هەست بكەن كە ئەوان لە ترۆپكى هێز و داهێناندان و هەر لەبەرئەوەیشە هێزە ئاینییەكە لە حزور و ئازادییان دەترسێ.
ئەمە جگە لەوەى زۆر جار دروستكردنى هەڵا لەسەر كتێبێك هێندەى زیان بەو كتێبە و نووسەرەكەى و تەوژمەكەى دەگەیەنێ، زیاتر لەوە سوودى پێ دەگەیەنێ، چونكە رەواجێكى پێ دەدا كە رەنگە لە رووى ناوەرۆكى زانستى و ئیبداعیەوە ئەو نرخەى نەبێ. سەلمان روشدى بە فتواكەى ئیمام خومەینى ناوبانگێكى پەیدا كرد كە شایستەى نەبوو، كتێبەكەى تەسلیمە نەسرین بەهۆى هەڵاى زانا ئاینیەكانى بەنگلادیشەوە نەسرینى كردە ئەفسانەیەكى سەردەم، وێنە كاریكاتێرییەكانى دانیمارك بەهۆى خۆپیشاندانەكانەوە سەدان جار لەوەى رۆژنامە دانیماركییەكە چاوەڕێى دەكرد رەواجى پەیدا كرد، كە ئەوەیان بە ملیاران دۆلار رێكلام بۆ نەدەكرا. گۆڤارى وێران بەم هەڵایەى لەسەرى دەكرێ رەواجى پەیدا كردوە و ئەوانەیش دژینى حەز دەكەن بیبینن.
ئەمە جگە لەوەى لەو هەرایانەدا ئاینداران وەك میراتگرانى دادگەى پشكنین و ئەوانەى بە سوكایەتیكردن تۆمەتبار دەكرێن وەك میراتگرانى گالیلۆ و كۆپەرنیكۆس و هاوشێوەكانیان دەخرێنە روو، لەكاتێكدا نە ئەوانەى یەكەم خۆیان بە رێگر لە ئازادیى دەربڕین و داهێنان و دژى جوانیەكان دەزانن، رەنگە نە ئەو مادانەیش كە هەڵاكەیان لەسەر دروست دەكرێ لە رووى ئەدەبى و ئیستاتیكییەوە هێندە داهێنەرانە و نەمر بن كە شایستەى ئەو ناوبانگە بن كە بۆیان دروست دەكرێ.
بەندە لە لێكۆڵینەوەیەكدا لەسەر گوتارى ئاینیى رۆژانى هەینى كە چەندین ساڵە كارم بۆ كردووە و چاوەڕێ دەكرێ بەم نزیكانە بكەوێتە بازاڕ، ئەوەم گوتوە كە مامۆستایانى ئاینى لە هەموو كەسێك زیاتر پێویستیان بە ئازادیى دەربڕین هەیە، چونكە ئیشى ئەوان قسەكردن و رادەربڕینە، لەبەرئەوە دەبێ ئەوان لە هەموو كەس زیاتر سەرسەختانە داكۆكى لە ئازادیى دەربڕین بكەن ئەگەر دژى بیروبۆچوونى خۆیشیان بێ، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەوان داواى زمانبڕینى ئەوانە لە دەسەڵات بكەن كە جیاواز لە خواستى ئەوان بیر دەكەنەوە، دوور نییە رۆژێك بێ هەر لەسەر زمانیان مقەستى دەسەڵات بە زمانى ئەوانیش بگات.
دیارە شەڕى تەوژمە ئایدیاییە جیاواز و ناكۆكەكان كۆتایى نایە، بەڵام ئەركى ئێمەیە ئەو شەڕە لە شەڕێكى كێوى و بەدەوییەوە بكەینە شەڕێكى ماڵیى و شارستانى. ئەو زمانەى لە چەند رۆژى رابردوودا لە مشتومڕى هەندێ لە وتارخوێنەكان و چەند یەكگرتوویەك لەلایەك و هەوادارانى سیكیولاریزم لەلایەكیترەوە بەكار هات، بەداخەوە زمانى گفتوگۆى تێپەڕاند بۆ زمانى شەڕ و داشۆرین، زیاتر لە شەڕێكى كێوى دەچوو تا شەڕێكى مەدەنى. زیاتر لە تەقینەوەى گڕكانێكى پەنگخواردوو دەچوو كە ئاگر و زیخ و بەرد و دووكەڵى بەرووى ئەویتردا دەكرد، نەك لە گفتوگۆیەكى هێمنانەى دوو تەوژمى فیكرى كە باوەڕیان بەفرەفیكرى و نیسبیەتى حەقیقەت هەبێ.
ئێمە بەسازكردنى زەمینەى گفتوگۆیەكى عەقڵانى و كراوە لە نێوان تەوژمە فیكریە جیاوازەكاندا، دەتوانین كوانووى هەناوە داخبوەكان سارد بكەینەوە و لەرێى رێگەدان بە رەخنەى جیدى، بازنەى پەنابردن بۆ سوكایەتیكردن تەسك بكەینەوە.
سروشتى زمانى رەخنە و زمانى سوكایەتیكردن، ئەگەرچى لێكچوونیشیان هەبێ، بەڵام زۆریش تایبەت و لێك جیاوازن.
لە رەخنەدا زمانى زانست و مەنتیق بەكار دەهێنرێ كە سەنتەرى بیركردنەوەى مرۆڤ، واتە عەقڵ، دەدوێنێ و زۆر بە كەمى دەبێتە هۆى وروژاندنى مرۆڤ و كاردانەوەى توند لە دژى وروژێنەرەكە، بەڵام زمانى سوكایەتیكردن، وەك جوێندان و گاڵتەپێكردن، زمانێكى زیاتر بازاڕییە و سەنتەرى هەست و سۆزى مرۆڤ، واتە دڵ ، دەپێكێ و دەیوروژێنێ و تەنانەت كار لە تواناى عەقڵیش بۆ بیركردنەوەى مەنتیقى لاواز دەكات و وا لە كەسى وروژاو دەكات كاردانەوەى توند و حساب بۆ نەكراوى لە بەرامبەر ئەو وروژاندنە هەبێ.